Accessibility links

دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانی محەمەد خزرنەژاد پشتڕاستدەکاتەوە


سزای لەسێدارەدان و 16 ساڵ زیندانیکردنی محەممەد خزرنەژاد، مامۆستای ئایینی خەڵکی بۆکان کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران دەستگیرکرابوو، لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پشتڕاستدەکرێتەوە.

ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ئاژانسی کۆردپا کە ڕووماڵی ڕووداوەکانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەکەن، ڕۆژی پێنجشەممە، 6ی مانگی شەش ئەم هەواڵەیان بڵاو کردووەتەوە و نووسیویانە سزای ئەو مامۆستا ئایینییە لەلایەن لقی 41ی دادگای باڵای ئێرانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر عەلی ڕازینی پشتڕاستکراوەتەوە.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد پێشتر لەلایەن لقی 3ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی شاری ورمێوە بە تۆمەتی ' گەندەڵی لەسەر زەوی '(افساد فی الارض)، " زیان گەیاندن بە یەکپارچەیی یان سەربەخۆیی وڵات " و " پڕوپاگەندە دژی حکومەت " سزای لەسێدارەدان و 16 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد لە میانەی خۆپیشاندانەکانی ژن، ژیان، ئازادی، لە مانگی یازدەی ساڵی 2022 لەگەڵ یاسری کوڕی لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی ناچار بە دانپێدانان کرا لە دژی خۆی. کوڕەکەی ئەو مامۆستا ئایینیە دوای چەند ڕۆژێک لەدەستبەسەربوونی ئازاد کرا.

بە گوێرەی هەواڵەکان، دەستگیرکردنی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد دوای مەراسیمی یادکردنەوەی ئەسعەد ڕەحیمی یەکێک لە کوژروانی خۆپیشاندانەکانی ژینا بووە کە تیایدا لە مزگەوتی فەخری بوکان وتارێکی پێشکەش کردووە و ڕەخنەی لە حکومەت و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ هاووڵاتیانی ناڕازیدا گرتووە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردبووە کە دادگاییکردنی مامۆستا خزرنەژاد لە چوار دانیشتنی کورتدا بەڕێوەچووە کە دوا دانیشتنیان لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوودا بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس و بەبێ مافی پارێزەر بەڕێوەچووە و دادوەرەکە بەبێ گوێگرتن لە ڕوونکردنەوەکان و قسەکانی تۆمەتبارەکە، تەنها بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات، سزای لەسێدارەدان و 16 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ئەو مامۆستا ئایینیەدا سەپاندووە.

سەرچاوەکە بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندووە محەممەد لە ماوەی 3 مانگ و نیودا لە ژووری تاکەکەسی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ڕووبەڕووی قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بووەتەوە.

سەدان کەسایەتی ئایینی سوننەی ئێران مانگی دووی ئەمساڵ لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی سیستەمی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران، بە ئاماژەدان بە نەبوونی دادپەروەری لە پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو مامۆستا ئایینییە تەمەن 45 ساڵانەدا، داوای ئازادکردنی ناوبراویان کردبوو.

هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دوو هەفتە پێش ئێستا لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی دا لە بەرامبەر لەسێدارەدانی چەندین کەسی سزادراو، لە نێویاندا محەمەد خزنەژاد.

کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا 9 کەسی دەستگیرکراوی خۆپیشاندانەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە سێدارە داوە و سزای لەسێدارەدانی بۆ چەند کەسێکی دیکە دەرکردووە، لەوانە ڕەزا ڕەسایی، توماج ساڵحی، موجاهید کورکور و محەممە خزرنەژاد.

بە پێی ڕاپۆرتی چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ئێران کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ڕابروودا، نزیکەی 800 کەسی لە سەرانسەری ئێران لە سێدارە داوە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە نێو بەلووچ و کوردەکاندا بووە.

XS
SM
MD
LG