هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق ڕێکەوتنێکیان ئەنجامدا لەسەر چەند خاڵێکی سەربازی ستراتیژی گرنگ لەسەر زنجیرە چیای قەرەچوغی نزیک کەمپی مەخمور و بەپێی ڕێککەوتنەکە سوپای عێراق لەسەر چیاکە جێگیردەبێت و بەمەش بە ڕەسمی کیلومەتر و نیوێکی تر لە خاکی هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە، ئەمە بەگوێرەی فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە ناوچەکە.
غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی خۆبەخش لە چیای قەرەچوغ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "6 خاڵی سەربازی لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور بوونیان هەیە و خاڵەکان نزیکن لە یەکترییەوە، بەڵام پێشتر سێ خاڵیان هیچ هێزێکی تێدا نەبوو، تەنها سێ خاڵیان پەکەکەی تێدابوو. پێشمەرگە و سوپا ڕێککەوتن سێ خاڵیان بۆ پێشمەرگە و سێ خاڵیان بۆ سوپای عێراق بێت."
غازی فەیسەڵ ڕایگەیاند هێزەکانی عێراق "زۆر هاتونەتە پێش؛ هاتونەتە سەر شاخ."
زنجیرە چیای قەرەچوخ بە شوێنێکی ستراتیژی لە ڕووی سەربازییەوە دادەنرێت. لای باشوری ڕۆژاوای زنجیرە چیاکە، گردەکانی زورگەزراو و کەندێناوایە، لای ڕۆژهەڵاتیشی سنوری دەشتی هەولێرە.
غازی فەیسەڵ بە دەنگی ئەمەریکای وت، "چیای قەرەچۆخ تاکە چیای هەرێمی کوردستانە کە لەسەر سنورە لە ناوچەی قەراج و کەندیناوا و زۆر زاڵە بەسەر ناوچەی کەندیناوا و دیبەگە و مەخمور. شوێنێکی ستراتیژی سەربازی زۆر زۆر گرنگە بەڕاستی. هەر هێزێک لەسەر ئەو شاخە بێت ئەو زاڵدەبێت بەسەر ناوچەکە و ئەو زنجیرە چیایە وەکو شورایەک وایە بۆ شاری هەولێر."
ڕێککەوتنی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پاش ئەوە هات ڕۆژی 22ی دەی 2023 لەسەر کۆنترۆڵکردنی سێ خاڵی سەربازی لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور لەسەر چیای قەرەچوغ و دوای کشانەوەی پەکەکە لەو خاڵانە، شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕوویدا و بەهۆیەوە 4 پێشمەرگە و دوو سەربازی عێراقی کوژران.
کوژراوەکانی پێشمەرگە بریتین لە عەقید قەهار جەوهەر قەهار و هاوڕێ جەوهەر ڕەحمان و فەرماندەی لیوای 18ی پیادە ساڵح فەتاح زراری و موقەدەم پوشۆ خالی.
ڕێککەوتنەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی دوێنێ چوارشەمە ئەنجامدراوە.
خۆپیشاندان لە کەمپی مەخمور
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ پێنجشەمە دانیشتوانی کەمپی مەخمور دژی ڕێککەوتنەکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و نزیکبوونەوەی پێشمەرگە لە کەمپەکەیان ڕەتدەکەنەوە.
غازی فەیسەڵ بە دەنگی ئەمەریکای وت، "دانیشتوانی کەمپی مەخمور بە خۆپیشاندان چوونەتە سەر خاڵە سەربازییەکان و ڕەتیدەکەنەوە پێشمەرگە نزیک ببێتەوە لە کەمپەکەیان."
فلز بوداک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەمپی مەخمور، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەهیچ شێوەیەک ڕازی نین هێزی پێشمەرگەی پارتی لە نزیک کەمپی مەخمور جێگیرببن چونکە بەگومانین لێیان."
سەبارەت بە وەڵامی بەرپرسانی سوپای عێراق بۆ خۆپیشاندانەکەیان، فلز بوداک وتی، "وەڵامیان نەداوینەتەوە."
ئەندامەکەی دەستەی بەڕێوەبەری کەمپی مەخمور هۆکاری خۆپیشاندانەکەی بۆ "نزیکایەتی هێزەکانی پارتی لە تورکیا" گەڕاندەوە.
بەرپرسانی پارتیش وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکە، پەکەکە تاوانبار دەکەن بە ڕادەستکردنی سێ خاڵی سەربازی گرنگ و ستراتیژی بە حەشدی شەعبی لە چیای قەرەچوخ.
بەرپرسانی پارتیش وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکە، پەکەکە تاوانبار دەکەن بە ڕادەستکردنی سێ خاڵی سەربازی گرنگ و ستراتیژی بە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە چیای قەرەچوخ.
سەعید مەم وزینی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان، هەفتەی ڕابردوو لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕەتیکردەوە حزبەکەی دەستی لەگەڵ تورکیادا لە دژی دانیشتوانی کەمپی مەخمور تێکەڵ کردبێت وتی "پارتی دەستی بێگانە ڕاناکێشێت بۆ دژایەتی هاوڵاتی کورد."
کشانەوەی پەکەکە
کەمپی مەخمور کە بە کەمپی ڕۆستەم جودیش ناسراوە، نزیکەی 10 هەزار خێزانی کوردی کوردستانی تورکیای تێدایە. لە ساڵی 2014ەوە هێزێکی پەکەکە لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپەکە جێگێربوو بە پاساوی پاراستنی کەمپەکە لە هێرشی داعش. بەڵام لە ڕۆژی 19 ی مانگی 10 پەکەکە بە نهێنی هێزەکانی لە نزیک کەمپەکە کێشایەوە بەرەو ناوچەکانی قەندیل.
پەکەکە دەڵێت هۆکاری کشانەوەی هێزەکانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەرکەکانیان بۆ تێکشکاندنی داعش تەواو بووە. بەڵام پیشتر بەرپرسانی ناوچەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا هەنگاوەکەی پەکەکەیان بۆ فشاری هێرشەکانی تورکیا گەڕاندۆتەوە.
دوای کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور، شەڕو پێکدادان لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ڕوویدا، کاتێک سوپا خاڵە سەربازییە جێهێڵراوەکانی پەکەکەی کۆنترۆڵکرد.
پێشمەرگە ناڕازیبوو لە کۆنترۆڵکردنی ئەو خاڵە سەربازییانە بە پاساوی ئەوەی خاڵەکان تەنها 600 مەتر لە سەنگەرەکانییەوە نزیکن، لەکاتێکدا کیلۆمەترو نیوێک لە سنوری سوپاوە دوورن. بۆیە حکومەتی عێراق لیژنەیەکی پێکهێنا و دوێنێ چوار شەمە پێشمەرگە و سوپا لەسەر ئەو خاڵانە گەشتنە ڕێککەوتن.
سیروان بارزانی، فەرماندەی میحوەری مەخمورو گوێری پێشمەرگە، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاندووە، کە لەگەڵ سوپای عێراق گەیشتینە "ڕێککەوتنێکی گونجاو" " جەختیش لە هەماهەنگی بەردەوام کرا."
دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە سیروان بارزانییەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەی بەردەست نەبوو.
دەنگی ئەمەریکا هەروەها پەیوەندی کرد بە لیوا عوسمان محەمەد بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەوە کرد، بەڵام ئەو ئامادەنەبوو لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدات.