Accessibility links

بایدن: دەبێت نەخۆشخانەکانی غەززە پارێزراو بن


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت نەخۆشخانەکانی غەززە "دەبێت بپارێزرێن" لەکاتێکدا هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی بنکە تەندروستییەکانی ناوچەکە بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی کە حەماس بۆ خۆشاردنەوەی بەکاری دەهێنێت.

کاردانەوەکەی سەرۆک بایدن لەسەر ئەو هەواڵانە بوو کە باس لە خراپتربوونی قەیرانەکان دەکەن لە نەخۆشخانەی ئەلشیفا، ناوەندی پزیشکی سەرەکی شاری غەززە، کە چەند ڕۆژێکە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە گەمارۆدراوە. بەهۆی کەمی سووتەمەنی و خۆراک و ئاوەوە خزمەتگوزارییەکان لە ئەلشیفا ڕاگیراون.

لە کۆتایی هەفتەدا هەزاران نەخۆش بە نائومێدی لە نەخۆشخانەی شیفا هەڵهاتن و تەنها 650 نەخۆش لەگەڵ هەزاران فەلەستینی ئاوارە کە بەدوای پەناگەدا دەگەڕێن بەهۆی شەڕەکە لەوێ ماون.

وەزارەتی تەندروستی فەلەستینی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، لە سەرەتای گەمارۆدانەکەوە 32 نەخۆش لە ئەلشیفا گیانیان لەدەست داوە لەوانەدا سێ منداڵی ساوا بە هۆی نەبوونی کارەباوە گیانیان لەدەست داوە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ئەو پزیشکانەی کە لەوێ ماون و نەشتەرگەری بۆ بریندارەکانی جەنگەکە دەکەن، لەنێویاندا منداڵانیش، پێداویستییەکانیان کەمبووەتەوە. پزیشکێک وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت نۆ منداڵی کە پێشوەختە لە دایکبوون لە ناو یەک تەختی خەو دانرون.

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند ئەو دەزگایەی بۆ گەرمکردنەوەی منداڵانی کە پێشوەختە لە دایک بوون، بەکاردەهێنرێت لە ئیسرائیلەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەلشیفە دەگوازنەوە..

تێدرۆس ئەدهانۆم گەبریێسیس بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی وتی ئەو نێوەندە تەندروستییە "چیتر وەک نەخۆشخانەیەک کارناکات" و دۆخی گەورەترین نەخۆشخانەی غەززە "ناخۆش و مەترسیدارە".

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گوتیشی "تەقە و بۆردومانی بەردەوام" لە دەوروبەری نەخۆشخانەکە "ئەو بارودۆخەی کە پێشتریش سەختبوو" خراپتر کردووە.

نەخۆشخانەی ئەلقودس کە یەکێکی دیکەیە لە نەخۆشخانەکانی غەززە، ڕۆژی یەکشەممە بەهۆی ئەوەی سووتەمەنیەکەی تەواو بوو، داخرا.

ئیسرائیل دەڵێت حەماس، کە لەلایەن ئەمەریکاو بە گروپێکی تیرۆرستی ناوزەدکراوە، خۆی لەنێو هاووڵاتیانی مەدەنی نەخۆشخانەکەدا دەشارێتەوە و ناوەندێکی فەرماندەیی لەناو ئەو دەزگا سڤیلییە هەیە.

.

XS
SM
MD
LG