Accessibility links

عەلی ئەلبەیدەر: ئێران دەیەوێت لە ڕێی سەرکێشییەکانیەوە وەهای نیشانبدات کە توانایی زۆرن


دەمێک ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران بەشی هەرە زۆری داهات و دارایی وڵاتەکەی تەرخانکردووە بۆ پەرەپێدانی لەشکریی و فەرامۆش کردنی داواکارییەکانی خەڵک، بەڵام وەک دەگوترێت بەو هەموو هەوڵانەوەی ئێران دەیاندات، هێشتاش ناتوانێت بگاتەوە تواناییە لەشکرییەکانی ئیسرائیل.

حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت ئەو هێرشانەی درەنگانێکی ڕۆژی شەممە کردوویەتییە سەر خاکی دەوڵەتی جوو "شتێکی لەناکاو نییە دووچاری سەرسوڕمانمان بکات و دەمێکیشە خۆمان بۆ ئەم سیناریۆیە ئامادەکردووە."

لێرەدا ئەگەڕ ڕەوشی ئابوری و دارایی و ناوخۆیی ئێران لەلایەک و لە لایەکی تریشەوە ئەو لە پەراوێز نراویەی ئێران تیایدایەتی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی ڕەچاو بکرێن، یەکەم پرسیار ئەوە دەبێت، ئایا ئێران تا چەندی تر دەتوانێت درێژە بەو هێرشانەی بدات بۆسەر ئیسرائیل؟

عەلی ئەلبەیدەر، شیکەرەوەی سیاسیی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دوری دەزانێت پێکدادانێکی گەورە ڕووبدات لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا لەم قۆناغەدا و دەڵێت "لەوبڕوایەدا نیم ئەم هێرش و کارانە 24 کاتژمێر تێبپەڕێنن، لەوانەیە چەند کاتژمێرێک بێت، چونکە هەردوو لایان لە مەترسییەکانی شەڕی گەورە تێگەیشتوون و دەشزانن چەندێک کاریگەریی دەکاتە سەریان، هەردوو وڵاتیش دەزانن چەندێک دوژمن و نەیاریان هەن لە ناوچەکەدا و ئەمە بێ لەوەی ئاوەها شەڕێک پێویستی بە ژمارەیەکی زۆری موشەکی دوورهاوێژ هەیە و تێچوویەکی زۆریشی دەوێت، ئەمە بێ لەوەی جوگرافیای ئەم شەڕەش ڕێگە نادات."
هاوکاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، دیپلۆماتکارانی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاند "ئەو هێرشانەی ئێران بەپێی بەندی 51ە کە پەیوەندی هەیە بە ڕەوایی بەرگریکردنەوە لە نێردە دیپلۆماتییەکان، ئەگەر ئیسرائیل هەڵەیەکی تر بکات ئەوا وڵامی ئێمەش زۆر توندتر دەبێت. ئەمە کێشە و ململانێی نێوان تاران و تەلئەڤیڤە و پێویستە ئەمەریکا خۆی دور ڕابگرێت."

بەڕێز ئەلبەیدەر دەڵێت " ئێران هیچ شتێکی نییە تا لە دەستیبدات لە ئاوەها شەڕێکدا چونکە دەوڵەتێکە زیاتر لە چل ساڵە لە ڕەوشێکی لە پەراوێزنراودا دەژی؛ لەوانەشە وەها بیری لێبکاتەوە کە بەو جۆرە سەرکێشیانەی نیشانی هەم ئیسرائیل و هەمیش هاوپەیمانەکانی ئیسرائیلی بدات کە تواناییەکی زۆری هەیە و چیی بوێت دەیکات و دەشتوانێت بەرسڤی هەموو جۆرە کاردانەوەیەکیش بداتەوە، جا ئێران خۆی ئاوەها مەزەندەی دەکات."

پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت " بەر لە دەستپێکردنی هێرشەکە وڵاتانی ناوچەکەمان ئاگادار کردۆتەوە لەوەی دەکرێنە ئامانج ئەگەر بەشداری هەر کارێکی دژ بە ئێران بکەن."

