Accessibility links

پارێزگاری هەولێر: گردبوونەوەیەک کە موڵەتی نەبێت ڕێگەی پێنادرێت


ئومێد خۆشناو-پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو-پارێزگاری هەولێر

کەنەکە دەڵێت لە هەولێر رێگری لەئەنجامدانی چالاکیەکیان کراوە و پارێزگاری هەولێریش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "گەر داوای موڵەت نەکەی ناتوانیت لەناو ماڵەکەی مندا کارێک ئەنجام بدەی و هەر گردبوونەوەیەکیش موڵەتی نەبێت بێگومان رێگەپێدراویش‌ نابێت".

بڕیار وابوو ئەمڕۆ یەکشەممە کاتژمێر 11ی بەیانی لەبارەگای کەنەکە لە هەولێر، ژمارەیەک لە ئەندامانی کەنەکە و چالاکوانانی سڤیل کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەبارەی هێرشی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی ئەنجام بدەن و تێیدا سەرکۆنەی تورکیا بکەن، بەڵام رێکخەرانی چالاکیەکە دەڵێن هێزە ئەمنیەکانی هەولێر ڕێگەیان نەداوە ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە ئەنجام بدرێت.

لەبارەی هۆکاری ئەو رێگرییانەوە، ئـومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەموو گردبوونەوە و خوپێشاندانێک پێویستی بە موڵەت هەیە، خەڵکێک ئامادەبێت لەشارەکەتدا ئیعتیراف بە دامودەزگای شەرعی و یاسایی ئەم وڵاتە نەکات و داوای موڵەتیشت لێ نەکات بەڵام بیەوێت کارێک ئەنجام بدات و پێشی نەڵێن تۆ موڵەتت نییە! بۆیە هیچ کەسێک داوای موڵەتی نەکردووە و داوای موڵەتیش نەکەی ناتوانیت لەناو ماڵەکەی مندا کارێک ئەنجام بدەی."

ڕۆژی هەینی تورکیا فڕۆکەخانەی سلێمانی کردە ئامانج کە بە پێی زانیارییەکان ئامانجی هێرشەکە مەزڵوم عەبدی و بەرپرسێکی تری هەسەدە بوو، ئەم هێرشە کاردانەوەی لێ کەوتەوە.

چەتو بەڕانەتی ئەندامی بەرێوەبەرایەتی کەنەکە لەهەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی ناوەڕۆکی ئەو هەڵویستەی کەنەکە دەکات کە دەیانویست ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای بکەن، بەڵام ڕێگریان لێکراوە، " ئەمڕۆ ئیدانەی ئەو هێرشەی تورکیامان دەکرد و داوامان لە لایەنی پەیوەندیدار و پەرلەمانی کوردستان دەکرد کە بێنە دەنگ چونکە ئەمە دەستدرێژییە بۆ سەر سەروەری کوردستان و عێراق. لە هەمانکاتیشدا داوا لەحکومەت و پەرلەمانی عێراق دەکەین کە هەڵویستیان بەرامبەر بە دەستدرێژیەکانی تورکیا هەبێت، چونکە لە شوێنێکی مەدەنی ناو فرۆکەخانە دراوە و لێدان لەشوێنی مەدەنیش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جەنگ".

لەبارەی ئەو دەنگۆیانە کە باس لە دەستگیرکردنی ئەندامانی کەنەکە دەکرێن، ئەو ئەندامەکەی کەنەکە لە هەولێر گوتی، تا ئێستا "نە کەس دەستگیرکراوە و نە کەسیش دەستبەسەرکراوە".

رێکخەرانی چالاکیەکە ئاماژە بۆ ئەوە‌ دەکەن کە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام دەدرا نەک خوپێشاندان بۆیە بەپێی یاسا کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێویستی بە موڵەت نییە. بەڵام پارێزگاری هەولێر دەڵێت "گردبوونەوەیەک کە پێویستی بەوە هەبێت چەند کەسێک کۆببنەوە ئەمە یاسا رێکیخستووە کە ناتوانن، ئەوان یاسای ئێمەیان دانەڕشتووە تا فێری ئەو یاسایەمان بکەن ئێمە یاسای خۆمان داڕشتووە."

بەگوتەی پارێزگار" ئەو جۆرە کارە ئستیفزازیانە کە خەڵکێک باوەری بە یاسا و دامودەزگا شەرعیەکانی تۆ نەبێت و باوەڕی بەسیستەمی حوکمڕانی تۆ نەبێت بەڵام بیەوێت لەسەر خاکەکەتدا کارێک ئەنجام بدات بەدڵنیاییەوە هەڵسوکەوتی یاسایی لەگەڵدا دەگیرێتەبەر."

بەڵام چەتو بەڕانەتی دەڵێت " بەپێی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان موڵەت تەنها بۆ خۆپێشاندان وەردەگیرێت، تەنانەت بۆ گردبوونەوەش موڵەت نییە نەک بۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی و ئەوەی ئێمەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییە و پێویستی بە موڵەت نییە."

پارێزگاری هەولێر و ئەو ئەندامەی کەنەکە لەسەر ئەوە هاوڕابوون کە بۆ ئەو چالاکییەی ئەمڕۆ موڵەت وەرنەگیراوە.

بەگوتەی ئەو ئەندامەی کەنەکە، ئەو کارە پێویستی بە ئاگادارکردنەوەی ئاسایشیش نییە بۆیە ئاسایشیان لەو چالاکییە ئاگادار نەکردبووەوە گوتیشی "هێزێکی ئەمنیش بەجلوبەرگی مەدەنی و سەربازییەوە چواردەوری ئۆفیسی کەنەکەی گرتبوو و بە رێکخەری ئەو چالاکیەیان گوتبوو کە فەرمانیان هەیە ئەو چالاکیە ئەنجام نادرێت."

چەتۆ بەڕانەتی دەڵێت " پێیان گوتین ناکرێت بۆ کۆبوونەوە و سەرەدانیش ئەمڕۆ بچنە ئۆفیسەکەتان، بۆیەڕێگەیان نەدا ئەندامانی کەنەکە و رۆژنامەنووسانیش بچنە ئۆفیسی کەنەکە."

لەکۆتاییدا پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە ساڵی رابردوو ساڵی گردبوونەوە و خۆپێشاندانەکان بووە خەڵکێکی زۆر داوای موڵەتی کردووە و نزیکەی 200 داواکاری موڵەت هەبووە، و بەشی زۆریشی قەبوڵکراوە و موڵەتیان پێدراوە و کارەکانیشیان ئەنجامداوە، بەڵام هەر گردبوونەوەیەک موڵەتی نەبێت بێگومان رێگەپێدراویش‌ نابێت.

XS
SM
MD
LG