هێشتا سوپای عێراق لەو خاڵە سەربازییانەی نزیک کەمپی مەخمور نەکشاوەتەوە، کە هەفتەی ڕابردوو بووە هۆی ڕوودانی شەڕو ئاڵۆزی لە نێوان پێشمەرگەو سوپادا، لەکاتێکدا پێشمەرگە ڕژدە لەسەر کشانەوەی سوپا.
ڕۆژی 22 ی مانگی دەی 2023، لەسەر کۆنترۆڵکردنی سێ خاڵی سەربازی لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور لەسەر چیای قەرەچوغ و دوای کشانەوەی پەکەکە لەو خاڵانە، شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپا ڕوویداو 4 پێشمەرگەو دوو سەربازی عێراقی کوژران.
بەبیانووی نزیکی خاڵە سەربازییەکان لە سەنگەرەکانییەوە، هێزی پێشمەرگە داوای کشانەوەی سوپای عێراق لەو سێ خاڵە سەربازییە دەکات، سەرباری پێهێنانی لیژنە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڵام هێشتا سوپا لەو خاڵانە نەکشاوەتەوە.
غازی فەیسەڵ، کە فەرماندەی هێزێکی پێشمەرگەی خۆبەخشە لە سنوری چیای قەرەچوغ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سوپای عێراق لە نێو ئەو سێ خاڵە سەربازییەدا جێگیربوون، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بووە هۆکاری ڕوودانی پێکدادان لەنێوان پێشمەرگەو سوپا."
ئەو خاڵە سەربازییانەی ناکۆکییان لەسەر دروستبوو، لە ساڵی 2014 ەوە هێزەکانی پەکەکەیان تێدا بووە بە پاساوی پاراستنی کەمپی مەخمور لە هێرشی داعش. بەڵام لە ڕۆژی 19 ی مانگی 10 پەکەکە بە نهێنی هێزەکانی لەو خاڵە سەربازییانە کێشایەوە بەرەو ناوچەکانی قەندیل.
هێزی پێشمەرگە ناڕازییە لە کۆنترۆڵکردنی ئەو سێ خاڵە سەربازییەی دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور لەلایەن سوپای عێراقەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەو خاڵە سەربازییانە تەنها 600 مەتر لەسەنگەرەکانییەوە دوورن، لەکاتێک کیلۆمەترو نیوێک دوورە لە سنوری سوپاوە، ئەمە جگە لەوەی سێ خاڵی سەربازی گرنگن و بەسەر تەواوی ناوچەکەدا باڵادەستن.
فلز بوداک، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەمپی مەخمور، جەختی لەسەر مانەوەی سوپای عێراق کردەوە لەو خاڵە سەربازییانەی ناکۆکییان لەسەر دروستبوو.
فلز بوداک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سوپای عێراق دڵنیاییان داوەتە دانیشتوانی کەمپی مەخمور هیچ شتێک لە ئارادا نییە بۆ کشانەوەیان لە خاڵە سەربازییەکان، گەر شتێکی وا لە ئارادا بێت، خەڵک ئاگادار دەکەنەوە."
کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لە نزیک کەمپی مەخمور دوای چەندین جار بۆردومانکردنی کەمپەکە هات لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە، کاتێک دانیشتوانی کەمپەکە داوای پارێزگارییان لە حکومەتی عێراق کرد، مەرجی عێراق بۆ پاراستنیان کشانەوەی پەکەکە بوو.
دیوی ڕۆژهەڵاتی کەمپی مەخمور کە سەرچاوەی ناکۆکی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقە لەدوای کشانەوەی پەکەکە ، پێش شەڕی داعش حەوت خاڵی سەربازی پێشمەرگەی تێدابووە، بەڵام کاتێک لە ساتەوەختی شەڕی داعشدا پەکەکە هاتوونەتە ناوچەکە، بۆ پاراستنی خۆیان لە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان تەنها سێ خاڵی سەربازییان داناوە.
ڕۆژی 26 ی مانگی دە، حکومەتی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی ئەو سێ خاڵە سەربازییە لە نێوان پێشمەرگەو سوپا ڕەوانەی قەزای مەخمور کرد، بەو پێیەی پێشمەرگە داوای کشانەوەی سوپا لەو خاڵانە دەکات.
غازی فەیسەڵ، دەڵێت،"لیژنەکەی حکومەتی عێراق ڕاپۆرتی داوەتە سەرۆک وەزیران لەبارەی ئەوەی ئەو سێ خاڵە سەربازییەی پێشمەرگە داوای چۆڵکردنیان دەکات، بەوەی ئایا لەدەستی سوپادا بمێنێتەوە یاخود بدرێتەوە بە پێشمەرگە، بەڵام سوپا لەو خاڵانە ماونەتەوەو لیژنەکەش هێشتا بڕیاری نەداوە."
ئەو خاڵە سەربازییانەی بووە هۆی ناکۆکی لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق و پێشمەرگە ڕژدە لەسەر کشانەوەی سوپا لێیان، بە سێ خاڵی سەربازی گرنگی ناوچەکە دادەنرێن، بەو پێیەی بەسەر چیای قەرەچوغ و ناوچەکەدا باڵادەستن.