Accessibility links

سەرەڕای ناکۆکیەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، 2 فیرقە لە هێزی یەکخراوی پارتی و یەکێتی پێکهێندران


سەرباری ناکۆکییەکانی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە، دوو فیرقەی سەربازی لە هێزە یەکخراوەکانی ئەو دوو حزبە پێکهێنران و خرانە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، وە ئامادەکاری بۆ دروستکردنی دوو فیرقەی تریش دەکرێت.

لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "فیرقەی یەک و دووی وەزارەتی پێشمەرگە پێکهێنرا و لیواکانی 26 و 28 و 30 خرانە سەر وەزارەت. لە قۆناغی دووەمدا، فیرقەی 3 و 4 ی پیادە دروست دەکرێن، ئیشیان لەسەرکراوە و لە نزیکترین کاتدا ڕادەگەیەنرێن."

ڕۆژی پێنجشەممە، 3 لیوای سەر بە هێزەکانی 70ی یەکێتی خرانە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و بڕیارە بکرێنە بەشێک لە پێکهاتەی فیرقەی یەک و دوو. هەر فیرقەیەک لە چوار لیوا پێکدێت و پێکهاتەی لیواکانیش بەجۆرێکە، تێیاندایە لیوای هاوبەشی یەکێتی و پارتین و تێشیاندایە پێکهاتەی لیواکە سەر بە لایەکیانە بەڵام خراونەتە سەر وەزارەت.

مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەکانی 70ی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە چوارچێوەی ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ماوەی سێ مانگە نوسراوی ئەم سێ لیوایەمان ناردووە، بەڵام فەرمانەکەیان دواکەوت، تا دواجار ڕۆژی پێنجشەممە بڕیاردرا و سێ لیواکە خرایە سەر وەزارەتی پێشمەرگە."

هێزەکانی 70 و 80 ی سەر بە یەکێتی و پارتی ئامادەکاری دەکەن بۆ ڕێکخستنی لیوای تر و بۆ ئەوەی بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەو پێیەی فیرقەی 3 و 4 یش کە بڕیارە پێکبهێنرێن لە لیواکانی 70 و 80 پێکدەهێنرێن.

فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگە کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "فیرقەی 1 و 2 کە پێکهێنراوە، بەم نزیکانە مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرێت و لەسەر شێوازی نوێی ئیشکردن ڕادەهێنرێن."

هەروەها وتیشی، "هاوپەیمانان بە تایبەت ئەمەریکا لەسەر هێڵن و هیچ بوارێک نەماوە جگە لە ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە و پێکهێنانی فیرقەی 3 و 4 یش."

سەرباری یەکخستنەوەی بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگەی سەر بە هێزەکانی 70 و 80 ی یەکێتی و پارتی ماون تا لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەکبخرێنەوە.

لیوا عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، وتی، "ئێستا 25 لیوا یەکخراونەتەوە و 3 لیوای تریش کاروباری یەکخستنەوەیان تەواو بووە، بەم نزیکانە فەرمانیان بۆ دەردەچێت و دەگوازرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەی لیوا یەکخراوەکان دەبێتە 28 لیوا."

هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەندامانی تیمی یەکێتی لە نێو وەزارەتی پێشمەرگە، تیمی پارتیان بە هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی وەزارەتەکە و پچڕاندنی پەیوەندی نێوانیان تۆمەتبارکرد.

لەوبارەیەوە، مستەفا چاوڕەش دەڵێت، "هیوادارم ئەو گرفتانەی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە بوونیان هەیە چارەسەر بکرێن، چونکە ئێمە پێکەوە جوانین."

بەردەوامی هەوڵەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان تیمی یەکێتی و پارتی لەو وەزارەتە لەکاتێکدایە، شۆڕش ئیسماعیل ی وەزیری پێشمەرگە لە پشکی یەکێتی بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ حیزبەکەی ماوەی چەند مانگێکە دەوام ناکات و دەست لەکارکێشانەوەشی قەبوڵ نەکراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:16 0:00

XS
SM
MD
LG