جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، ئەمەریکا لەگەڵ ئیسرائیلدا کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە زیانی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل لەکاتی هێرشکردنە سەر غەززە و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش بەڵێنیدا ئەو هەوڵە بدات.
بایدن دوای کۆبونەوەی لەگەڵ کابینەی جەنگی نەتانیاهۆ لە تەلئەڤیڤ گوتی "بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنتان. لە کاتێکدا کار دەکەن بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەتان، ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئێوە و هاوبەشەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتی زیاتر بەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی بێتاوان".
نەتانیاهۆ ئەو تۆمەتانەی دووپاتکردەوە حەماس، کە کۆنترۆڵی کەرتی غەززەی لەدەستدایە و لە 7ی ئۆکتۆبەردا هێرشێکی کوشندەی لە ناوخۆی ئیسرائیل ئەنجامدا، بە ئەنقەست خەڵکی مەدەنی لە نزیک ئامانجەکان کۆدەکاتەوە تا وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاریانبهێنێت.
بەڵام ناتانیاهۆ بە بایدنی گوت " لەگەڵ بەردەوامبوونمان لەم شەڕەدا، ئیسرائیل هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی مەدەنی لە زیانەکان دوور بخەنەوە."
ناتانیاهۆ گوتیشی "داوامان لێکردوون و بەردەوامیش دەبین لە داواکانمان کە بچنە ناوچە ئارامەکان. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ تۆ جەنابی سەرۆک بۆ دڵنیابوون لەوەی کەمترین مەرجەکان جێبەجێ بکرێن".
سەرۆک بایدن لە سەردانێکدایە بۆ ئیسرائیل بە مەبەستی هاودەنگی لە دوای هێرشە کوشندەکەی حەماس کە بووەتە هۆی هەڵمەتێکی ئاسمانی ئیسرائیل و هەڕەشەی هێرشی زەمینی لە کەرتی غەززە.