Accessibility links

فازڵ نەبی: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق هەنگاوی تریان لە دژی هەرێمی کوردستان بەدوادا دێت


بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق پلانەکانی "بە لەسەرخۆیی" دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەنگاوی تریشیان لە دژی هەرێم بەدوادادێت.

دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ترس هەیە لە بڕیاری تری عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان، چونکە پلانی سەرەکی عێراق بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە، جا پلانەکان لە ڕێگەی برسیکردنی خەڵکەوە جێبەجێ دەکرێن یاخود لە ڕێگەی دروستکردنی کێشەی ئابوورییەوە بۆ هەرێم."

هەروەها وتیشی، "حکومەتی هەرێم بە نیازە بەیاننامەیەک دەربکات لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و نیگەرانی خۆی دەرببڕێت، بەڵام تازە بڕیارەکە دەرچووە و بووەتە ئەمری واقیع و دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."

ڕۆژی 21ی مانگی 2ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق دوو سکاڵای یەکلایی کردەوە، کە یەکێک لە سکاڵاکان پەیوەندیداربوو بە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم لە سەر بنەمای سکاڵایەک کە لەلایەن سێ هاوڵاتی دانیشتووی هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکرابوون.

دادگای فیدراڵی عێراق سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی پابەند کرد بە چەندین بڕیاری دارایی کە گرنگترینیان بریتی بوون لە ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە عێراق و پابەندکردنی عێراق بە دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

وەزارەتی دارایی عێراق دوای بڕیارەکە دەڵێت پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هەژماری بانکیی حکومەتی فیدڕاڵی دابیندەکات، بەڵام حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەم هەنگاوە نییە و پێیوایە لێدانە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم.

دکتۆر فازڵ نەبی دەڵێت، "شیکردنەوە بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی گوایە بە بێ هەژماری بانکی و کارتی زیرەک مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم خەرج ناکرێت هەڵەیە، بنەمای سەرەکی بڕیارەکەی دادگا خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانە، کردنەوەی هەژماری بانکی میکانیزمە و بەمانگێک جێبەجێ ناکرێت."

دەشڵێت، "وڵاتێکی پێشکەوتووی وەکو ئەمەریکاش ناتوانێت بە مانگێک هەژماری بانکی بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس بکاتەوە، بەتایبەت جگە لە بانکی تی بی ئای هیچ بانکێکی تری حکومی لقی لە هەرێمی کوردستان نییە."

ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس دادەنرێت. حکومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە بۆ دابینکردنی مووچە.

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە پێویستی دەزانێت هەرێمی کوردستان وەفدێکی باڵا ڕەوانەی بەغدا بکات و ئەو پەیامە بگەیەنن: "گەر خۆیان (بەغدا) دەتوانن لە مانگێکدا هەژماری بانکی بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار موچەخۆر بکەنەوە با بیکەن، چونکە ئەمە بە عێراقیش ناکرێت."

دەڵێت، "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کاتی تێدا دیاری نەکراوە، کەواتە دەبێت عێراق وەکو پێشووتر مانگانە 618 ملیار دینارەکە بداتە هەرێم، تا ئەوکاتەی هەژماری بانکی بۆ موچەخۆران دەکرێتەوە."

ڕۆژی 26ی مانگی 2ی 2024، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بانگهێشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی کرد. بەپێی وتەی ئەندامانی لیژنەکە، وەزیری دارایی لەکۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە تەنها ئەم مانگە بەپێی لیستی مووچەخۆران کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نێردراوە پارە ڕەوانەی هەرێم دەکات، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو دەبێت هەر مووچەخۆرێکی هەرێم هەژماری بانکی لە بانکە حکومییەکانی عێراق هەبێت بۆ ئەوەی مووچەکەی وەربگرێت.

دکتۆر فازڵ نەبی دەڵێت، "گەر بە لۆژیک کاربکرێت کێشە دروست نابێت. لە ماوەی مانگێکدا ناتوانرێت هەژماری بانکی بۆ تەواوی مووچەخۆران بکرێتەوە، دەبێت حکومەتی هەرێم و بەغدا ڕێکبکەون تا ئەوکاتەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران دادەنرێت بەغدا پارە بنێرێت."

دەشڵێت، "وەزیری دارایی ناتوانێت پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نەنێرێت، چونکە بڕیاری دادگایی فیدراڵی یەکلایی کەرەوەیە و دەبێت پابەندی بێت، بەڵام مەسەلەکە پێویستی بەجوڵەیەک هەیە لە هەرێمەوە تا ببرێتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بڕیاری لەبارەوە بدرێت."

دەوترێت حکومەتی عێراق ئامادە نییە مووچەی یەک ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆری هەرێم خەرج بکات، بەڵکو تەنها ئامادەیی بۆ خەرجکردنی مووچەی 618 هەزار مووچەخۆر دەربڕیووە. بەڵام دکتۆر فازڵ نەبی ئەمە ڕەتدەکاتەوە.

دکتۆر فازڵ نەبی جەختیکردەوە، "مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم 920 ملیار دیناری دەوێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی عێراق مانگانە 775 ملیار دینارە، لە خانەنیشین و چاودێری کۆمەڵایەتیش 96 ملیار دینارە، ئەمە دەکاتە 870 ملیاردینار، وە لەگەڵ بودجەی پێشمەرگە پارەکە دەگاتە 900 ملیار دینار و کێشەی موچە دروست نابێت."

XS
SM
MD
LG