Accessibility links

سەرۆکی پێشووی پەرلەمان: بەشدارینەکردنی پارتی لە هەڵبژاردن مەترسی دابەشبوونی هەرێمی کوردستان دروستدەکات


سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هۆشداریدا لەوەی بەشداری نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی مانگی شەشی ئەمساڵی پەڕلەمان مەترسی دوو لەتبوونی کیانی هەرێمی کوردستانی بەدوادا دێت.

دکتۆر یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوەی من دەیبینم پارتی فشار دەکات بۆ ئەوەی بارودۆخی خۆی لە هەڵبژاردن مسۆگەر بکات بەر لەوەی بەشداری هەڵبژاردن بکات، هەم لە ژمارەی کورسی، چونکە زیاترین سود مەند لە 11 کورسی پێکهاتەکان پارتی بووە، وە هەژماری منیش زۆر لەلایان گرنگە پێم وایە ئەگەر ئەم دوو داواکاریەیان بۆ جێبەجێ ببێت، بەشداری هەڵبژاردن دەکەن، ئەگەر نا بە دوری نازانم بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن، بەمەش دۆخی هەرێم دەچێتە قۆناغیکی ترەوە."

وتیشی، " کێشەکە لە بەشداری نەکردنی پارتیدا نییە، کێشەکە ئەوەیە کە زۆنێکی گەورەی هەرێمی کوردستان واتە دوو پارێزگا لە ڕووی ئەمنی و چەکداری و هەواڵگری لەلایەن ئەو هێزەوە کۆنتڕۆڵکراوە، ئەمە لاسەنگیەکە دروست دەکات. بە بەشداری نەکردنی مەترسیەکە لەوەیە هەرێمی کوردستان بە تەواوی دوو لەت ببێت."

تا ئێستا پارتی ئامادە نییە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان بکات.

مه‌سعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، ڕۆژی چوارشەممە (27-3-2024) لە کاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدڕاڵی عێراقی تایبەت بە هەرێمی کوردستان بە سیاسی لەقەڵەمدا بۆ "شکاندنی پارتی."

مه‌سعود بارزانی ڕایگەیاند، "ماوەی دووساڵە كە هەڵبژاردنەكان بە بیانووی جۆراوجۆری سیاسی و هاندانی دەرەكی دوادەخرێت، ئێستاش كە بە بڕیاری سیاسی دادگای فیدڕاڵ و بەپێی ئەجێندای دەرەكی دەسكاریی یاسای هەڵبژاردن كراوە، ئینجا دەڵێن با هەڵبژاردن بكرێت."

وێرای بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، پارتی ڕەتی دەکاتەوە لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی هەرێم بێت و لایەنەکانی تر پرۆسەی سیاسی لە هەرێم بەڕێوە ببەن.

ڕۆژی 26ی ئەم مانگە ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەگەر باڵانسی هێز لە هەرێم بەوە لێکبدرێتەوە کە پارتی ئاوت بکرێت واتە دەچینە ماڵەوە دادەنیشین و خەڵکی تر حوکمی کوردستان دەکات ئەوە خەونێکی خۆش خەیاڵیە و هەرگیز نایەتە دی."

بەڵام دکتۆر یوسف محەمەد پێی وایە "مەحاڵ نییە" پارتی لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی هەرێم بمینێتەوە.

دکتۆر یوسف ڕایگەیاند، " کێشەکە لە بەشداری نەکردنی پارتیدا نییە. لە هەڵبژاردنی پێشوو سەدریەکان بەشداری حوکمڕانی نەبوون، بەڵام حوکمڕانی لە عێراق بەردەوامە."

هەرچەندە دوا وادە بۆ تۆمارکردنی ناوی لیست و قەوارەکانی بەشدار لە هەڵبژاردنی هەرێمدا ڕۆژی 28ی مانگی 3 بوو، بەڵام کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژرادنەکانی عیراق وادەکەی تا 31ی ئەم مانگە درێژکردەوە و پارتی تا ئێستا ئامادەنەبووە ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بە کۆمسیۆن بکات.

لەو بارەیەوە جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پرۆسەی درێژ کردنەوەی ماوەی پێشکەشکردنی لیستی کاندیدەکان بۆ پێدانی دەرفەتی زیاترە لەبەردەم حزب و ھاوپەیمانی و تاکەکەسەکاندا."

وتیشی،"وە کۆمسیۆن بە ھیچ جۆرێک دیدارو بینینمان نەبوە لەگەڵ حزبەکان."

جگە لە پارتی و بەشێک لە کەمایەتیە نەتەوەیی و ئاینیەکان، لایەنەکانی تر ئامادەییان بۆ هەڵبژاردن دەربڕیوە. بەشێک لەلایەنەکان بەشێوەی سەربەخۆ و بەشێکیان بەشێوەی هاوپەیمانێتی لە کۆمسیۆن ناوی خۆیان تۆمارکردووە.

لەو بارەیەوە وتەبێژی کۆمسیۆن دەڵێت، " تا ئێستا لە سلێمانی دوو هاوپەیمانی و یەک هاوپەیمانی لە هەڵەبجە و یەک دانەش لە دهۆک ناوی خۆیان تۆمار کردووە، بەشیک لەلایەنەکانیش بە فەرمی لیستی بەربژێرەکانیان پێشکەش بە کۆمسیۆن کردووە. بە نسبەت کاندیدە تاکە کەسیەکانەوە، لە هەولێر 11 کەس، لە سلێمانی 13 کەس، لە دهۆک 12 کەس، لە هەڵەبجەش هیچ کاندیدێکی تاکە کەس بوونی نییە."

لە کاتێکدا وادەی کۆمسیۆن بۆ پێشکەشکردنی ناوی قەوارە و کاندیدەکان تەنها دوو ڕۆژی ماوە، ڕووننیە کە ئایا پارتی لەم ماوە کەمەدا هەڵوێستی خۆی دەگۆڕێت.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە چەند بەرپرسێکی باڵای پارتی، لە نێوانیان هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، بەڵام هیچیان ئامادەنەبوون لەسەر ئەم پرسە لێدوان بدەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:44 0:00

XS
SM
MD
LG