Accessibility links

توێژینەوە: گۆرانی وتنی نەهەنگی قەمبوور پەیوەندی بە تەنیاییەوە هەیە


توێژینەوەیەکی نوێ دەریدەخات ئەو دەنگە گۆرانییانەی کە نەهەنگی قەمبوور دروستی دەکەن، ڕەنگە نیشانەی هەستکردن بە تەنیایی بێت.

ئەو زانایانەی کە ڕەفتاری نەهەنگی قەمبووریان لە ئوسترالیا تۆمار کردووە، بۆیان دەرکەوتووە کە نەهەنگەکان کەمتر دەنگە گۆرانی وتنەکان دەردەکەن، کە پێی دەوترێت گریانیش، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەیان.

ڕیبێکا دانلۆپ، زانای بایۆلۆجی دەریایی لە زانکۆی کوینزلاندی شاری بریسبان دەڵێت" گۆرانی نەهەنگی قەمبوور دەنگی بەرزە و لە زەریادا بۆ دوور دەڕوات. ئەو لە مێژە لێکۆڵینەوەی لە نەهەنگی قەمبوور کردووە و یارمەتی سەرکردایەتیکردنی توێژینەوە نوێیەکەی داوە. کارەکانی لەسەر جۆری قەمبوور بووە کە لە نزیک بەربەستی گەورەی ئوسترالیا زاوزێ دەکەن.

دانلۆپ بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە، دۆزینەوەیەکی چاوەڕواننەکراوی بەدەستهێناوە، چونکە ژمارەی نەهەنگەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە دوای کۆتاییهاتنی ڕاوکردنی بازرگانی. ووتیشی، "دۆزینەوەی نەهەنگی گۆرانیبێژ لە ڕاستیدا سەختتر بووە".

دانلۆپ زیادی ووتی، "کاتێک کەمتر بوون، گۆرانی ووتنیان زۆر بوو - ئێستا کە زۆرن، پێویست ناکات ئەوەندە گۆرانی بڵێن".

زانایان بۆ یەکەمجار لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەستیان کرد بە بیستن و لێکۆڵینەوە لە گۆرانییە ئاڵۆزەکانی نەهەنگی قەمبوور. بۆ ئەو مەبەستە مایکرۆفۆنی ژێر ئاویان بەکارهێناوە. تەنها نەهەنگی نێر گۆرانی دەڵێن. زانایان پێیان وایە نەهەنگەکان گۆرانی دەڵێن بۆ ئەوەی بەدوای هاوسەردا بگەڕێن یان دەسەڵات نیشان بدەن.

نەهەنگە قەمبورەکانی ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیا لە ساڵانی شەستەکاندا نزیک بوونەوە لە نەمان، کاتێک ژمارەیان دابەزی بۆ نزیکەی 200. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ژمارەیان دەستی بە گەشەکردنەوە کرد و تا ساڵی 2015 بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 27 هەزار نەهەنگ. ئەو ژمارەیە نزیکە لە ئاستی پێشبینیکراوی پێش ڕاوکردنی نەهەنگ.

لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی نەهەنگەکان، ڕەفتاری گۆرانی وتنیان گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە. دانلۆپ وتی لەکاتێکدا لە ساڵی 2004دا 2 لە هەر 10 نێر دەنگی گریانیان دروستکردووە، دوای 10 ساڵ ژمارەکە بۆ 1 لە 10 نێر دابەزیوە. توێژینەوەی تیمەکە لە ژمارەیەکی ئەم دواییەی گۆڤاری بایۆلۆجی پەیوەندییەکانی سروشتدا بڵاوکراوەتەوە.

زانایانی واڵایی ڕووبەڕووی کارێکی گەورە دەبنەوە لە ڕوونکردنەوەی تەقینەوەی بەهێزی ئەستێرەکان

زانایانی واڵایی دەڵێن، کە ڕەنگە "تەقینەوەیەکی نموونەیی‌یان" دەستنیشانیان کردبێت، بەڵام کارێکی زۆر ماوە بۆ ئەوەی بە تەواوی ئەو تێبینییە ڕوون بکەنەوە.

تەقینەوەکە ناوی کیلۆنۆڤایە و لە ساڵی 2017دا بینراوە و لەو کاتەوە بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە.

زانایانی گەردوونناسی دەڵێن کیلۆنۆڤا کاتێک ڕوودەدات کە دوو ئەستێرەی نیوتڕۆن بەر یەکتر دەکەون. ئەو تەقینەوەیە خێرا گەشەی سەندووە کە باسیان کرد لە چاوەڕوانییەکانی توێژەران زیاتر بوو. ڕووداوەکە بووە هۆی دروستبوونی خاڵێکی ڕەش کە تەنێکە هێزی کێشکردنی ئەوەندە زۆرە تەنانەت ڕووناکی ناتوانێت لێی دەرباز بێت.

