Accessibility links

سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ هەرێم و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمدا


لە چوارچێوەی یەکەم سەردانی فەرمی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق، ڕۆژی پێنجشەممە هاکان فیدان گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی هەێم کۆبووەوە.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم، سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی حکومەتی هەرێم و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پێشوازییان لێکرد.

سەرەتا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیدا کۆبووە و پاش کۆبونەوەکە سەرۆکایەتی هەرێم بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوەو تیایدا دەڵێت سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە کۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند هەرێمی کوردستان "ئاماده‌يه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا بره‌و به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ ‏ئه‌نقه‌ره‌ بدات، هه‌روه‌ها سوپاسى توركياى كرد بۆ پشتگيرى له‌ هه‌رێمى كوردستان ‏له‌ هه‌موو بواره‌كان و به‌تايبه‌تى له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا و ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ هه‌رێمی ‏كوردستان هه‌رگيز پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى توركيا له‌بير ناكات.‏ "

هەروەها دەشڵێت لە کۆبونەوەکەی نێوان نێچیڤان بارزانی و هاکان فیداندا " به‌ بايه‌خه‌وه‌ باس له‌ پرسى هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى ‏نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌يهانى توركييه‌وه‌ كرا و ‏له‌مباره‌يه‌وه‌ بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌، هه‌روه‌ها دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ‏جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، خرانه‌ به‌ر باس.‏"

عێراق لە ساڵی 2014 لەسەر ڕۆڵی تورکیا لە ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، داوای ناوبژیوانی لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان کرد.

تورکیا لە 25ی مانگی سێ و دوای ئەوەی بە بڕیاری ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی (ICC) لەسەر ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی بێ مۆڵەت لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018، بە بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بۆ بەغدا سزا درا و لەو کاتەوە تورکیا ڕۆیشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی ڕاگرتوە.

پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاکان فیدان لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوە و پاش کۆبونەوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجام دا.

لە میانەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاند لە سەر چەندین تەوەری گرنگ گفتوگۆیان کردووە لەوانەدا چۆنیەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان " بەگوێرەی ئەو مافە دەستوورییانەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، بتوانین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەجۆرێک چارەسەری بکەین، کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی باس لە بابەتی ئاسایشیش کراوە " دڵنیاتان دەکەینەوە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور مافی خۆی جێبەجێ دەکات، کە نابێت ببێتە شوێنێک بۆ ناسەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ و هیوادارین پەیوەندی نێوانمان بەردەوام بن، بۆ ئەوەی بتوانین رووبەرووی هەموو جۆرە تیرۆرێک و ناخۆشییەک بین کە لە ناوچەکەدا هەیە."

وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی " تورکیا پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراق بەشێوەیەکی زۆر داینەمیکی بەرەو پێش دەڕوات، تورکیا لەگەڵ بەغدا و هەولێر بەهەمو شێوەیەک بەگرنگییەوە سەیری پەیوەندیەکان دەکات، لە سەردانەکەمدا بۆ بەغدا زۆر پرسی جۆراوجۆرمان باسکرد وەکو تیرۆر و دۆسیەی ئاو".

هاکان فیدان گوتیشی "هەولێر لەوکاتانەی کە عێراق بە کێشەدا تێپەڕیوە هەموکات شارێک بوە ئارام و سەقامگیر بوە و بەردەوام بوە لەسەر ئەو سەقامگیری و ئاسایشەی کە هەیبوە و ئێمە ئامادەی هەمو هاوکاریەکین بۆ ئەوەی ئەم دۆخە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لەبەر ئەو هەماهەنگییەی هەولر لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر پیشانیدا سوپاسیان دەکەین و بابەتی زۆر هەیە بۆ ئەوەی لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر هەنگاویان بۆ بنێنین".



هاکان فیدان ڕایشیگەیاند لە کۆبونەوەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانێشدا زۆرجەختیان کردووەتە لەسەر روبەڕوبونەوەی پەکەکە و دەڵێت " بەردەوامیش دەبین."

XS
SM
MD
LG