Accessibility links

ئەوقافی هەرێم بۆ VOA: تا ئێستا 12 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان کە بە "فیزای ساڵی" حەجیانکردووە مردوون و پتر لە 20 کەسی تر بێسەروشوێنن


گوتەبێژی فەرمی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، لە کۆی 13 حاجی هەرێم کە تا ئێستا لە سعودیە گیانیانلەدەستداوە، 12 حاجییان لەوانەن کە بە "فیزای ساڵی" و لە دەرەوەی وەزارەتی ئەوقاف گەشتیان کردووە و زیاتر لە 20 حاجیشیان چارەنوسیان نادیارە.

کاروان ستونی، وتەبێژی فەرمی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەبارەت بە ئەوانەی تا ئێستا گیانیان لە دەستداوە، لە کۆی 13 حاجی کورد 12 حاجییان لەوانەن کە بە فیزای ساڵی حەجیان کردووە. هەرچەندە ئێمە پێشووتر هۆشداریمانداوە بەو خەڵکانەی کە دەیانەوێت بە فیزای ساڵی سەردانی سعودیە بکەن، پێمان ڕاگەیاندوون لە ڕووی تەندروستییەوە ژیانیان دەکەویتەوە مەترسی و ناخۆشی و ناڕەحەتیەوە، بەڵام بەداخەوە بەهەند وەرنەگیرا، لە ڕۆژی عەرەفەوە لەو کاتەی کە پلەی گەرما نزیکی 50 پلەی سەدی بوو، ئەوانە لەبەر نەبوونی شوێن لەسەر جادە ئەم ڕۆژەیان دەکردەوە، گەرمایەکی زۆر لێیانی داوە و بەشێکی زۆریان بوراونەتەوە و گیانیان لە دەستداوە."

وتیشی، "زۆر جار گلەیی ئەوەمان لێدەکرا کە تێچووی حەج گرانە، بەڵام ئەوانەی بە فیزای جۆراوجۆر گەشتیان کردووە بۆ سعودیە بەمەبەستی ئەنجامدانی حەج، تێچووی عەرەفە و موزەدەلیفە و مینا نادەن و لەسەر جادە دەمێننەوە، هیچ خزمەتگوزاریەکی مانەوە و سێبەر و ئاوی خواردنەوەیان نیە بۆیە ئەوە دەرئەنجامەکەیەتی کە گیانلەدەستدەدەن."

بە گوێرەی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵی حەجکردن، 4 هەزار و 685 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی سعودیەیان کردووە، لەو ڕێژەیەش هەزار و 700 هاوڵاتییان بە ڕێگەی وشکانی چوون بۆ ئەو وڵاتە و 2 هەزار و 985 هاوڵاتیان بە ڕێگەی ئاسمانی چوون.

هەروەها دەوترێت ئەمساڵ سەدان هاووڵاتی تری هەرێم لە ڕێگەی "فیزای ساڵ" و گەشت و عەمرەوە ویستویانە حەج بکەن، بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووی پرۆسەکە و بەهۆی ئەوەی ساڵانە شانشینی سعودییە تەنها ژمارەیەکی دیاریکراوی بۆ هەر وڵاتێک دیاریکردووە، بەمەش هەندێک لەو هاووڵاتیانەی هەرێم کە دەیانەوێت حەج بکەن لە تیروپشکی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ناویان ناگەڕێتەوە پەنا بۆ ڕێگای تر دەبەن.

وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان دوێنێ ڕایگەیاند لەرێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عەمرەی کوردستان رێکەوتنیان کردووە لەگەڵ کونسوڵی عێراق لەوڵاتی سعودیه، بۆ دۆزینەوە و سۆراغکردنی ئەو هاوڵاتیانە. وەزارەتەکە داواشیکردووە کەسوکاری ونبووان پەیوەندییان پێوە بکەن.

یەکێک لەو حاجییە کوردانەی کە ماوەی دوو ڕۆژە لە موزدەلیفەی سعودییە ونبووە و کەسوکارەکەی بە دوایدا دەگەڕێن ناوی قادر ڕۆستەمە.

کۆسار قادر کوڕی قادر ڕۆستەم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "باوکم لەگەڵ دایکم بە فیزای ساڵی گەشتیان کردبوو وەک ئەو هەموو خەڵکە، بەڵام ماوەی دوو ڕۆژە لە دایکم و هاوڕێکانی دابڕاوە و ئێستا بڵاومان کردووەتەوە."

کۆسار قادر داوایکرد "هەر کەسێک زانیاری لەسەری هەیە پەیوەندیمان پێوە بکات."

تێچووی حەجی فەرمی ئەمساڵ لەڕێگای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ هەر هاووڵاتیەک بە وشکانی بڕی 5 ملیۆن و 300 هەزار دیناری عێراقی بوو، بە ڕێگەی ئاسمانی بۆ هەر هاووڵاتیەک 6 ملیۆن و 350 هەزار دینار بوو و تێچووی گشتی ڕێوڕەسمە ئاینییەکە زیاتربوو لە 27 ملیار و 964 ملیۆن دینار کە دەکاتە زیاتر لە 19 ملیۆن و 286 هەزار دۆلار، ئەمە جگە لە خەرجی ئەو حاجیانەی کە بە ڕێگای وەرگرتنی فیزای ساڵی و گەشتیاری و عەمرەوە حەجیانکردبوو.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە خاوەنی چەند کۆمپانیایەکی تایبەتی گەشتیارییەوە کرد لە بارەی ڕەوشی ئەو حاجیانەی کە لەڕێگای کۆمپانیاکانەوە ڕۆشتوون، بەڵام کەسیان ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدەن.

کاروان ستونی وتەبێژی فەرمی حەج و عەمرەی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " حکومەتی سعودییە ئامادەکاری کردبوو بۆ یەک ملیۆن و 800 هەزار حاجی، بەڵام زیاتر لە 500 هەزار حاجی بە شێوەی فیزای یەک ساڵی و عەمرە و قاچاخ چووبوونە ئەو وڵاتە و قەرەباڵغیەکی زۆر دروستبوو هەتا ئەو هەموو گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبووەی لێکەوتەوە."

ئەنجامدانی حەج بە شێوەی نافەرمی و لەدەرەوەی ئەو پرۆسەیەی دەوڵەتی سعودییە دیاریکردووە، بووەتە جێگەی مشتومڕ لە ناو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە.

دکتۆر محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی، لەمبارەوە کۆتایی مانگی ڕابردوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوانەی بە ناوی عەمرەوە ڕۆشتوون بۆ وڵاتی سعودیە و ناگەڕێنەوە و حەج دەکەن، وەک لایەنە شەرعیەکەی هیچ گرفتێکی نییە و حەجەکەیان قبوڵە، بەڵام هەڵبژاردنی ڕێگاکەیان جوان نییە."

XS
SM
MD
LG