ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدەن لەوەی هەرێمی کوردستان لە خراپترین دۆخی ئازادی کاری ڕۆژنامەوانیدایە. کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان (CPJ) و ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێسنوور نیگەرانی " قوڵیان" لەمەڕ سزای چوار ساڵی تری زیندای کردنی شێروان شێروانی دەربڕیوە.
شەریف مەنسوڕ، ڕێکخەری بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکای کۆمیتەکە بە دەنگی ئەمەریکای گوت " ئێمە ساڵانێکە زۆرە نیگەرانین لە تێکچوونی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە سەردەمی ئەم حکومەتەدا، بەڵام لە ڕابردوودا دەمانگوت بەڵێ لەوانەیە باشتربن لە چاو شوێنەکانی تری عێراقەوە، ڕەنگە باشتربن لە شوێنەکانی تری ناوچەی لێڤانت (وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست). بەڵام لە ئێستادا تاکە شوێن، لە ناوچەی لێڤانت بێجگە لە سوریا کە ڕۆژنامەوانی لە زینداندا هێشتووەتەوە عێراقە و کوردستانی عێراقە نەک بەغدا."
دوای ئەوەی 20ی مانگی حەوتی 2023، شێروان شێروانی جارێکی تر لەلایەن دادگای هەولێرەوە بە چوار ساڵ زیندانیکردن سزادرایەوە، پارێزەرانی ئەو ڕۆژنامەنووسە داوای پیاداچوونەوە بە بڕیارەکەیان کردووە و ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان چاوەڕوانی ئەنجامەکەی دەکەن.
شێروان شێروانی کە نزیکەی چوار ساڵە لە زینداندایە و چەند مانگێکی تر حوکمی سزاکەی پێشووی تەواو دەبێت، بەڵام دۆسێێەکی تری بۆ کرایەوە و بە تاوانی ساختەکردنی پەنجەمۆری هاوڕێ گیراوەکانی لە ناو زینداندا چوار ساڵی تر سزا درایەوە، ئەمەش لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم و دەرەوەش کاردانەوەی لێ کەوتەوە.
نووسینگەی رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرۆسەى بەڕێوەچوونى دادگاییکردنەکە لە دادگاى تاوانى سێى هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت " بەڵگەی تاوان سەلماندوویەتی کە داواکاری پەشیمان بوونەوە بە دەست و خەتی (شێروان شێروانی) نووسراوە و پەنجەمۆری لەسەر ناوی (گوهدار محەمەد ئەمین) کردووە واتە نووسراوی ئاسایی (محرر عادی) تەزویر کردووە و بەکاریشی هێناوە، کەواتە تاوانی ئەنجامداوە و لە قۆناغی دادگایی کردنیش سەلمێندراوە، واتە (دليل و قرينە) هەیە و بەپێی یاسای بنەمای سزایی ئیدانە دەکرێت.
پرۆسەی دادگاییکردنەکە لە ڕێکەوتی (٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٣، بەڕێوەچوو و بڕیاردرا بە سزادانی (شێروان شێروان) بۆ ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ بەپێی ماددەی(٢٩٥) لە یاسای سزادانی عێراقی، بە تۆمەتی (تزویر المحررات العادیە)، هەروەها بۆ ماوەی یەک ساڵ و شەش مانگ بەپێی ماددەی(٢٩٨) لە یاسای سزادانی عێراقی بە تۆمەتی (استعمال محرر مزور) سزادرا."
هەروەها دەشڵێت بڕیارەکە " قابیلی پێداچوونەوەیە."
کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJیش چاوەڕوانی دادگای پێداچوونەوە دەکات و مەنسوڕ دەڵێت "ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین ببینین کاتێک پێداچوونەوەکە بکرێت ئەو تۆمەتانە لە دادگا ڕەتبکرێنەوە. دەمەوێت دڵنیاش بم لەوەی ئەم پێداچوونەوەیە پێش 7ی مانگی نۆ ڕووبدات کە کاتی ئازادکردنی شێروانییە لە سەر تۆمەتەکانی پێشتر."
