Accessibility links

فوئاد حوسێن: دەستووری عێراق ڕێگە نادات خاکی عێراق لەلایەن هیچ گروپێکەوە بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتانی تر بەکاربێت


فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق کە سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە پایتەختی ئێران، لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی لەلایەن وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ئەمیر عەبدوڵڵاهیانەوە پێشوازی لێکرا.

لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا، فوئاد حوسێن گوتی " دەستووری عێراق بە ڕوونی ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێگە بە هیچ گروپێک نادات خاکی عێراقی بەکاربهێنن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتێکی دیکە." ئاماژەی بەوەش کرد "هاوکارییە ئاسایشییەکانی نێوان عێراق و ئێران پەیوەستە بە لایەنی عێراقییەوە لەسەر دەستوور و پابەندبوون پێی".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌گه‌ڵ ئێراندا " گرووپە جیاوازەکان لە چەک داماڵدراون لەسەر سنووری عێراق و ئێران، کەمپ دروستکراوە و دەبێتە کەمپی پەنابەران، ئەم کەمپانە لە داهاتوو دەکەونە ژێر پاراستنی رێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان یان ژێر پاراستنی نێودەوڵەتی."

ئێران تا ڕۆژی 19 ی مانگی 9 بۆ حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، تا حزبە کوردییەکانی ئێران لە چەک دابماڵن و لە نێو کامپدا کۆیان بکەنەوە. لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین جار ئێران بنکە و بارەگاکانی ئەو حزبانەی کوردستانی ئێرانی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا بۆردومان کردووە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەروەی عێراق، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمەیر عەبدوڵاهیان گوتی " گفتوگۆیەکی گرنگمان کرد سەبارەت بە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و لە پێوەندی لەگەڵ جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنی ئاسایشی. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە ئێران جدییە لە دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی، خۆشحاڵین کە دەسەڵاتدارانی عێراق ڕێوشوێنی باشیان گرتووەتەبەر بۆ دوورخستنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکانی نزیک لە سنووری ئێران و گواستنەوەیان بۆ قوڵایی خاکی عێراق و هەوڵدان بۆ داماڵینی چەکیان لە ڕۆژانی داهاتوودا بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت."

XS
SM
MD
LG