لە سەروبەندی ساڵڕۆژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ داوای سەپاندنی سزای زیاتر و لێپرسینەوە بەرامبەر بە بەپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن بە هۆی سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا.
لە نوێترین هەنگاودا و لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵیادی گیان لەدەستدانی ژینا و ناڕەزایەتییە گشتییەکانی ساڵی ڕابردووی ئێران، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی پارێزبەندی بەرپرسانی حکوومەتی ئێران دەکات کە دەستیان لە "سەرکوتکردنی دڕندانە"ی ناڕەزایەتییەکاندا هەبووە و جەخت لە سەر پێویستی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ئێران دەکاتەوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی چوارشەممە، 13ی مانگی نۆ بڵاوی کردووەتەوە، سەرەڕای پێداچوونەوەی بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ڕەخنەی لە "نەگرتنەبەری هەنگاوەکان بۆ لێپرسینەوەی ئەو کەسانەی گومانیان لێدەکرێت تاوانیان ئەنجام دابێت، گرت و بە "قەیرانی پارێزبەندی" ناودێری کرد.
جولیا دوکرۆ، جێگری سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ئەڵمانیا ڕایگەیاند و گوتی "دەسەڵاتدارانی ئێران لە ماوەی ساڵی رابردوودا تاوانی زۆر سەیریان بەرامبەر ئەو کەسانەی دەیان ساڵە ئازایانە بەرەنگاری ستەم و نایەکسانی بوونەتەوە، ئەنجامداوە."
ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە داوای لە هەموو حکومەتەکان کردووە کە لێکۆڵینەوەی تاوانکاری لەسەر ئەو کەسانە دەستپێبکەن کە گومانیان لێدەکرێت دەستیان لە "تاوانەکان"دا هەبووە، لەوانەش فەرماندە و بەرپرسانی باڵای دیکە لە کۆماری ئیسلامی ئێران و داواش دەکەن ئەگەر بەڵگەی قبوڵکراویان لەسەر تاوانباربوونی ئەو کەسانە دەستکەوت، ئەوا فەرمانی دەستبەسەرکردنی نێودەوڵەتیان بۆ دەربکەن.
هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا "پڕۆژە یاسای مەهسا"ی بە 410 دەنگی بەڵێ و سێ دەنگی نەخێر پەسەند کرد. پڕۆژەکە حکومەت پابەند دەکات بە سزادانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی، لەوانە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە تاوانی "سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران" و "پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ".
مایکل مەککاڵ، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە پارتی کۆماری سەبارەت بە پلانەکە گوتی "هەموومان دەزانین کە حکومەتی ئێران بە شێوەیەکی دڕندانە مافەکانی مرۆڤی پێشێل کردووە. ئەو حکومەتە خۆپیشاندەران بێدەنگ دەکات و ڕاستییەکان سەرکوت دەکات و ئەوانەی ئازایەتی و ناڕەزایی خۆیان نیشان دەدەن، ڕووبەڕووی دەرئەنجامێکی قورسیان دەکاتەوە، لەوانەش مردن."
مەککاڵ لە درێژەدا ئاماژەی بە چۆنیەتی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکار(گەشتی ئێرشاد) و هەروەها سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی لە ئێران کرد.
سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا گوتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە حکومەتی ئێران لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان ڕابگرێت.
مەککاڵ گوتیشی سەرەڕای هەندێ لە سزاکان دژی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام هێشتا کۆمەڵێک بەرپرس لەو حکومەتەدا هەن کە بە هۆی ڕۆڵیانەوە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا سزایان بەسەردا نەسەپێندراوە.
بڕیارنامەکە بۆ ئەوەی ببێتە یاسا، پێویستە لەلایەن ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکاشەوە پەسەند بکرێت و دواتر لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنیشەوە واژۆی لەسەر بکرێت.
پڕۆژەکە ئەگەر ببێتە یاسا، حکوومەتی ئەمەریکا ناچار دەکات هەر 90 ڕۆژ جارێک ڕاپۆرتێک سەبارەت بەو کەسانەی بەرپرسن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پێشکەش بە کۆنگرێس بکات و هەموو ساڵێکیش دەبێت حکومەت هۆکاری درێژکردنەوە یان نوێنەکردنەوەی ئەو سزایانە بۆ سەر پرسانی ئێران بۆ نوێنەرانی کۆنگرێس ڕوون بکاتەوە.
جیمز ئێدوارد بانکس ئەندامی کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵدا، پڕۆژە یاسای مەهسای بۆ سزادانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران و کۆمەڵێ کەسی دیکە و دامودەزگاکانی نزیک لەوان بە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پشتیوانییان لە تیرۆر، پێشنیار کرد.
لە هەنگاوێکی دیکەدا وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا ڕۆژی چوارشەممە 13ی مانگی نۆ ڕایگەیاند، لە یەکەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی مەهسا ژینا ئەمینی لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزا بەسەر ژمارەیەک لە دامودەزگاکان و بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا دەسەپێنێت.
حکومەتی ئوسترالیا ڕایگەیاند کە لەسەر بنەمای ئەوە "سزای دارایی و قەدەغەکردنی گەشتکردنی بەسەر چوار کەس و سێ دامەزراوەی بەرپرس لە سەرکوتکردنی خەڵک لە ئێراندا سەپاندووە.
لە میانەی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی سەریان هەڵدا، هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 500 کەسیان کوشت کە 71 کەسیان منداڵ بوون و هەزاران کەسیش دەستبەسەر کران و7 خۆپیشاندەریش لەسێدارە دران.