عەلی ئەلبەیدەر، نکوڵی ناکات لەوەی ڕەوشەکە مەترسیدارە بەتایبەتیش لەو ڕوانگەیەوەی ئیسرائیل و ئێران دوو جەمسەری سەرەکین لە ناوچەکەدا و دەڵێت "ئەگەر ئەو دوو وڵاتە خۆیان کۆنترۆڵ نەکەن، کە زۆریش پێدەچێت بیکەن چونکە ناچارن، بەڵام ئەگەر نەیانکرد ئەوا تەواوی ناوچەکە دەکەوێتە ڕەوشێکی پڕ لە پشێوییەوە، ئەڵبەت ئەگەر ناوچەکە نەبێتە بەشێک لەو قەیرانە هاوکاتی ئەو دابەشبوونەی لە ناوچەکەدا هەیە بەسەر هەردوو بەرەی دژ و پشتیوانکاردا لەو سۆنگەیەوەی ئەم جۆرە شەڕانە تانوپۆیەکی ئاینی لە خۆ دەگرێت زیاتر لەوەی لەشکریی بێت."
بەپێی زانیارییەکان و ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران ئاسمانی پارێزگاکانی عێراق لەوانە پارێزگای سلێمانی و پارێزگای بەسرەی بەکارهێناوە بۆ ئەو موشەک و درۆنانەی گرتوونیەتە ئیسرائیل و دەنگۆی ئەوەش هەیە وەک دەگوترێت پێشوەخت بە بڕیارێک، ئاسمانی عێراق بە کراوەیی بهێڵدرێتەوە بۆ هەر هێرشێکی ئاسمانیی ئێران بیکات. ئەم دەنگۆیانە هیچ پشڕاست کردنەوەیەکی فەرمیانەیان نییە.

بەڕێز ئەلبەیدەر، شیکەرەوەی سیاسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت "هەندێک لایەنی سیاسی و لایەنی چەکداریش پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەیە، هەر بۆیە وەک بارێکی ئاسایی پشتیوانی لە ئێران دەکەن، ئەمەش کاریگەریی دەکاتە سەر واقعی سەقامگیریی لە عێراقدا، ئەمەش وەها دەکات عێراق ببێتە ژینگەیەک بۆ ململانێ و مەیدانێکیش بۆ ئەم قەیرانە و بەرەنگاربوونەوەیە."
هەر لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکەی ئێراندا، عێراق تەواوی گەشتە ئاسمانییەکانی لە وڵاتەکەدا ڕاگرت.

عەلی ئەلبەیدەر دەڵێت "لەوانەشە شتی زیاتریشی بە دوادا بێت، زیاتر لە ڕاگرتنی گەشە ئاسمانییەکان لە وڵاتاندا و لەوانەیە کاریگەرییەکی زۆر خراپی ئابوریشی هەبێت بەسەر عێراق و بەسەر ناوچەکەشەوە، لەوانەیە هاتوچۆیی بازرگانیی لە دەریا و لەسەر زەمینیش ڕابگرێت. بەڵێ ئاوەها شەڕێک دەشێت ببێتە مایەی داڕمانی عێراق ئەگەر ئەو هێزە سیاسی و چەکدارانە خۆیان بکەنە بەشێک لە شەڕەکە، هەربۆیە پێویستە حکومەتی عێراق ڕێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ ڕێگەگرتن لە ئاوەها کارەساتێک."

ئەم هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، هاوکاتە لەگەڵ گەیشتنی موحەمەد شییاع ئەلسودانی، سەرەک وەزیری عێراق و شاندی یاوەری بۆ واشنتۆن و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک جۆو بایدن.

ئیسرائیل دەڵێت کاردانەوەیەکی گەورەی دەبێت لەسەر ئەو هێرشەی کۆماری ئیسلامی ئێران؛ ئێرانیش دەڵێت هێشتا وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئیسرائیل تەواو نەبووە.



XS
SM
MD
LG