شێروانی لە ساڵی 2021 بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ وڵاتان سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، لەم بارەیەوە مەنسوور دەڵێت " ئەم تۆمەتانەی دژە دەوڵەت لە ماوەی ڕابردوودا ساڵانێکە لە کوردستانی عێراقدا لەلایەن دادگاکانەوە ڕەتکراونەتەوە بەهۆی پاراستن بەپێی "یاسای ڕۆژنامەوانی" کە ڕێگە نادات ئەم تۆمەتانە دروستبکرێن. سزادانیان لە ڕابردوودا جێگەی نیگەرانی قوڵ بوو، و ئەو ڕاستییەشی کە ئەوان تۆمەتی زیاتریان بۆ دروست دەکرێت تا لە دەستبەسەریدا بمێننەوە کاتێک وەختی ئازادکردنیان نزیک دەبێتەوە، زەنگێکی هۆشدارییە بۆ ئێمە."
ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێسنووریش (RSF) هەفتەی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆسێی شێروان شێروانی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت " کوردستانی عێراق تا ئەم دواییانەش تا ئەندازەیەک پارێزراو بوو بۆ کارمەندانی میدیا، بەڵام RSF لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە دەستگیرکردنی نزیکەی 20 ڕۆژنامەوانی تۆمارکردووە. ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئاماژەن بۆ پەرەسەندنی پێشێلکارییەکان."
جۆنەتەر داگەر، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە RSF دەڵێت " بەکارهێنانی ئەو نامەیەی کە پەیوەندی بە ئازادکردنی بە مەرجی شێروان شێروانی، وەک بنەمایەک بۆ سزادانی چوار ساڵی دیکەی زیندانی، ڕێگەیەکی تۆڵەسەندنەوەی دڵڕەقانەیە بوو بۆ سزادانی ڕۆژنامەنووسێک کە ڕەتیدەکاتەوە بێدەنگ بێت، تەنانەت لە زیندانیشەوە. لە هەمان کاتدا دەستگیرکردنی هاوکارەکەی ئومێد بەرۆشکی، و هەموو دەستگیرکردنە هەڕەمەکییەکانی ڕۆژنامەنووسانی دیکە و ئەو هەلومەرجەی کە تێیدا ئەنجام دراون، ئازادی ڕۆژنامەگەری بنکۆڵ دەکات و هەڕەشەیە بۆ ئەوانەی لە دەرەوەن و هێشتا بە ئازادانە ڕای خۆیان دەردەبڕن. پێویستە ئەم جۆرە کردەوە تۆقاندنانە بوەستن و شێروان شێروانی و سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی دیکەی دەستبەسەرکراو ئازاد بکرێن."
ئومێد بەرۆشکی، کە ئەویش یەکێک بوو لە زیندانیانی بادینان و دوای ساڵێک و شەش مانگ لە زیندانکردنی لە ڕێکەوتی 22/2/2022 ئازاد کرا، بەڵام بەهۆی وتاردانێکییەوە لە بەردەم دادگای هەولێردا لەسەر سزادانەوەی شێروان شێروانی بۆ ماوەی چوار ساڵی تر، شەوی 21ی حەوتی ئەم ساڵ، شەو لە ماڵەکەی خۆیدا لە دهۆک لە لایەن هێزێکەوە دەستگیرکرایەوە و ڕۆژێک وەک دەگوترێت بە فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئازاد کرا.
پێشتر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتووێژێکدا لەگەل بەشی کوردی دەگی ئەمەریکا گوتبووی "لە کابینەی نۆیەمدا ژمارەیەکی زۆر یاسا دەرکراوە لە بەرژەوەندی ڕۆژنامەنووسان، یاسای ڕۆژنامەگەریش باشترین یاسایە."
وتبووشی"ڕاهێنانمان بە دەزگاکانی داوەری دەستپێکردووە و زیاتر لە 120 دادوەر لە هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ڕاهێنانیان پێکراوە."
لەگەڵ ئەوەشدا کە چەندان جار دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، جەختی لەوە کرووەتەوە کە دۆسێی گیراوەکانی بادینان هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە ئازادییەکانەوە لە هەرێمی کوردستان، دۆسێکانیان پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەیە، بەڵام لە ئێستادا ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و چالاکوانانی ناوخۆش چاویان لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەیە.