دانیشتوانی کەمپی مەخمور بە بیانووی نزیکایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تورکیا، داوا دەکەن خاڵە سەربازییەکانی نزیک لە کەمپەکەیان ڕادەستی سوپای عێراق بکرێت نەک هێزی پێشمەرگە. بەرپرسانی پارتیش وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکە، پەکەکە تاوانبار دەکەن بە ڕادەستکردنی سێ خاڵی سەربازی گرنگ و ستراتیژی بە حەشدی شەعبی لە چیای قەرەچوخ.
فلز بوداک، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەری کەمپی مەخمور، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە حەز ناکەین سەنگەرەکانی نزیک لە کەمپەکەمان ڕادەستی پێشمەرگەی پارتی بکرێت، چونکە ئەوان نزیکن لە دەوڵەتی تورکەوە و مەترسی گەورەمان لەسەر دروست دەبێت."
ڕۆژی 22ی مانگی دەی 2023، لەسەر کۆنترۆڵکردنی سێ خاڵی سەربازی لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور لەسەر چیای قەرەچوخ و دوای کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لەو خاڵانە، شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق ڕوویداو لە ئەنجامدا 3 پێشمەرگە و دوو سەربازی عێراقی کوژران.
ئەو سێ خاڵە سەربازییەی ناکۆکییان لەسەر دروستبوو، لە ساڵی 2014ەوە هێزەکانی پەکەکەیان تێدابووە بە پاساوی پاراستنی کەمپی مەخمور لە هێرشی داعش. بەڵام ڕۆژی 19ی مانگی دە پەکەکە بە نهێنی هێزەکانی لەو خاڵە سەربازیانە کێشایەوە بەرەو ناوچەکانی قەندیل، هۆکاری کشانەوەکەشیان بۆ بنەمای فکری خۆیان گێڕایەوە.
دوای کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە، شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا دروستبوو، کاتێک سوپای عێراق هەوڵیدا ئەو خاڵە سەربازییانە بە هێزی خۆی پڕ بکاتەوە، پێشمەرگەش بە بیانووی ئەوەی خاڵە سەربازییەکان نزیکن لە سەنگەرەکانییەوە دژی هەوڵەکانی سوپا وەستایەوە.
سەعید مەم وزینی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕەتیکردەوە حزبەکەی دەستی لەگەڵ تورکیادا لە دژی دانیشتوانی کەمپی مەخمور تێکەڵ کردبێت. جەختی لەسەر ئەوە کردەوە پارتی دەستی بێگانە ڕاناکێشێت بۆ دژایەتی هاوڵاتی کورد.
سەعید مەم وزینی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ناکۆکی نێوانمان لەگەڵ پەکەکە وایکرد، پەکەکە سەنگەرەکان ڕادەستی حەشدی شەعبی بکات و ڕادەستی پێشمەرگەیان نەکات، لە کاتێکدا ئەو سەنگەرانە باڵادەستن بەسەر ناوچەکەدا لەڕووی سەربازییەوە، بۆیە پێشمەرگە ناچار بوو هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان بدات."
هەروەها وتیشی، "پەکەکە موراعاتی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات و گرفت بۆ هەرێم دروست دەکات."
کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە خاڵە سەربازییەکانی نزیک کەمپی مەخمور، دوای چەندین جار بۆردومانکردنی کەمپەکە هات لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە. کاتێک دانیشتوانی کەمپەکە داوای پاراستنیان لە حکومەتی عێراق کرد، مەرجی عێراق بۆ پاراستنیان کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە بوو.
دوای ڕوودانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، حکومەتی عێراق و هەرێم لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە بۆ چارەسەرکردنی سەرچاوەی ئاڵۆزییەکە، یەکێک لە پێشنیارەکان جێگیرنەبوونی هیچکام لەو دوو هێزەیە لەو خاڵانەی بارگرژی لەسەریان ڕوویدا.
سەعید مەم و زینی، دەڵێت، "دانوستانی نێوان هەرێم و بەخدا بەردەوامە. بێگومان دەبێت ئەنجامی دانوستانەکان لەبەرژەوەندی هەردوولادا بێت."
هاوکات فلز بوداک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەمپی مەخمور، وتی، "لەبارەی چۆڵکردنی سەنگەرەکان لە حکومەتی عێراق پرسیارمان کرد، وتیان سەنگەرەکان چۆڵ ناکەین، گەر شتی وا ڕووبدات ئاگادارتان دەکەینەوە. ئێستا لەناو کەمپەکەوە سەنگەرەکانمان لێوە دیارە و سوپای عێراقیان تێدایە."
پێشتر دەنگی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، کاتێک هێزەکانی پەکەکە سەنگەرەکانی نزیک کەمپی مەخموریان جێهێشتبوو، هیچ هێزێکی عێراقی و کوردییان لە کشانەوەیان ئاگادارنەکردبوویەوە، بەڵام دوای 8 کاتژمێر پەیامی چۆڵکردنی سەنگەرەکانیان گەیاندبووە سوپای عێراق.
عومەر محەمەد، چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەهەموو ململانێیەکی نێوان حزبە کوردییەکاندا بە ململانێی نێوان پەکەکە و پارتیشەوە لە مەخمور، زەرەرمەندی سەرەکی خاکی کوردستان و دۆزی کوردییە."
سەرباری کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە لەلایەن عێراق و هەرێم و ڕاوەستانی شەڕ لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق، بەڵام بەرپرسانی پێشمەرگە دەڵێن، دانوستان بەردەوامە و هێشتا دۆخەکە ئارام نەبووەتەوە.
فەریق عیسا عوزێر، سەرۆک ئەرکانی هێزی پێشمەرگە، ئەمڕۆ پێنجشەمە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هێشتا دۆخی مەخمور هێور نەبووەتەوە، هەوڵەکانی عێراق و هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامن."
کەمپی مەخمور کە بە کەمپی ڕۆستەم جودیش ناسراوە، نزیکەی 10 هەزار خێزانی کوردی کوردستانی تورکیای تێدایە، کە مپەکە لە ساڵی 1998 دروستکراوە.