وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆژی 7ی مانگی چواری 2024 نووسراوێکی ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە تێییدا داوای کردووە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوی چواری و سەرجەم زانیارییەکانی فەرمانبەرانی وەزارەتە جیاوازەکانی حکومەتی هەرێم ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بکات بە مەبەستی دروستکردنی هەژماری بانکی لە بانکەکانی(ڕافیدەین و ڕەشید و تی بی ئای..). نووسراوەکە ڕۆژی هەینی ڕابردوو، واتە 19ی مانگی چوار نزیکەی دوو هەفتە دواتر بڵاوکرایەوە هێشتا نە وەزارەتی دارایی هەرێم و نە حکومەتی هەرێم هیچ وەڵامێکی فەرمییان نەداوەتەوە، ئاڕاستەکردنی ئەم نووسراوەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پرۆژەی هەژماری من دەکاتەوە بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی هەرێم موچەکانیانی لێوە وەربگرن.
دەپرسین :
ئەم نووسراوەی وەزیری دارایی ئایا گرفتێکی تر لە نێوان هەرێم و بەغداد دروست دەکات لە کاتێکدا هەرێم جەخت لەسەر هەژماری من دەکاتەوە و بەغدادیش لەسەر بانکە فیدراڵییەکان؟
ئایا چارەنووسی هەژماری من چی لێبەسەردێت؟
ئایا فەمانبەرانی هەرێم لە نێوان بەرداشی هەژماری هەرێم و پرۆژەی بە نیشتمانیکردنی عێراقی کە بە تەوتین ناودێر دەکرێت، دەبێت چی بکەن؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ ئەم پرسە تاووتوێ کرا بە میوانداری:
دکتۆر فازڵ نەبی، پسپۆڕی بواری ئابوری و بریکاری پێشوتری وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی عێراق.
دکتۆر ئەحمەد سەفار، سەرۆک و بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق و مامۆستای زانکۆ لە بواری ئابوری.
دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق.
دکتۆر فازڵ نەبی:
ناوەڕۆکی نوسراوەکەی وەزیری دارایی هەمان ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە و بەشێکە لە بڕیاری دادگای فیدراڵی (ست تەیف)لەخۆیەوە شت ناکات، بەسروشت زۆر پابەندە بەیاسا ئەوە کێشەکەیەتی نەک بابەتی ئەوەی دژی هەرێم بێت، سەبارەت بە تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بۆیە ئەگەر بەزوترین کات وەفدێکی باڵای هەرێم نەچێتە بەغداد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە ئەوە ئەگەری هەیە گرفت بۆ موچەی مانگی ٥ و ٦ دروست ببێ، مانگی ٤ موچە دێت، بەڵام مانگی ٥ و مانگەکانی تر دەبێت زوو چارەسەر بکرێت، بە بڕوای من کێشەکەش گران نیە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت، وە نابێت بیانوو بدرێتە دەست بەغداد بەڕاستی .
حکومەتی هەرێمی کوردستان وا تێدەگات لە(تەوتین)کە کەمکردنەوەیە لە شەئن و سەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە ڕاستەوخۆ موچە لە بانکەکانی حکومەتی عێراقیەوە دەدرێتە فەرمانبەرانی هەرێم، ئەوکات حکومەتی هەرێم هیچ ڕۆڵێکی نامێنێت،بەبۆچونی من چارەسەری مامناوەند هەیە دەبێت ئەمڕۆ و سبەی حکومەتی هەرێم حەرەکە بکات بیانوو نەدەنە دەست بەغداد، چونکە لە مێژە من بۆنی ئەوەدەکەم ئەگەری هەیە لە مانگی ٥ کێشە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست ببێتەوە، من گەشبین نیم ئەگەری هەیە کێشە دروست ببێت لەسەر چارەنوسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە نێوان هەژماری من و تەوتین، کێشەکە ئەوەیە لەناو بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەڕوونی باسی بانکە حکومیەکان دەکات.
بەغداد بۆیە هەژماری من ڕەتدەکاتەوە چونکە متمانەیان بەو ژمارەیەی فەرمانبەران نیە و پێییان وایە هەندێکی بندیوارن، دیارە بەغداد زانیاریان بۆ دەچێت و ئاگایان لە زانیارییەکانە، هەرێمیش بۆیە پێداگری لەسەر هەژماری من دەکاتەوە بابەتەکە سیادە و شەئنی هەرێمە، بۆیە بە داخەوە بە بۆچونی من ئەم سیقەیە بە ئاسانی دروست نابێ، بۆیە بەزوترین کات پێویستە حکومەتی هەرێم وەفدێک بنێرێتە بەغداد چونکە من بۆنی ناخۆش لەو نوسراوە دەکەم وە هەر ئەو نوسراوەش نیە، بەڵکو نوسراوێکی تریش هەیە کە پەیوەندیدارە بەهەمان بابەت کە وەزارەتی دارایی عێراق نوسراوی بۆ هەڕێم کردووە کە داهاتی نانەوتی نەوت ڕادەستی بەغداد بکەنەوە، ئەمەش پەیوەندیدارە بەبڕیاری دادگای فیدراڵی هەرچەندە خاڵێکی بەهێز بۆ هەرێم لە بڕیارەکەی دادگا ئەوەیە کە نابێت هیچ گرفتێک ببێتە ڕاگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، حکومەتی هەرێم دەتوانێت ئەوە بەکاربهێنێ، بەڵام بەبۆچونی من داهاتی نانەوتیش ڕەنگە بەغداد بیکاتە گرفت بۆیە من دەڵێم دەبێت زوو بگەینە خۆمان تا ئەو کێشانە چارەسەر بکەین، ئەگەر ئێمە وەک هەرێم خۆمانی لێکڕبکەین، سوربین لەسەر هەژماری من وە بەغدادیش سوربن لەسەر تەوتین بێگومان کێشە دروست دەکات، ئەگەر لەنێوان بەغذاد و هەرێم ئەو کێشەیە چارەسەر نەکرێت ئەوا موچە خۆر دەبێتە قوربانی، وە ئەو بڕیارەی ئێستا هەیە لە بەرژەوەندی هەژماری من نیە و دژی هەژماری منە، بەڵام چارەسەر هەیە دەبێت حکومەتی هەرێم چارەسەری بکات.
