Accessibility links

یەکێک لە کاندیدە ئەوپەڕی پارێزگارەکانی سەرۆکایەتی ئێران لە پێشبڕکێکە دەکشێتەوە


وەزارەتی ناوخۆی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە و ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، ئەمیرحوسێن قازیزادە- هاشمی، ئەوپەڕی پارێزگار، لە کێبڕکێکاندا بۆ سەرۆکایەتی ئێران کشاوەتەوە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت قازیزادە- هاشمی ڕۆژی چوارشەممە "کشانەوەی خۆی بۆ وەزارەتی ناوخۆ ناردووە."

قازیزادە-هاشمی، جێگیر ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، کە لە مانگی پێنجدا بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرێکەوە گیانی لەدەستدا، بەبێ ئەوەی پشتگیری لە کاندیدێکی دیاریکراو بکات کۆتایی بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی هێنا.

قازیزادە- هاشمی تەمەن 53 ساڵ، پزیشکە و لایەنگرێکی سەرسەختی حکومەتی ڕەئیسییە کە هاوکات وەک بەرپرسی دەزگای شەهیدان کاردەکات، کە ئەرکی پشتیوانیکردنی بنەماڵەی ئەو کەسانەیە، لە خزمەتی وڵاتەکەدا کوژراون.

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2021دا کاندید بوو و 3.5%ی دەنگەکانی دەستەبەر کرد.

ئەمیرحوسێن قازیزادە- هاشمی
ئەمیرحوسێن قازیزادە- هاشمی

قازیزادە-هاشمی درەنگانی ڕۆژی چوارشەممە لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵاتی ئێکس (تویتەر) ڕایگەیاند "بۆ پاراستنی یەکگرتوویی هێزەکانی شۆڕش" لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی دەکشێتەوە.

جێگری سەرۆک کۆمار لە پەیامەکەیدا داوای لە کاندیدەکان پارێزگار و ئەوپەڕی پارێزگارەکانی تر کرد کە ئەوانیش "ڕێکبکەون" لەسەر یەک کاندید بۆ پێشکەشکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو.

کاندیدە پارێزگار و ئەوپەڕی پارێزگارەکانی تر بریتین لە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و سەعید جەلیلی دانوستانکاری پێشووی بەرنامەی ناوکی و عەلیرەزا زەکانی سەرۆکی شارەوانی تاران و مستەفا پور محەمەدی سیاسەتمەداری دێرین.

مەسعود پێزشکیان تەنها کاندیدی ڕیفرۆرمستە و لەلایەن حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێرانەوە پشتیوانی لێکراوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG