عێراق یاداشتێکی داوە بە دادگایەکی فێدراڵی ئەمەریکا بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دژی تورکیا دراوە لەسەر دۆسێی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە ڕێی بۆرییەوە بۆ بەندەرێکی تورکیا؛ بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی خراونەتە بەردەم دادگاکە.
لە بڕیارەکەی مانگی ڕابردووی ژووری بازرگانی نێونەتەوەیی، عێراق قەرەبوو دەکرێتەوە لەو دۆسێیەدا کە بەغدا، ئانکەرە گوناهباردەکات بەوەی ڕێگەیداوە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت هەناردە بکات بەبێ ڕەزامەندی بەغدا.
ئەو یاداشتە یاساییەی عێراق لە دادگایەکی واشنتۆن دی سیدا تۆمار کراوە و تیایدا داواکراوە " دانبنرێت بە بڕیارەکەی پێشتر و هەروەها پشتڕاست بکرێتەوە و بێ لەوانەش ئەو دوا بڕیارە جێبەجێبکرێت."
بڕیارەکەی پێشتر، تورکیای ناچارکرد هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕابگرێت، واتە لەو بۆرییە نەوتیانەی نەوتەکەیان دەگەیاندە بەندەری جەیهان لە تورکیا.
بەغدا ئەو هەناردەیەی نەوت بە نایاسایی ناودێر دەکات.
حکومەتی فێدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەفتەی ڕابردوودا ڕێککەوتنێکیان مۆرکرد و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە دەرفەت دەڕەخسێت جارێکی تر نەوتی هەرێم هەناردە بکرێتەوە، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هێشتا نەوت هەناردە نەکراوەتەوە.
عێراق لە کۆتاییەکانی مانگی سێدا ڕایگەیاند، بەپێی بڕیارەکەی ژووری بازرگانی نێونەتەوەیی، دەبێت تورکیا بە بڕی یەک ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلار قەرەبووی عێراق بکاتەوە.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز