Accessibility links

پاش کۆبونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسان لە سلێمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەگاتەوە بەغدا


محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە کۆبونەوەی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشتریش لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەكێتی نیشمانی کوردستان کۆتایی بە گەشتە دوو ڕۆژییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان هێنا و گەڕایەوە بەغدا.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا ئاماژەی بە کۆبونەوەکەی سودانی لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی، سەرۆکی ئیدارەی هەڵەبجە و وەزیری پلاندانان دەکات و دەڵێت لە میانەی دیدارەکەدا باس لە " گرنگی کاری هاودەنگی بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشە ناوخۆییەکان لەسەر بنەمای دەستوور کراوە."

قوباد تاڵەبانیش لە هەژماری فەرمی فەیس بووکیدا دەڵێت " هاوڕابووین کە نابێت هیچ بەربەستێک لەبەردەم زامنکردن و دابینکردنی شایستەی داراییەکانی هاوڵاتیان دروست بکرێت."

پێشتریش سودانی چاوی بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشمانی کوردستان کەوت و نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە دەڵێت سودانی "ئاماژەی بە ئەولەوییەتی گەیشتن بە خواستەکانی هاووڵاتیان کرد لە وەرگرتنی خزمەتگوزاری شایستە، و فراوانکردنی دەرفەتەکان لەبەرەم گەنجان و ڕۆڵیان لە گەشەپێدان و بیناسازیدا."

دەزگای ڕاگەیاندنی فەرەمی یەکێتی نیشمانی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە " گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانكارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكانی هەرێم و عێراق كرا و جەخت لە پشتیوانیكردنی پرۆژەی نیشتمانیی عێراق كرایەوە كە خۆی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، چەسپاندنی یاسا و سەقامگیریدا دەبینێتەوە."

دەزگای ڕاگەیاندن یەکێتی دەشڵێت سەرباری سوپاسکردنی سەرۆک وەزیرانی عێڕاق لەبارەی تەواوکردنی ڕێکارەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بافڵ تاڵەبانی جەختیشی لەوە کردووەتەوە پێویستە " ئەمە سەرەتایەكی گرنگ بێت بۆ خزمەتكردنی هەڵەبجەییەكان و حكومەتی عێراقیش مافە یاسایی و دەستوورییەكان بەرامبەر هەڵەبجە جێبەجێبكات. دەبێت هەنگاوی كرداری بۆ ئاوەدانكردنەوەی پارێزگاكە بنرێت و بارتەقای قوربانیدانەكەی خزمەت بكرێت."

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ شاری سلێمانی و بەشداریکردنی لە حەوتهەمین دیداری سلێمانیدا، چووە سەر مەزاری جەلال تاڵەبانی سەرۆکی پێشووی عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشمانی کوردستان و لەوێ لە دەفتەری یادەوەرییەکاندا باسی لە گرنگی ڕۆڵی ئەو کرد لەو گۆڕانکارییانەی کە نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر بە ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لە عێراق هاتە ئاراوە.

ڕۆژی سێشەممەش سودانی لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا کۆبووەوە و لەوێش باس لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم و ڕەوشی سیاسی و ئابوری ناوچەکە کرا.

XS
SM
MD
LG