Accessibility links

سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە چوار ساڵی داهاتوودا لەگەڵ پزشکیان بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوات؟


دوای سەرکەوتنی مەسعود پزشکیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ئێستا ژمارەیەکی زۆر پرسیار لەبوارە جیاجیاکاندا سەبارەت بە داهاتووی ئێران هاتووەتە ئاراوە. یەکێک لە پرسیارە سەرەکییەکان سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە لەچوار ساڵی داهاتوودا کە لای زۆرێک لە خەڵکی ئێران و چاودێرانیش، دەتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆیشی هەبێت لەسەر دۆخی نێوخۆی کۆمەڵگەی ئێران.

پزشکیان لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیدا سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، بە پێچەوانەی ڕکابەرەکەی، سەعید جەلیلی کە دژایەتی هەرجۆرە گفتوگۆ و دانوستاندنێکی لەگەڵ ڕۆژئاوا دەکرد، ڕایگەیاند بە باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵی لابردنی سزاکانی سەر ئێران دەدات و گوتی بە سیاسەتێکی کارلێککارانە و شکۆمەندانەی دەرەوە دەکرێت دۆخی ژیانی خەڵک باشتر بکەین.


ناوبراو گوتی ڕێگە چارەی کێشەکان و هەڵگرتنی ئاستەنگەکانی بەردەم سیاسەتی دەرەوەی ئێران، زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015ی ئیڕانە و گوتیشی "پێویستە ڕێککەوتنە ناوکییەکە زیندوو بکرێتەوە و ئەگەر ئەم بابەتە چارەسەر نەکەین، قسەکردن لەسەر پرسەکانی تر تەنها لەئاستی قسەکردندا دەمێنێتەوە." ئەو پێی وایە کە بەبێ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکان، کۆماری ئیسلامی ناتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ دراوسێکانی بپارێزێت و پەرەیان پێبدات.

لەگەڵ ئەم بانگەشانەی پزشکیان لەبواری سیاسەتی دەرەوەدا، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە سەرکردەکان و بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا کاردانەوەیەکی ئەرینی و پیرۆزباییان بەرامبەر بە سەرکەوتنی پزشکیان نیشان نەداوە، ئەمەش لەکاتێکدا لە سەردەمی سەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانیدا، جگە لە کاترین ئەشتۆن، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بە شێوەیەکی تایبەتی پیرۆزبایی سەرکەوتنی ڕۆحانیان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد و هەروەها وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، پشتگیری خۆی بۆ حکومەتەکەی ڕۆحانی دەربڕی. جگە لەوەش وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هیوای دەربڕی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەوروپا باشتر بێت و تەنانەت وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و کۆشکی سپیش هەڵوێستی ئاشتیخوازانە و ڕێزدارانەیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە سەرکەوتنی رۆحانی.

تا ئێستا گرنگترین کاردانەوەی ئەرینی بەرامبەر بە سەرکەوتنی پزشکیان، پۆستی نەبیلا مەسراڵی، یەکێک لە وتەبێژەکانی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا بووە کە لە تۆڕی کۆمەڵاتی ئیکس پیرۆزبایی لە مەسعود پزشکیان کرد و ڕایگەیاند "ئێمە ئامادەین لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپادا، هاوکاری لەگەڵ حکومەتی نوێ بکەین."

کاردانەوەی واشنتنیش تا ئیستا سارد و نەرێنی بووە و دەڵێت چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای هەڵبژاردنی مەسعود پزشکیان وەک سەرۆک کۆماری نوێ ناکات.

جان کێربی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ڕۆژی دووشەممە 7ی مانگی حەوت ڕایگەیاند کە حکوومەتی ئێران هێشتا پشتیوانی لە "گرووپە تیرۆریستییەکانی" وەک حزبوڵڵا، حەماس و حوسییەکان دەکات.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیستمانی کۆشکی سپی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ئەمەریکا ئامادەیە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ لە ئێران دەستپێبکاتەوە، ڕایگەیاندووە نەخێر و ئەوە ڕوونادات.

کێربی بە ئاماژەدان بە هەڵبژاردنی مەسعود پزشکیان وەک سەرۆکی نوێی ئێران ڕایگەیاندووە "دەبێت بزانین چی دەکات، بەڵام چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی ئێران ناکەین."

بەم شێوەیەش تا ئێستا بەشێک لە هەوڵەکانی پزشکیان بۆ بنیاتنانی گوتارێکی نوێ لە پێوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران و ڕێبازەکەی بۆ چارەسەرکردنی گرژییە یەک لە دوای یەکەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و زلهێزەکان، نەگەیشتووەتە ئەنجامی خوازراو و دڵخوازی سەرۆکی چوار ساڵی داهاتووی ئێران.

