Accessibility links

وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ VOA: کۆبوونەوەی نێوان قوباد تاڵەبانی و هاکان فیدان ئیجابی بوو


قوباد تاڵەبانی و هاکان فیدان- هەولێر 24ی هەشتی 2023
قوباد تاڵەبانی و هاکان فیدان- هەولێر 24ی هەشتی 2023

وتەبێژی فەرمی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتووگۆیان لەسەر خراپی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کردووە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەی گفتووگۆ.

ئەمڕۆ پێنجشەمە، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەشاری هەولێر کۆبوونەوە.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی فەرمی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "قوباد تاڵەبانی لە گفتووگۆکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسیلەوەکرد بارودۆخی سیاسی و ئابووری نێوان هەرێم و بەغدا لە ئاستێکی باشدا نییە، کێشەو گرفت هەیە لەسەر پرسی بودجە و تا ئێستا کێشەکان چارەسەر نەکراون. یەکێک لە هۆکارەکانیش یەکدەنگ نەبوونی کوردە لە بەغدا."

هەروەها وتیشی، "باسیشلەوەکرا ڕاستە یاسای بودجە پەسەند کراوە، بەڵام لەلایەن هەرێم و بەغداوە لێکدانەوەی جیای بۆ کراوە، بۆیە کێشەکان چارەسەر نەکراون."

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی نێوانیاندا پرسی داخستنی فرۆکەخانەی سلێمانیش تاوتوێکراوە.

لەو بارەیەوە، سەمیر هەورامی وتی، "لەبارەی داخستنی فرۆکەخانەی سلێمانی و کۆی کێشەکان گفتووگۆ کرا. ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئیجابی بوو، هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کێشەکان بە گفتووگۆ چارەسەر بکرێن."

سەمیر هەورامی، وتیشی، "چۆنیەتی ڕووبەڕوو بوونەوەی مادەی هۆشبەریش لە کۆبوونەوەی نێوان جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتووگۆی لەبارەوە کرا."

XS
SM
MD
LG