Accessibility links

ئایا بەکارهێنانی درۆنی تورکی لە دۆزینەوەی تەرمی ڕەئیسی لاوازی ئێران پیشاندەدات؟


گەڕان و دۆزینەوەی تەرمی سەرۆککۆمار و بەشێک لە بەرپرسانی ئێران لەلایەن درۆنی تورکیەوە، بەلای بەشێک لە چاودێرانەوە لاوازی سەربازی و لۆجستی ئێران دەردەخات و چاودێران پێیان وایە، وێڕای "شکستی" سەربازی ئەو وڵاتە "خەمساردی" ئێرانیەکان لە پرۆتۆکۆلی سەرۆکایەتی و بەرپرسەکانی پیشان دەدات.

ڕۆژی یەکشەممە 19ی مانگی پێنجی 2024 دوای ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی کۆپتەری هەڵگری ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆمار و حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و چەند بەرپرسێکی تری ئەو وڵاتە، بەرپرسانی ئێران دڵنیاییان دا بە هاوڵاتیانیان کە هەوڵدەدەن بە زوویی شوێنی ڕووداوەکە و چارەنووسی سەرنیشینان دیاریبکەن. بەڵام دوای گەڕان بۆ ماوەی زیاتر لە 12 کاتژمێر و بەکارهێنانی درۆنی تورکی ئنجا لە کۆتاییدا تواندرا شوێنی ڕووداوەکە و تەرمەکانیان ئاشکرابکرێت.

بەکارهێنانی درۆنی تورکی بۆ دۆزینەوەی تەرمەکانیان هەر زوو سەرنجی میدیا و چاودێرانی بەدوای خۆیدا ڕاکێشا، بەشێک لە چاودێران پێیان وایە، ئەو ڕووداوە شکستی ئەو وڵاتەی لە بواری بەدەستهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم و لاوازی سەربازی کۆماری ئیسلامی پیشاندەدات.

دکتۆر هەردی مەهدی میکە، مامۆستای زانکۆی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێران داوای هاوکاری کرد، چونکە تواناکانی زۆر سنوردارن لە بابەتی تەکنەلۆژیای هاوچەرخ کە پێی دەڵێن بەرهەمەکانی پیشەسازی چوارەم. ئەو تەکنەلۆژیایەی کە پێویست دەکات بەکاری بهێنێت بۆ گەڕان وپشکنین و کۆنترۆڵی ئاسایش و فڕۆکەوانی لێی بێبەشە، زۆر جار لە پاشماوەی وڵاتانی تر کەلوپەل دروست دەکاتەوە، ئەمانەش توانایان سنوردارە. یان لەو وڵاتانەوە دەستی دەکەون کە بازرگانی لەگەڵ دەکەن، بە دەستی دوو لە جیاتی وڵاتە پێشکەوتووەکان. بە نموونە هەندێک کەل و پەلی هەیە لەڕێگەی هێزەکانی نزیک خۆی لە عێراق یان هەرێمەوە دەستی دەکەوێت، یاخود ئەرمینیا کە لۆبی سازی کردووە و ڕوسیاش هاوکاریەکی سنورداری دەکات."

وتیشی،" ئەم ڕووداوە دەریدەخات کە ئێران خاوەنی ئەو درۆنە نییە کە هەست بە گەرمی بکەن یان لە دووریەکی زۆرەوە کەشف بکەن یان تەن بدۆزنەوە. دەتوانین بڵێین تەکنەلۆژیای کوێر یان نازیرەکی هەیە، کە لە تەکنەلۆژیای دەستی دوەوە دروستی کردوون، بە مانای ئەوە نییە هیچی نییە بەس لە ئاستی باڵادا نییە."

سەرەڕای ئەوەی ئێران داوای لە تورکیا کرد هاوکاری بکات لە دۆزینەوەی تەرمی سەرۆک و بەشێک لە بەرپرسەکانی، ڕۆژی دووشەممە 20ی مانگی پێنج مەتیۆ میللەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە میدیاکانی ڕاگەیاند، " لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە داوای هاوکاریمان لێکرا."

دکتۆر هەردی میکە پێیوایە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەی کە فڕۆکە تێکشکاوەکەی ڕۆژی یەکشەممە بەرهەمی دروستکراوی ئەمەریکا بوو جێگەی سەرنجە. ڕایگەیاند، "ساڵی 2016 عەلی خامنەیی وتی نابێت لە ئێران کەلوپەلی دەرەکی بەکاربهێنن، بەڵام ئەو فڕۆکەی کەوتە خوارەوە ئەمەریکی بوو، کەواتە ئەمە هەرخۆی دەرخەری ئەوەیە کە هێشتا ئێران پێویستی بەو وڵاتەیە کە بەردەوام دروشمی 'مەرگ بەر ئەمەریکا' لە دژی دەڵێتەوە."

بەڕای چاودێرێکی تری سیاسی، ڕووداوەکە دەرخەری "شڵەژانی" زۆری ئەو وڵاتەیە لە کاتی قەیراندا و هاوکات کەمتەرخەمی لە پڕۆتۆکۆلاتی سەرۆکایەتی دەردەخات.

باران مەجید خان، چاودێری سیاسی و شارەزای سیاسەتی ئێران بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوەی لە ڕووداوەکە ڕوویدا جۆرێک لە شڵەژان بوو. باروودۆخی جوگرافی ناوچەکە شڵەژانەکەی زیاتر کرد، چونکە ڕووداوەکە چاوەڕوانکراو نەبوو، بەڵام سەرەرای ئەوەش ڕووداوەکە بووە هۆی دروستکردنی گومان لەسەر درۆنەکانی ئێران کە دروستکەر و فرۆشیاری درۆنن."

وتیشی،" بەرپرسانی ئێران خەڵکی سادەن و گرنگی زۆر بە پرۆتۆکۆلاتی ناوخۆیی نادەن. وە هێڵی ئاسمانی ئێرانی و توانای تەکنەلۆژی ئێران پیرە چونکە زۆر گرنگی پێ نەداوە. ئەوە نائاساییە کە ڕەئیسی سەرۆکی وڵاتە، دەبوو گرنگی زیاتر بە پرۆتۆکۆڵی سەرۆک بدرایە."

دوای گیان لەدەستدانیان، ئەمڕۆ سێ شەممە مەراسیمی گەڕاندنەوەی تەرمی ڕەئیسی و قوربانیانی تر ڕێکخرا.

بە پێی هەواڵی میدیاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، وا بڕیارە سبەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەشداری لە پرسەی بەرپرسە ئێرانیەکان سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:56 0:00
XS
SM
MD
LG