لە چوارچێوەی داواکارییەکانی تورکیا لە عێراق بە تیرۆرناساندنی پەکەشی لێکەوتەوە، ئەم داخوازیەی تورکیا لە نێو ئەجێندا سیاسیەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیادا بوو. داخۆ ئەم داخوازییەی ئەم جارە لە لایەن کاربەدەستانی عێراقەوە بە وەڵام دانەوەی دیبلۆماسی کۆتایی دێت، یاخود عێراق دەخاتە بەردەم دەورانی شەڕێکی دی.
ڕۆژی سێشەممە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراقدا فوئاد حوسێن، داوای لە عێراق کرد پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناوزەد بکات. راشی گەیاندووە " ڕێگە مەدەن دوژمنی هاوبەشمان، ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان تێکبدات".
ئەم داواکاریە مشتومڕئامێزە رەنگە وەک رابردوو نەبێت کە بەردەوام ئەو ئاگاییە لە لایەن تورکیاوە دراوە بە عێراق، رەنگە هەنووکە بەلای تورکیاوە ساتی دروستکردنی ئەو فشارە بێت.
زۆرێک پێیان وایە چەکی ئاویش کاریگەری خۆی هەیە، بە تایبەتی لە زۆربەی سەردانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بەرپرسە عێراقیەکان داوای زیادکردنی رێژەی ئەو ئاوە دەکەن کە بەپێی رێککەوتنی نێودەوڵەتی مافی عێراقە بەشی خۆی لەو سەرچاوە ئاویانە وەربگرێت کە لە تورکیاوە هەڵدەقوڵێ و بە عێراقدا گوزەر دەکات.
سولەیمان ئوزێرن، مامۆستای زانکۆی ئەمەریکی شارەزای بواری تورکیا لە واشنتن پێی وایە دۆخەکە لەوە ئاڵۆزترە کە بە لێدوانی دیپلۆماسی کۆتاییپێبێت، "حکومەتی عێراقی لە هەمبەر تورکیادا کارتی فشاری زۆر کەمتری پێیە کە بتوانێت کێبڕکێی تورکیای پێ بکات. لە بەرامبەردا تورکیا دەتوانێت گەمەی سیاسی خۆی بکات، زۆر شت هەن کە بتوانێت لە دژی عێراق بەکاریان بهێنێت، بە تایبەتی مەلەفی ئاو کە بەلای عێراقەوە، مەلەفێکی کاریگەرە".
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بە پێی نەتەوە یەکگرتووەکان کاریگەرییەکی زۆری گۆڕانی کەوشو هەوای لەسەرە.
هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات سەرچاوەکانیان لە ناو تورکیاوەیە و بە سوریا و عێراقدا تێدەپەڕن و تەنها سەرچاوەی ئاوی عێراقن، بەڵام ئێستا بەهۆی دروستکردنی بەنداو لە ناو تورکیا ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکان بە شێوەیەکی بەرچاوە کەمیان کردووە و ئەمەش مەترسی ناسەقامگیری ئاو لە عێراقدا دروست دەکات.
ئەگەر بڕوانیتە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەغدا، سەردانی زۆربەی سیاسیە دەسترۆیشتووەکانی ئەو وڵاتەی کردووە، بە پێی لێدوانە رۆژنامەوانیەکانیشیان ، هەموو باس لەو داوایە دەکەن کە سیاسیە عێراقیەکان دەستیان پێوە گرتووە، دۆسێی ئاو و بە تەنگەوە چوونی دانیشتوانی عێراق لە خواروو ناوەندی وڵاتەکە کە کەمبوونەوەی ئاو تەنگی پێ هەڵچنیون. لە بەرامبەردا پرسی پەکەکەش وەک دوژمنێکی هاوبەش و تێکدەری پەیوەندیەکانی هەردوو وڵات، وەزیری دەرەوەی تورکیا ناوزەدی کردووە.
لەو بارەیەوە نوسەرو رۆژنامەوان ئیبراهیم عەباس پێی وایە لە پاش وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، ئەم سەودایەی لێ کەوتووەتەوە، ئیبراهیم دەڵێت "ئەو سەودایە لەسەر دۆزی کوردە ئیتر کورد لە عێراق بێت یاخود لە تورکیا، پێم وایە رەنگە دواجار عێراق وەک بەرتیلێکی سیاسی، هاوشێوەی وڵاتانی تر بیدات بە تورکیا لە بەرامبەر دۆسێی ئاودا، بەڵام بەدووری دەزانم لێکەوتەی سەربازی لێ بکەوێتەوە، پێموایە زیاتر لە رێگەی دیبلۆماسیەوە و پاراستنی بەرژەوەندیەکانەوە خۆی دەبینێتەوە".
زۆرێک لەسەر ئەوە کۆکن هەر کردەیەکی سیاسی لە عێراقدا ژمارەیەکی زۆر ئەجێندای سیاسی لەدەوریدا کۆدەبنەوە، کە هەندێکیان پەیوەندی بە نێوخۆی عێراقەوەو پەیوەندی لایەنە سیاسیەکانیەوە هەیە و زۆریشیان کاریگەری وڵاتانی دروسێ و تەنانەت هێزە هەرێمیەکانیشی لەسەرە.
لەو بارەیەوە پرۆفیسۆرەکەی زانکۆی ئەمەریکا لە واشنتن پێی وایە لە ئەگەری بە تەنگەوە چوونی ئەو داوایەی کە تورکیا بانگەشەی بۆ دەکات، لێکەوتەی سیاسی تری بۆ پەیدا دەبێت بە تایبەتی لە لایەن ئێرانەوە کە بەگشتی پەیوەندیەکی قوڵی لەگەڵ گروپە چەکداریەکانی عێراقدا هەیە.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا وەکو پێشەکییەک بۆ سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دادەنرێت و پێشبینی دەکرێت پرسی پەکەکە لەو سەردانەی ئەردۆغاندا زیاتر بێتە ئاراوە.