بەرپرسانی ئەمەریکایی و ئەوروپایی هۆشداری دەدەن لە ئەگەری پەرەسەندنی شەڕی غەززە لەگەڵ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دژی میلیشیاکانی حزبوڵڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.
جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی دووشەممە لە لۆکسمبۆرگ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، مەترسی تەشەنەکردنی شەڕ ڕۆژانە زیاتر دەبێت.
بورێل دەڵێت " بەداخەوە پێموایە لە لێواری شەڕێکی فراوانترداین".
هەروەها گوتی ئاگربەست لە غەززە زۆر پێویستە بۆ ئاسانکاری تێپەڕبوونی هاوکاریی مرۆیی و گوتیشی" گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ ناو غەززە بووەتە مەحاڵ".
لێدوانەکانی بۆرێل چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە بوو کە ئەفسەری باڵای سەربازی ئەمەریکایی هۆشداریدا لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و زیادبوونی مەترسی ململانێیەکی فراوانتر کە ئێران بۆ یارمەتیدانی حزبوڵڵا ڕادەکێشێت.
ئیسرائیل ماوەی چەند مانگێکە لە کەرتی غەززە شەڕی حەماس دەکات کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە هەمان کاتدا ڕۆژانە بە درێژایی سنوورەکانی ئیسرائیل و لوبنان لەگەڵ حزبوڵا خەریکی شەڕ و پێکدادان بووە.
ژەنەڕاڵی هێزی دەریایی چارڵس ق. براون، سەرۆکی ستونە هاوبەشە لەشکرییەکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئێران " زیاتر مەیلی ئەوەی هەیە پشتیوانی زیاتر بۆ حزبوڵا دابین بکات" و چەکدارەکانیشی بە خاوەنی سەرچاوەی زیاتر لە حەماس وەسف کرد.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، "قۆناغی چڕ"ی شەڕی دژی حەماس لە غەززە "زۆر بە زوویی" کۆتایی دێت. بەڵام ئاماژەی بەوەشکرد، پێدەچێت ئیسرائیل هێزەکانی بگوازێتەوە بۆ سنووری لوبنان.
لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی 14ی ئیسرائیل، نەتانیاهۆ ڕایگەیاند، گواستنەوەی هێزەکان بەرەو باکوور، هەڵوێستی بەرگری وڵاتەکەی لە دژی حزبولڵا بەهێزتر دەکات و ڕێگە بە ئیسرائیلییەکان دەدات کە لە شەڕەکانی نزیک سنووری لوبنان و ئیسرائیل هەڵاتوون بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکاتێکدا هیوادارە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ ململانێکان لەگەڵ حزبوڵڵا بدۆزرێتەوە، بەڵام ئیسرائیل دەتوانێت "لە چەند بەرەیەکدا شەڕ بکات، ئێمەش ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەین".
شەڕی غەززە و مەترسییەکانی ململانێیەکی فراوانتر، ڕۆژی دووشەممە لە واشنتن دەبێتە جێگەی سەرنجی دانوستانەکان، لەکاتێکدا یۆواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا کۆدەبێتەوە.
گالانت لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئێمە ئامادەین بۆ هەر کارێک کە ڕەنگە لە غەززە و لوبنان و لە ناوچەکانی زیاتردا پێویست بێت."
دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی غەززە
لە کاتێکدا نەتانیاهۆ پێشبینی دەکات شەڕ لە غەززە کۆتایی پێبێت لەگەڵ کۆتاییهێنان بە قۆناغی هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕەفەح، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە ئیسرائیل دەخوازێت هەتا داهاتوویەکی نزیک ئامادەیی سەربازی لەوێ بمێنێت.
وتیشی "دەشمانەوێت بەڕێوەبەرایەتییەکی سڤیل دروست بکەین، ئەگەر بتوانین، لەگەڵ فەلەستینییە ناوخۆییەکان و ڕەنگە بە پاڵپشتی دەرەکیی وڵاتانی ناوچەکە بۆ بەڕێوەبردنی دابینکردنی پێداویستی مرۆیی و دواتر، کاروباری مەدەنی لە کەرتی [غەززە]."
ناتانیاهۆ دژایەتی خۆی دووپاتکردەوە بۆ ئەوەی یان حەماس یان دەسەڵاتی فەلەستین کە بنکەکەی لە کەناری ڕۆژئاوایە، ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردنی غەززەدا هەبێت.
ئەمەریکا پێشترهۆشداری دژی داگیرکارییەکی درێژخایانی ئیسرائیل لەو خاکە داوە.
لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگ لە غەززە، دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.
بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 37,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.