Accessibility links

ئەمەریکا دەڵێت هێرشی زیاتر دەکاتە سەر گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا


دوو ڕۆژ پاش هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ناو عێراق و سوریا و یەمەن، واشنتن بەڵێن دەدات هێرشی زیاتر دژ بەو گرووپانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجام بدات بۆ تۆڵەسەندنەوەی هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، لە ناویاندا هێرشە درۆنییەکەی مانگی ڕابردوو کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکایی لە ئوردن.

گوتەبێژی کۆشکی سپی جۆن کربی لە زنجیرەیەک وتووێژی تەلەفیزیۆنی لە 4ی مانگی دوو ڕایگەیاند هێرشەکانی ئەمەریکا لە 2 و 3ی مانگی دوو تەنها " گەڕی یەکەم"ی کرداری لەشکری بوو کە هی تریشی بەدوادا دێت.

جۆن کربی، وتەبێژی کۆشکی سپی
جۆن کربی، وتەبێژی کۆشکی سپی

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی، کربی گوتی هێرشەکان بە " هێرشەکانی ڕۆژی شەوی هەینی دەستیپێکرد، بەڵام ئەمە کۆتایی نییە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەنیازین هێرشی زیاتر بکەین و هەنگاوی زیاتر بنێین بۆ بەردەوامبوون لە ناردنی پەیامێکی ڕوون کە ئەمەریکا وەڵامی دەبێت کاتێک هێرش دەکرێتە سەر هێزەکانمان یان خەڵک دەکوژرێن".

لە دیمانەیەکی تریشدا بە کەناڵی سی بی ئێسی گوت "هەنگاوی زیاتر دەبێت - هەندێکیان بینراون، هەندێکیان ڕەنگە نەبینرابن"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد "من وەک هەندێک هەڵمەتی سەربازی کراوە وەسفی ناکەم".

هەر ڕۆژی یەکشەممە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشمانی ئەمەریکا، جەیک سولیڤان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی 'میت دی پرێسی' تەلەفیزیۆنی ئێن بی سی، شیانی هێرشی ئەمەریکای لە ناوخۆی ئێراندا ڕەت نەکردەوە، لە کاتێکدا جەختی لەوە کردەوە سەرۆک بایدن " هەوڵی ئەوە نادات بچێتە شەڕێکەوە" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکا
جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکا

سولیڤان ئاماژەی بەوەش کرد ئەمەریکا کردەی لەشکری زیاتر دژ بە گرووپەکانی سەر بە ئێران ئەنجام دەدات.

ڕاوێژکاری ئاسیشی نیشتمانی ئەمەریکا گوتی "سەرۆک هەر لە سەرەتاوە زۆر ڕوون بووە، کە کاتێک هێرش دەکرێتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، ئێمە وەڵام دەدەینەوە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین جار وەڵاممان داوەتەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامەکانی ئەم دواییەی ئەمەریکا "کۆتایی نییە" وەڵامی سەربازی بەردەوامی دەبێت.

پێشتر هەر لە 4ی مانگی دوودا هێزەکانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند، لە ئامانجێکی دیکەی حوسییەکانیان لە یەمەن داوە و ئەو شوێنەیان لەناوبردووە کە بە وتەی خۆیان "مووشەکی کروزی دژە کەشتییە" کە مەترسی لەسەر هاتوچۆی کەشتیوانی دەریای سوور دروستکردووە.

بەیاننامەکەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM ) کە سەرەتای کە بەرەبەیانی 4ی مانگی بڵاوکرایەوە، دوای چەند کاتژمێرێک لەوەی ئەمەریکا و بەریتانیا زیاتر لە سی ئامانجیان لە یەمەن پێکا کە بەرپرسان وەک شوێنگەلێک دەستنیشانیان کردووە کە لەلایەن گرووپە یاخیبووە حوسییەکانی سەر بە ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن.

لە بەیاننامەکەی ئەمەریکادا ئاماژە بەوە نەکراوە "مووشەکی کروز دژە کەشتی" لە لە کوێ بووە، بەڵکو تەنها باس لەوەکراوە هێزەکانی ئەمەریکا لە "بەرگریکردن لە خۆیان"دا هێرشەکەیان کردووە.

وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن، کە دەیان مووشەکیان ئاراستەی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان کردووە کە بە دەریای سووردا تێدەپەڕن، پێشتر ڕایگەیاندبوو، هێرشەکان "رێگریمان لێناکەن" و بەڵێنیداوە وەڵام بدەنەوە.

سەرچاوە: ئێن بی سی، سی بی ئێس، ڕادیۆ فەردا، سێنتکۆم

XS
SM
MD
LG