دوو ئەستێرە نیوتڕۆنییەکە بارستەی یەکگرتنیان 2.7 هێندەی خۆرە بووە. میلیاران ساڵ بە دەوری یەکتردا سوڕانەتەوە پێش ئەوەی بە خێراییەکی زۆر بەر یەکتر بکەون و بتەقنەوە.

ئەم ڕووداوە لە گەلەئەستێرەیەکدا ڕوویدا بە ناوی NGC 4993 ئەو گەلەئەستێرەیە بەلایەنی کەمەوە 140 ملیۆن ساڵی ڕووناکی لە زەویەوە دوورە بە ئاراستەی ئەستێرەی واڵایی هایدرا. ساڵی ڕووناکی ئەو مەودایەیە کە ڕووناکی لە ساڵێکدا دەبڕێت.

گەردوونناسەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە کیلۆنۆڤا، تەلەسکۆپی زۆر گەورە کە بنکەکەی لە شیلییە لە چاودێریی باشووری ئەوروپا کەڵکیان وەرگرتووە.

بوونی تەقینەوەی کیلۆنۆڤا لە ساڵی 1974 پێشنیار کرا، ئەو تیۆرییە لە ساڵی 2013 پشتڕاستکرایەوە، بەڵام گەردوونناسەکان نەیانزانی لە چی دەچێت تا لە ساڵی 2017 یەکێکیان دەستنیشانکرد و بە وردی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرد.

ئەلبێرت سنێپن لە ناوەندی کۆسمیک داون لە شاری کۆپنهاگن لە دانیمارک دەڵێت "ئەمە تەقینەوەیەکی تەواو و بێ کەموکوڕییە لە چەند ڕوویەکەوە. جوانە...لە سادەیی شێوەکەیدا، هەروەها لە گرنگی فیزیکییەکەیدا". سنێپن نووسەری سەرەکی ئەو توێژینەوەیە لە گۆڤاری Nature بڵاوکراوەتەوە.

توێژەران پێشبینیان کردبوو کە تەقینەوەکە تەخت و بازنەیی دەربکەوێت وکۆمەڵێک مادەی لێ دەربچێت.

داراچ واتسۆن، هاونووسەری توێژینەوەکە لە ناوەندی کۆسمیک داون دەڵێت"ئەگەر ڕاستگۆ بین، بەڕاستی بەم کارە دەگەڕێینەوە بۆ تەختەی وێنەکێشان".

واتسۆن گوتیشی" بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی سەختی بارودۆخە فیزیاییەکان ڕەنگە لێرەدا فیزیای بنەڕەتی هەبێت کە ئێمە هێشتا لێی تێنەگەیشتبین".

دوو ئەستێرە نیوتڕۆنییەکە ژیانی خۆیان وەک ئەستێرەی ئاسایی گەورە لە سیستەمێکی دوو ئەستێرەیی کە پێی دەوترێت سیستەمی دووانەیی دەستیان پێکردووە. هەریەکەیان دوای تەواوبوونی سووتەمەنییان تەقیونەتەوە و داڕماون و ناوەندێکی بچووک و چڕ، یان ناوکیان بەجێهێشتوە کە تەنها 20 کیلۆمەتر درێژییەکەیەتی.

پاشان ئەستێرە نیوتڕۆنییەکان هێواش هێواش لە یەکتر نزیک بوونەتەوە. دواتر بەهۆی هێزی کێشکردنی ئەویترەوە درێژ بوونەتەوە و لەیەکتر جیا بوونەتەوە. بەشەکانی ناوەوەیان بە نزیکەی لە٪25ی خێرایی ڕووناکی بەر یەکتر کەوتوون و توندترین کێڵگە موگناتیکی گەردوونیان دروستکردوە. تەقینەوەکە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ڕووناکی ملیارێک خۆری دەرداوە.

ئەم دووانە بۆ ماوەیەکی کورت یەک ئەستێرەی نیوتڕۆنی گەورەیان دروست کردوە کە دواتر داڕماوە و کونێکی ڕەشیان دروست کردوە.

بەڵام بەشەکانی دەرەوەی ئەستێرە نیوتڕۆنییەکە درێژبوونەتە بۆ ستریمەری درێژ، هەندێک ماددیش دەرباز بوە بۆ واڵایی. لە ماوەی پرۆسەکەدا چڕی و پلەکانی گەرما ئەوەندە بەهێز بوون کە توخمە قورسەکانیان دروستکردوە، لەوانە زێڕ، پلاتین، زەرنیخ، یۆرانیۆم و یۆد.

سنێپن زاراوەی ئەلەنگاری بەکارهێناوە، واتە ئەرکێک یان کێشەیەکی سەخت، بۆ قسەکردن لەسەر دۆزینەوەکان، کە تێگەیشتنیان سەختە.

سنپێن دەڵێت "ئەمە لە بنەڕەتدا سەرسوڕهێنەرە و ئەلەنگاریەکی ورووژێنەرە بۆ هەر تیۆریستێک و ھاوشێوەکردنی ژمارەیی، گەمەکە لێرەوە دەستی پێکردوە".

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:53 0:00

XS
SM
MD
LG