Accessibility links

پرۆژە یاسای بودجە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی تێکدەداتەوە


ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕەتیدەکاتەوە ئەو مادەیەی نێو پرۆژە یاسای بودجە کە حزبەکەی پشتگیری کردووە و پارتی دژی بووە، زیان بە قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت و دەڵێت "مەترسی سەر قەوارەی سیاسی هەرێم خراپ بەڕێوەبردنە."

رابیحە حەمەد، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی بەغدای یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەوەی مەترسییە لە سەر قەوارەی هەرێم خراپ بەڕێوەبردن و نادادی و هێنانی سەربازی بێگانەیە بۆ سەر خاکەکەمان، مەترسی جدی سەر هەرێم دەستگیرکرنی چالاکوانان و رۆژنامەنوسانە، نەک ئەو مادەیەی نێو پرۆژە یاسای بودجە کە یەکێتی پشتگیری کردووە."

دوێنێ شەمە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ، بڕگەی (9)ی مادەی (14) ی پرۆژە یاسای بودجەی پەسەندکرد کە تایبەت بوو بە پشکی هەرێم، ئەمەش بووە هۆی توڕەبوونی فراکسیۆنی پارتی و جێهێشتنی دانیشتنەکە، لەکاتێکدا پەرلەمانتارانی یەکێتی پەسەندکردنی ئەم بڕگەیەیان بەدەستکەوتێکی گەورە بۆ پارێزگای سلێمانی لێکدایەوە.

بڕگەی (9)ی مادەی (14)ی بودجەی عێراق، ماف دەداتە هەر پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ داوای شایستە داراییەکانی لە حکومەتی عێراق بکات، گەر هەستی بە "نادادی"کرد و گلەیی و گازەندەی لە حکومەتی هەرێم هەبوو.

رابیحە حەمەد، دەڵێت"گەر حکومەتی هەرێم دادپەروەرانە رەفتار بکات، ئەم مادەیەی بودجە پوچەڵ دەبێتەوە، هەرچی شیکەرەوەی جیهانە بیهێنە مەترسییەکی ئەم مادەیە لەسەر قەوارەی هەرێم نادۆزێتەوە."

پارتی پشتگیری کردنی یەکێتی لە برگەی (9)ی یاسای ژمارە (14) بە "خیانەتی نیشتمانی" وەسفدەکات و پێییوایە هەوڵێکە بۆ لاوازکردنی قەوارەی سیاسی هەرێم، لە کاتێکدا یەکێتی جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە لە ڕابردوودا حکومەتی هەرێم ستەمی لە پارێزگای سلێمانی کردووە، چەسپاندنی ئەم بڕگەیەش وەکو گەرەنتی پاراستنی شایستە داراییەکانی پارێزگاکە وەسفدەکات.

دوای پەسەند کردنی بڕگەی (9)ی یاسای ژمارە (14) مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ڕاگەیەنراوێکدا، دەستخۆشی لە فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەیان لە عێراق کرد و رایگەیاند"سلێمانی رزگاری بوو، چیتر سزا نادرێت."

بەڵام مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بێ ئەوەی ناوی یەکێتی بهێنێت، هێرشی ناڕاستەوخۆی کردە سەر ئەو حزبە و لە تویتێکدا ڕایگەیاند "هەڵوێستی جوامێرانەی نیشتمانپەروەران لەلایەک و ناپاکی نیشتمانفرۆشان لەلاکەی تر، لە مێژوودا تۆمار دەکرێت.هەموو لایەک دڵنیابن هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەبێت و سازش لەسەر مافە دەستورییەکان ناکەین."

ئەکبەر حەیدەر بەرپرسی لقی (15) ی پارتی و سەرکردەی ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای وت "پارێزگای سلێمانی بەشێکە لە هەرێمی کوردستان و هەرێم شەرعیەتی یاسایی و دەستوری خۆی هەیە، دەبێت عێراق وەکو هەرێم مامەڵەمان لەگەڵ بکات نەک وەکو پارێزگا."

بەپێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا، پارتی دەیەوێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕگەیەی نێو پرۆژە یاسای بودجە کە ماف دەداتە هەر پارێزگایەک داوای شایستە داراییەکانی لە عێراق بکات گەر گلەیی لە حکومەتی هەرێم هەبوو، پەنا بباتە بەر دادگای فیدراڵی و سکاڵا تۆمار بکات.

ئەکبەر حەیدەر دەڵێت "چەسپاندنی ئەو بڕگەیە لە دەسەڵاتەکانی هەرێم کەمدەکاتەوە، ئەوان دەیانەوێت لەم دەرگایەوە سبەی کێشەی تر دروست بکەن."

بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی لەماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا بەبەردەوامی و بەجیا لەسەر هێڵ بوون لەگەڵ بەغدا، یەکێتی هەوڵی چەسپاندنی بڕگەی (9) و پارتیش هەوڵی ڕەتکردنەوەی داوە.

دکتۆر مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری کورد، لەبارەی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەوەی لە بەغدا ڕوویدا، گواستنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بوو لە هەرێم، کارێکی زۆر خراپبوو، لەداهاتووشدا زیانیان پێدەگەیەنێت."

ئەو وتیشی "بەگوتاری شیعەکانەوە دیاربوو، ناکۆکی نێو کوردییان پێخۆشبوو، هەموو کێشەکانیان خستبووە ئەستۆی کورد و گاڵتەیان بە لایەنە کوردییەکان دەکرد."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:46 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG