کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی داد و گەشەپێدان پەیوەندییەکی دوور و درێژ لە نێوانیاندا هەیە، بۆیە ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نێوان حزبە کوردییەکاندا تەنها سەردانی ئەمیندار و مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەمە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەردانی شاری هەولێری کرد و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان، سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کرد و پێکەوە کۆبوونەوەیەکی یەک کاتژمێرییان ئەنجامدا.
سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی و بەشداربووی کۆبوونەوەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەگەڵ پارتی دادو گەشەپێدان پەیوەندییەکی دوورو درێژمان هەیە، ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، سەردەمی حزبی ڕەفا و نەجمەدین ئەربەکان."
یەکگرتووی ئیسلامی لە ساڵی 1994 دامەزراوەمو سەڵاحەدین بەهائەدین ئەمیندارییەتی. پارتی دادو گەشەپێدانیش کە لە ساڵی 2001 لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆکی ئێستای تورکیاوە دامەزرێنراوە، بەهەمانشێوە پارتێکی ئیسلامییە و ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە لە تورکیا حزبی حوکمڕانە.
سەڵاحەدین بابەکر، دەڵێت، "هەوڵمانداوە سود لە باشی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتی دادوگەشەپێدان وەربگرین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە تورکیا. لە کۆبوونەوەی نێوانمان هەمیشە داوای چارەسەرکردنی کێشەکانمان بە ڕێگەی گفتووگۆ و دبلۆماسی کردووە."
دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی و وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەڵاحەدین بابەکر، دەڵێت، "باسی کێشە کەڵەکە بووەکانی نێوان تورکیا و عێراق لەلایەک، هەروەها کێشەکانی نێوان هەرێم و تورکیا لەلاکەی تر کرا. کێشەکان دیارن. داوامانکرد کێشەکان بە جۆرێک چارەسەر بکرێن، هاوڵاتییان زەرەرمەند نەبن."
ئەو وتیشی، "داواشمانکرد پەلە بکرێت لە چارەسەر کردنی کێشەکان. وەزیری دەرەوەی تورکیا هاوڕابوو. بەڵێ، باشترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ڕێگەی دبلۆماسی و سیاسییە."
جگە لە هێرشی بەردەوامی فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، لە مانگی 4 ی ئەمساڵیشەوە تورکیا دەرگای گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا داخستووە.
سەبارەت بەوەی تاچەند پرسی بۆردومانکردن و داخستنی فرۆکەخانەی سلێمانییان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسکرد، سەڵاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی، ڕایگەیاند، "وتمان کۆمەڵێک کێشە هەن و حەزەکەین چارەسەر بکرێن، تا هاوڵاتییان نەبنە قوربانی و زەرەرمەندنەبن. ئەمینداری گشتی یەکگرتوو وتی، 'پێویستە ئەو کێشانە بە ڕێگەی سیاسی و دبلۆماسی چارەسەر بکرێن و ژیان و گوزەرانی خەڵک لە بەرچاو بگیرێت.'"
سەڵاحەدین بابەکر ڕایگەیاند وەزیری دەرەوەی تورکیاش سوربوو لەسەر ئەوەی کێشەکان "دەبێت بە گفتووگۆ چارەسەر بکرێن."