Accessibility links

چاودێرانی ئێران: نەرمی پەیامەکانی پزیشکیان بۆ خاوبوونەوەی نارەزایەتیە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئێرانە


بەشێک لە چاودێرانی ئێران ڕایان وایە نەرمی ئەدای بەربژێرەکانی ئێران لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریدا، دەرخەی جێبەجێکردنی خواستەکانی کورد نییە لە لایەن ئێرانەوە، بەڵکو پەیوەستە بەو فشارە ناوخۆیی و دەرەکییانەی لە ئێستادا لەسەر ئێران هەن و ئێران ئامانجیەتی لەم ڕێگەیەوە دۆخەکە ئارامبکاتەوە. دەشڵێن دەرچوونی پزشکیان پێناچێت هیچ لە خواستەکانی کورد بەدیبهێنێت.

ڕەزا مەنووچەهری، چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بانگەشەکردن بە زمانی کوردی و پۆشینی جلی کوردی هۆکارەکەی ئەوەیە لە ناوچەکە دۆخی کورد جیاوازە لەساڵانی ڕابردوو ناکرێت بە پشتگوێخستن مامەڵە لەگەڵ کورد دا بکەن، کورد لە باشور و ڕۆژئاواش سەنگێکی هەیە وپێگەی هەیە، کە ئەمە کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەبووە، بە جۆرێک کە بزووتنەوەی نەتەوەیی و هۆشیاری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵات گەشەی بەهێز بکات، ئەم گەشەیەش لە شۆڕشی ژینیدا دەرکەوت و رەنگی دایەوە، هاوکات لە کەمترین بەشداری خەڵکی ئێرانیش ئەو ڕەنگدنەوەیە هەر بیندرا، کە کەمترین بەشداری دەنگدان لە کوردستان بوو ."

وتیشی،" ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکە ڕوویانداوە بۆ نموونە شەڕی قەرەباخ، ئازەربایجان وە بەهۆی لە ناوچەکە گۆڕانکاری هەیە و ئێران پێی وایە گۆڕانکاریەکان کاریگەری خراپی هەیە لەسەر وڵاتەکەی وە هەڕەشەیە لەسەری بۆیە ئێران دەیەوێت کۆمەلێک پەیام بدات، وە چیتر حکومەت ناتوانێ چاو لە سەنگی کورد و وجوودی کورد دابخات لە ئێستادا، بە پەیامی بەشێک لە بەربژێرەکان دەیەوێت ئەو پەیامە بدات کە ڕادیکاڵبوونی داواکانی کورد کاڵ و خاو بکاتەوە، دەیەوێت دەست بەسەر جڵەوی شەقامی ئێراندا بگرێت و کۆنتڕۆڵی بکات. "

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 6ی مانگی حەوت بارەگای "هەڵبژاردنەکان" ڕایگەیاند کە 30,530,175 دەنگیان ژماردووە کە لەو ژمارەیە مەسعود پزیشکیان 16,384,403 دەنگ و سەعید جەلیلی 13,538,179 دەنگی بەدەستهێناوە.

لەگەڵ ئەوەشدا مەسعود پزیشکیان کە ڕکابەری سەعید جەلیلی هاوتای بوو، بوو بە نۆهەم سەرۆک کۆماری نوێی ئێران بۆ جێگرتنەوەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتە کە بە هۆی ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی، کە لە 19ی مانگی چوار ی ئەمساڵ گیانی لەدەستدا.

پزیشکان کە بە بەربژێری ڕیفۆرمخوازەکان ناسراوە، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، هەندێک جار بە زمانی کوردی و جل و بەرگی کوردیەوە بانگەشەی بۆخۆی دەکرد، لە دیدی بەشیک لە ئێرانیەکان نەرمتر لە بەربژێر و سەرکردەکانی پێش خۆی دەبیندرا.

لە یەکێک لە پەیامەکانیشیدا پزیشکان بە زمانی کوردی، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو لە سابڵاغ لە دایک بووە و کورد بە دۆست و خۆشەویستی خۆی دەزانێت، هاوکات بە زمانێکی پاراوی کوردی وتی،" بژی ئێران، بژی کوردستان."

بەڵام پارێزەرێک پێی وایە پزشکیانان هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ سەرکردەکانی پێش خۆی نابێت و چاکسازی و ڕیفۆڕم لە ناو سیستەمی سیاسی ئێراندا بە "مەحاڵ" دەزانێت.

شەوبۆ خزری پارێزەر و چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" مەسعود پزشکیانان نەهاتووە کار بۆ خەلک بکات، بەڵکو ئامانجەکانی دەسەڵات و رەهبەر جێ بەجێ دەکات، خەڵک ئومێدی پێی نییە، تەنها بەشێک لە ریفۆرمخوازەکان هیوایان پێی هەیە، لەکاتێکدا ریفۆرم ممکن نییە لە ئێراندا بکرێت، پزشکیانان جیاوازیەکی نییە لەگەڵ ئەوانی پێش خۆی و وەک کورد هیچ چاوەڕوانیەکمان لێی نییە کە خزمەت بە دۆزی کورد بکات و قسەکانیشی هیچ لەم حەقیقەتە ناگۆڕێت."

