Accessibility links

باشاک دەمیرتاش دەڵێت نابێتە کاندیدی پارتی دەم بۆ سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ


باشاک دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە نابێتە کاندیدی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم) بۆ سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ.

لە بەیاننامەکەدا، خانم دەمیرتاش ئاماژەی بەوەکردووە، کە خۆی و پارتی دەم ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی قسەکانی سەبارەت بە کاندیدبوون ناگۆڕدرێن..

دەشڵێت "پێویستە گەلەکەمان و لایەنگرانی ئەو حزبە بزانن کە هەموو بڕیارەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارتەکەدا دراوە. ئەو کاندیدانەی کە پارتەکەمان لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕایدەگەیەنێت کاندیدی هەموومان دەبن."

باشاک دەمیرتاش باسی لەوەشکرد، دەستبەرداری هەوڵەکانیان نابن بۆ بەدەستهێنانی دیموکراسی و یەکسانی و ئاشتیدا و پێکەوە سەرکەوتوو دەبن.

پارتی دەم لە بەیاننامەیەکدا سوپاسی باشاک دەمیرتاش دەکات و ڕایدەگەیەنێت، لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە نەبێتە کاندیدی پارتەکە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پارتی دەم لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاندیدی ئەستەنبوڵ ڕادەگەیەنێت.

ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبژێژی پارتی دەم، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، پارتەکەیان بە کاندیدی خۆیەوە دەچێتە ناو هەڵبژاردنەکانی ئەستەنبوڵەوە.

دۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، باشاک دەمیرتاشیش لەنێو کاندیدەکاندایە.

سەرچاوە: ئاژانسی میزۆپۆتامیا

XS
SM
MD
LG