Accessibility links

لەگەڵ زیادبوونی جوڵەی سەربازی ئێران هێزەکانی کوردستانی ئێران داوای یارمەتی لە هەرێمی کوردستان دەکەن


بەرپرسێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، هاتنی هێزەکانی ئێران بۆ سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان پشتڕاستدەکاتەوە و ڕایگەیەنەێت، هێزەکان هێزی زەمینین و بە چەکی قورسەوە لە چەندین لاوە هاتوونەتە سنورەکان. بەڵام بەرپرسێکی کۆمەڵەی کۆمەنیست ڕایدەگەیەنێت، هێزەکان بۆ سنوری هەرێم نین و بەڵکو جوڵەکان لە شارەکانی ناوخۆی ئێراندایە و ترسە لە دروستبوونەوەی سەرهەڵدانەکانی ئێران.

ئەمڕۆ ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی دیمەنی جموجوڵی هێزەکانی ڕژێمی ئێرانی بڵاو کردەوە، وەک ئامادەکاری و جوڵەی سەربازی بۆ سەر سنورەکان بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی هێزە کوردیەکان.

ئەمجەد حسێن پەناهی، ئەندامی کۆمسیۆنی نیزامی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئاگاداری جوڵەی هێزەکانی ڕژێمین، کە بەرەو سنورەکان هێزی بەرێکردووە، لە سنورەکانی پیرانشار و شنۆوە هێزێکی پڕچەکی هێناوە، هێزێکە بە تۆپخانە و کاتیۆشاوە هێزەکەش هێزی زەمینیە، هێزەکەی ئەمڕۆ هێزی سابرین خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن کە هێزێکی پوختە و پۆشتە."

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەی تەنسیمدا ئاماژە بەوە کراوە، زانیاریان هەیە لەسەر "کۆکردنەوە و پێچانەوەی" بارەگاکانی حزبە کوردیەکان لە سەر سنورەکان.

لەو بارەیەوە پەناهی ڕایگەیاند، "ئێمە لە بەشێک لە بارەگاکانمان لە سنورەکان پاشەکشەمان کردووە لە ناوچە سوریەکانی سفری مەرزیمان چۆڵکردووە."

بەڵام کۆمەڵەی کۆمەنیستی ئێران، کە بارەگاکانیان لە زڕگوێزە، دەڵێن جوڵەی هێزەکان بۆ ناوخۆی ئێرانە نەک سەر سنورەکان.

حەسەن ڕەحمان پەنا، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی کۆمەنیستی ئێران، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بە پێی زانیاریەکانمان هێزەکان بۆ شارەکانی کوردستانە، وە تازە نیە چەند ڕۆژێکە هەیە، بە تایبەت دوای بڵاو بوونەوەی بڕیاری مانگرتنی گشتی بۆ پشتیوانی لەداخوازی چالاکوانان و هەڵسوڕاوانی مەدەنی لە شارەکانی کوردستان لەلایەن شەش حزبی کوردیەوە."

دەشڵێت،"فەزای شارەکان ئەمنیەتیە و کۆمەڵێک لە چالاکوانان گیراون. خەتی ئینتەرێت زۆر خاو بۆتەوە و لە هەندێ لە شارە کوردیەکان کارەباش زۆر لاواز کراوە، زۆرتر هێزەکان ڕوویان لە ناوخۆیە بۆ بەرگریکردن لە ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیە ساڵڕۆژی ژینا. پێم وایە زیاتر ئامانجەکە خەڵکی ناوخۆی شارە کوردیەکانە، ترسیان هەیە لە ساڵیادەکەدا شۆڕشەکە دەست پێبکاتەوە، دەیەوێت بڵێت هەرچی هەیە دژی شۆڕشە، دەیانەوێت بیری خەڵکی ئێران چەواشە بکەن و بەلاڕێیدا ببەن."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین سەردان لە نێوان بەرپرسانی ئێران و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبە کوردیەکانیشدا ئەنجامدراون و دوێنیش فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی ئێرانی کرد.

بەرپرسانی هەردوو کۆمەڵەکەش باس لەوە دەکەن، ئامانجێکی تری ئێران لە فشارەکانی هەرێمی کوردستانە.

حەسەن ڕەحمان پەنا ڕایگەیاند، "پێما وایە زەخت و فشارەکان خودی هەرێمی کوردستانە، ئەوەی بەغداد نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی دەکات و دەستکەوتیان بە هەرێمی کوردستانەوە نەهێشت، پرسی بودجە و وەستانی هەناردەی نەوت و نەدانی مووچە، ئەو فشارانەن کە سیاسەتی ئێرانن و سیاسەتی تورکیان."

هەرچی پەناهیە دەڵێت،"پێمان وایە بەشێکی بیانوەکە حکومەتی هەرێمی کوردستانە."

هەرچەندە حەسەن ڕەحمان پەناهی، ڕای وایە ئێران هێرشی هەوایی دەکاتە سەر خاکی هەرێم، بەڵام هێرشی زەمینی لە ئێستادا بە دوور دەزانێت.

دەڵێت، "پێموانیە هێرشی زەمینی بکەن، چونکە پێشێل کردنی سیادەی وڵاتێکی ترە. بە ڵام ئەگەری درۆن و هێرشێ هەوایی هەیە و بە نامومکینی نابینم."

دەشڵیت، "داوامان لە خەڵكی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانە،لە بەرامبەر هێڕش بۆسەرمان بێدەنگ نەبن و لە بەرامبەر ئەمەدا ڕابوەستن، خەڵکی باشوور نابێت لە بیریان بچێت لە کاتی ڕیفراندۆم شارەکانی کوردستانی ئێران شاییان دەگێرا، لە کۆبانێ شەڕ دەکرا کوڕی کوردی ڕۆژهەڵات بەشداریان کرد و بوونە قوربانی."

هەرچەندە بە بڕوای هەندێک لە چاودێران فشارەکانی ئەمجارەی ئێران جدین و تەنیا 6 ڕۆژ ماوە بۆ ئەو وادەیەی ئێران بۆ حکومەتی عێراقی دیاری کردوو کە پەیوەستبێت بە ڕێکەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات بە مەبەستی چەککردنی هێزە کوردیەکانی ئێران، بەڵام بەرپرسان سورن لەسەر نەچوونە ژێر باری بڕیارەکەی ئێران.

ئەمجەد حسێن پەناهی دەڵێت،"چەک دانان بڕیارێکی قورسە. لە ئێستادا ناچینە ژێر باری ئە بڕیارە بە هیچ شێوەیەک چونکە ئەوە هێڵی سورە، وە بە هەرێمیشمان وتووە، بەرپەرچی هێرشەکان دەدەینەوە."

XS
SM
MD
LG