وتیشی،" ئەوەی کرا بۆ هێورکردنەوەی ڕەوشی کۆمەڵگە و توڕەییەکانی خەڵکە، دامرکانەوەی توڕەییەکانی شۆڕشی ژینا کە خەڵک باوەڕی بە دەسەڵاتی ئێران زۆر لاواز ببوو، بۆ ئارامکردنەوەی خەڵکی پێویستی بە کەسێک بوو کە لەناو خەڵکەوە هاتبێت، پزشکیانان یەکێک نییە لە کەسە زۆر دیارەکانی ناو ریفۆرم خوازەکان ئەمەش بەو واتاییە ئێران دەیەویت بڵێت دەرگای سەرۆک کۆماری بۆ هەر کەس کراوەیە، لەلایەکی تریش کار لەسەر باشترکردنی پەیوەندیەکانی دەکات لە ئاستی دەرەوە کە پزشکیانان شیاوترە بۆ ئەم پرسە."

بە پێی قسەی چاودێرەکان کەمترین ڕیژەی دەنگدان بە پزیشکان لە شارە کوردیەکان بووە و ئەمەش دەرخەی ئەوەی کە کورد وێرای ئەوەی بێ هیوایە لە دەستکەوتنی مافەکانی لە ئێران، نارەزایەتیەکی قوڵیشی لە دەسەڵاتی سیاسی هەیە لەو پارچەیەدا.

رەزا مەنووچەهری دەڵێت،" ئێران لە ئاستێکدا لە ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران دەدات و سەرکوتیان دەکات، لە عێراق و هەرێم دەیەوێت دەریان بکات لەلایەکی تریش بەربژێرەکان جلی کوردی لەبەر دەکەن، ئەگەر ئێران ڕاستگۆبوایە دەبوو لەگەڵ نوێنەرە ڕاستەقینەکانی کورد دابنیشیت و گفتووگۆ بکات کە ساڵانیکە خەبات دەکەن و کاروانێک شەهیدیان داوە ئێ کە ئەمە ناکەیت خەڵکیش باوەڕت پێناکات و دەزانێت یاری بە هەست و شعوریان دەکەیت."

وتیشی،" لە کوردستان سەدا هەشتا دەنگی نەداوە و بەشداری هەڵبژاردن نەبوون، ئەوەی هەیە لە ڕۆژهەڵات نە دەنگ و ڕەنگی ڕۆژهەڵاتیەکانە نە تەعبیرە لە خواستەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات، ئەگەر وابوایە خەڵک زۆرترین بەشداریان دەکرد، بەڵام پێچەوانەکەی ئەوە دەرخەی ئەوەیە کۆمەلگە ڕەتی کردۆتەوە، خواستەکانی میللەتی کورد گەورەو بنەڕەتین وەک مافە نەتەوەییەکان مافی کەلتوری و زمان و چارەی خۆنووسین و خۆبەڕێوەبردنی ناوچەکانی خۆیانن، بە پۆشینی جل و بەرگی کوردی و چەند پەیامێک ئيران ناتوانێت بیشارێتەوە."

ئاماژە بەوەشدەدات،" ئەم سیاستە لە کۆتاییدا شکست خواردووە و ڕەنگە بە شێوەیەکی کاتیی هەندێک خاوبوونەوە لە ناڕەزایەتی دروست بکات یان لە دیدی دەرەوەی ئێرانیەکان گۆڕانکاری بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئێران سیاسەتی تازەی بۆ گەلانی جیاوازی ئیران نییە."

بەڵام سەرکەوتنی پزیشکیان بەسەر سەعید جەلیلی پارێزگاری توندڕەودا کە پێشتر دانوستکاری ئەتۆمی ئێران بووە و شێواز و خۆبەلزانییەکەی لە نێو دیبلۆماتکارانی ڕۆژئاوادا ناوبانگی هەیە، ئاسوودەییەک بوو بۆ حکومەتەکانی ئەوروپا کە هەوڵی پاراستنی گفتوگۆکان دەدەن لەسەر ئەو پرسە.

پزیشکیان لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئێران حەسەن ڕۆحانییەوە پشتگیری لێکراوە، لە کاتی سەرۆکایەتی ئەودا ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) لەگەڵ ڕۆژئاوا واژۆ کرا.

بەڵام پزیشکیان هەرگیز ناتوانێت ببێتە کەسی یەکەم لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران یاخود پرسە ئەتۆمییەکاندا، بە پێی سیستمی سایسی ئەو وڵاتە کەسی یەکەم و بڕیاردەر لە ئێران لەسەر ئەو پرسە گرنگانەی وڵات ڕابەری باڵای وڵاتەکە ئایەتوڵا عەلی خامنەئییە، کە لە ساڵی 1989 ەوە سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی دەکات.

لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا پزیشکیانی تەمەن 69 ساڵ هانی ئێرانێکی دەدا کە زیاتر کراوە بێت بە ڕووی ڕۆژئاوادا.

XS
SM
MD
LG