دکتۆر ئەحمەد سەفار:
من گەیشتمە بڕوایەک کە دەبێت کێشەی دارایی لەنێوان هەرێم و بەغداد هەربمێنێت، نیەت پاکی نیە لەنێوان هەردوولا، (حکومەتی عێراق و هەرێمیش) بڕوایان بەو سیستمەی فیدراڵی نیە، من لە بەغداد بووم هیچ تەبەقەیەک (نە پەرلەمان نەحکومەت٩بڕوایان بە فیدراڵی نیە، بە جیابونەوەی دەزانن، لەهەرێمیش زیادەڕەوی کراوەتە سەر دەسەڵاتەکانی دارایی، لە ٢٠٢١ یاسای بودجە دەرچوو هی عێراق هەرێم پابەند نەبوو پێوەی ئەگەر پابەند بووایە ئێستا نە بڕیاری دادگای پاریس دەردەچوو، نە نەوتی هەرێم ڕادەگیرا، چونکە لە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی عێراق دەسەڵاتی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی دابووە هەرێم تەنها وتبووی پارەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل بدە هەرێم ئەوەی جێبەجێنەکرد، بۆیە دەڵێم کێشەکە بەمەبەستە و قوربانیش تەنها موچە خۆرانن،بابەتی هەژماری من-ئێستا بۆتە کێشەیەکی سیاسی لەکاتێکدا خۆی وانیە، هەموو جیهان ئێستا ئەلیکترۆنیە و مامەڵە بە پارەی کاش نەماوە، قەیچێکە ئەو هەژمارە دروستکراوە با سودی لێببینین، بەڵام فەرمانبەر ئازادە چ بانکێک هەڵدەبژێرێت چونکە متمانە بۆ هەموو بانکێک بنەمای سەرەکیە کە بەشداربوو بڕوای پێبکات..
موچەخۆران با دوعا بکەن خوا ڕەحمیان پێبکات لەم نێوەندەدا، منیش لەگەڵ بۆچونی دکتۆر فازڵم کە بۆ مانگی ٥ و مانگەکانی تر کێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروست دەبێتەوە، ئەوە پێشبینیە هیوادارم ئێمە هەڵەبین و کێشە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دروست نەبێتەوە، منیش هەمان شت دەڵێم، ست تەیف کەسێکە یاسا جێبەجێ دەکات نەک ئەوەی دژی هەرێم یا کەسێک بێت.
دارا سێکانیانی:
لەسەردانێکی فراکسیۆنی یەکگرتوو بۆ لای سەرۆکی دادگای فیدراڵی، لە یەکێک لە تەوەرەکان ، سەرۆکی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەتەوتین کردنی موچەی فەرمانبەران وتی، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی زۆر ڕوونە ئەویش ئەوەیە دەبێت لە یەکێک لە بانکەکانی حکومەتی فیدراڵی بێت، کە سێ بانکمان هەیە(بانکی ڕەشید، ڕافیدەین، تی بی ئای) دواتر فەرمانبەرەکە خۆی لە هەر ئامێرێکی ئەی تی ئێم موچەکەی ڕادەکێشێت ئەوە ئازادە و کێشە دروست ناکات، هەتا سەرۆکی دادگا وتی، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی زیاتر حکومەتی عێراقی پابەند کردووە بە پێدانی موچە بە فەرمانبەرانی هەرێم،
وە سەرۆکی دادگای فیدراڵی وتیشی، ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی هیچ گرفت بۆ قەوارەی هەرێم دروست ناکات، چونکە قەوارەی هەرێم بەپێی دەستور هەرێمێکی فیدراڵە، خۆزگە هەرێمی کوردستان ئەوەندە متمانەی لای هاووڵاتییەکانی هەبووایە ئەگەر حکومەتیش بێت بڵێ هەژمار لە حکومەتی عێراقی بکەنەوە هاووڵاتی کوردی خۆی بیوتایە نەخێر من لە بانکێکی کوردستان دەیکەمەوە، وەڵاهی هاووڵاتی هەرێمی کوردستان متمانەی بە حکومەتی هەرێم هەبووایە نەدەچوو لە بانکێکی عێراقی ئەژمار بکاتەوە.