تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕاپۆرتێکی مانگانەی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا پێشێلکردنی مافی مرۆڤی کوردەکانی لە ماوەی 30 ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە خستوەتەڕوو، لەوانەش لەسێدارەدانی 10 زیندانی کورد لەلایەن دەزگای دادوەری ئێرانەوە.
ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیوێتی لە 20ی مانگی یەک تا 20 مانگی دوو، لانیکەم 10 زیندانی کورد لە زیندانەکانی قزڵحەساری کەرەج، زیندانی ناوەندیی کەرەج و هەمەدان بە تۆمەتە سیاسییەکانی وەک "سیخوڕیکردن" و "گەندەڵی لەسەر زەوی/افساد في الأرض" یان تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەرەوە لەسێدارەدراون.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە لە سێدارەدانی فەرهاد سەلیمی، زیندانی ئایینی کورد دەکات کە پاش 14 ساڵ زیندانیکردنی لە 23ی مانگی یەکی ئەمساڵ لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەج لە سێدارە درا.
لە ڕاپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە فەرهاد سەلیمی دوای ماوەیەک لە دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا لەگەڵ 6 هاووڵاتیی دیکەی کوردی سوننە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی " گەندەڵی لەسەر زەوی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەبارەی لەسێدارەدانی چوار زیندانیی سیاسی کورد بە ناوەکانی پژمان فاتحی، موحسین مەزلوم، محەمەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربەر، ئەندامانی حیزبی کۆمەڵی کوردستانی ئێران کە بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" لە 29ی مانگی یەک لە زیندانی قزڵحەسار لە کەرەج لەسێدارەدران، نووسیویەتی "ئەو چوار زیندانییە سیاسییە لەو کاتەوە لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 دەستگیرکران، تاوەکو ڕۆژێک پێش جێبەجێکردنی سزاکەیان، مافی بینینی خێزانەکانیان لێ زەوتکرابوو".
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە "لە پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو چوار زیندانییە سیاسییەدا، ڕێگە بە پارێزەرەکەیان نەدراوە لەگەڵیان کۆببێتەوە یان لە دادگاییکردنەکەیاندا ئامادە بێت و تەنانەت پارێزەرەکەیان مافی دەستڕاگەیشتنی بە زانیارییەکانی دۆسیەکەیان نەبووە."
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە ماوەی 30 رۆژی ڕابردوودا لانیکەم 12 هاووڵاتی مەدەنی و چالاکوانی کورد لە پارێزگاکانی تاران، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، و ئیلام سزای لەسێدارەدان، زیندانیکردن، قامچی لێدان و غەرامەیان بەسەردا سەپێنراوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە ناوی چەند لەو زیندانیانە دەکات کە ڕووبەڕووی تۆمەتی قورسی سیاسی بوونەتەوە، لەوانە یوسف ئەحمەدی زیندانی سیاسی کورد کە بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە یەکێک لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن و "بەشداری لە کوشتنی دوو ئەندامی سوپای پاسداران" سزای لەسێدارەدانەکەی لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەند کراوە.
هەروەها مامۆستا محەمەد خزرنەژاد، مامۆستاییەکی ئایینی کوردی سوننە کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا لە بوکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامیی شاری ورمێ بە تۆمەتی "گەندەڵی لەسەر زەوی"، "زیانگەیاندن بە یەکپارچەیی و سەربەخۆیی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" سزای لەسێدارەدان و 16 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ڕاپۆرتەکە هەروەها دەڵێت دوو ژنی چالاکوانی کورد بە ناوەکانی وەریشە مورادی ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) و پەخشان عەزیزی چالاکوانی کورد کە لە 6 مانگ لەمەوبەرەوە دەستبەسەرکراون، لە دوو دۆسیەی جیادا بە "بەغی" تۆمەتبار کراون. تۆمەتێک کە نیگەرانییەکانی لەبارەی ئەگەری دەرکردنی سزای قورسی لەسێداردان بۆ ئەو زیندانیانە دروستکردووە.
هەروەها بە پێی ڕاپۆرتەکە لانیکەم 54 هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستان، کرماشان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە تۆمەتی سیاسی و ئایدۆلۆژی لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوان کە تا ئێستاش چارەنووسی زۆرینەیان نادیارە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا کە بۆ کۆڵبەران تەرخان کراوە، باس لەوە کراوە کە لە ماوەی سی ڕۆژی ڕابردوودا چوار کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنوور کوژراون ولانیکەم 38 کۆڵبەریش لە ئەنجامی لێدان و تەقەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان بە قورسی بریندار بوون.
ڕێکخراوەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بە هۆی قەدەغەبوونی چالاکیی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ئەو ئامار و زانیاریانەی لە ڕاپۆرتەکەیاندا خراوەتەڕوو، هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ناگرێتەوە و رەنگە ئامارەکان زۆر لەوەش زیاتریش بن.