دکتور لەیلا مروەتی، پسپۆڕی زانستە سیاسیەکان و شارەزا لە کاروباری ئێران لە فینلاندەوە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە سارد و سڕی و پێشوازینەکردنی ڕۆژئاوا لەهاتنە سەرکاری پزشکیان دەڵێت "پیرۆزبایی نەکردنی سەرکردەکانی ڕۆژئاوا لە پزشکیان بە مانای ئەوە نییە کە لەداهاتوودا ڕۆژئاوا نەیەوێت لەگەڵ ئێران هاوکاری بکات، چوونکە وەک بینیمان لەمردنی ڕەئیسیدا کە لای زۆر کەس یەکێک لە توندڕەوەکانی ئێران بووە و بە قەسابی تاران ناودیر دەکرا، زۆرێک لە بەرپرسانی رۆژئاوا و نەتەوە یەکگرتوەکانیش سەرەخۆشی مردنەکەیان کرد، بۆیە نەبوونی کاردانەوەی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە هاتنە سەرکاری پزشکیان ناتوانیت پێوەرێک بێت بۆ هەڵسوکەوتی سیاسی حکومەتەکان بەرامبەر بە وڵاتێکی دیکە."

لەیلا مروەتی
لەیلا مروەتی


ئەو دەشڵێت "بەڵام پێدەچێت هۆکاری پێشوازی نەکردنی ڕۆژئاوا بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە چیدیکە متمانەیان بە کۆماری ئیسلامی نەماوە. جگە لەوەش ئەگەر لە سەردەمی ڕۆحانیدا پێشوازی لە هاتنە سەرکاری کرا، بەو هۆیەوە بوو کە ئێران ئەو کات تا ئەم ئاستە دیوی شەڕانگێزانەی خۆی نەخستبووە ڕوو، بۆ نموونە لەم دواییانەدا بە ناردنی فڕۆکەی بێفرۆکەوان بۆ رووسیا و قوڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا، یان پشتیوانییەکانی لەحەماس و گرووپە چەکدارەکانی دیکە لە ناوچەکەدا تا دەگاتە پشتیوانی لە حوسییەکانی یەمەن، هەمووی لەم ماوەی دواییانەدا ڕوویداوە کە نیگەرانییەکی گەورەی لای ڕۆژئاوا دروستکردووە و بە ئاسانی ناتوانن چاوپۆشی لەو دیوە ترسناکەی ئێران بکەن."

جگە لەمانە، پرسیارێکیتر کە لەپەیوەند بە سیاسەتی دەرەوەی ئێران لای خەلک دروستبووە ئەوەیە کە دەپرسن چی وایکرد کە لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا، ئێران لە سەرۆکێکی توندڕەو و ڕادیکاڵ، ئاراستەکەی گۆڕا بۆ سەرۆکێک کە بە وتەی زۆرکەس ڕیفۆرمخوازە و دەڵێت پشتگیری لە دانوستاندن لەگەڵ ڕۆژئاوا دەکات و دەیەوێت کۆتایی بە گۆشەگیریی نێودەوڵەتی ئێران بهێنێت؟
دکتور لەیلا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت "رێبەری باڵای ئێران و دەورووبەرەکانی لە ئێستادا کەوتوونەتە چاڵێکەوە کە خۆیان ساڵانێکە لەناوچەکە و لە نێوخۆی ئێراندا خەریکی هەڵکەندنینی و بۆیە هێنانی پزشکیان تەنها بۆ دەربازبوونی لەو چاڵ و قەیرانەن ڕووبەڕوویان بووەتەوە."

دەشڵێت "کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانێکە بە دروستکردنی گرووپە ملیشیاکان و پشتیوانیکردنیان لە ناوچەکەدا هەوڵی پەرەدان بە ئایدۆلۆژیای خۆی دەدات و ئەم گرووپانەش تێچوو و مەسرەفێکی زۆری داراییان خستوەتە ئەستۆی ئێران کە چیدیکە بە هۆی سزاکانی رۆژئاواوە، ئێران لەتواناییدا نییە وەک جاران پشتیوانیان بکات و لەلایەکی دیکەشەوە ئەمە هەژاری و دۆخی خراپی ئابووریشی لە نێوخۆ دروستکردووە و هەروەها لەپاڵ توندوتیژییەکانی بەرامبەر بە خەڵکی ناڕازی و ژنان، هەمووی پێکەوە وڵاتەکەیان ڕووبەڕووی قەیرانێکی ڕژد کردووەتەوە کە تا ئاستێکی زۆر پەکی خستووە و دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ دەربازبوون لەم قەیرانەش، پەنایان بۆ بژاردەیەکی وەک پزشکیان بردووە."

بەڵام ئایا بەڕاستی ڕێبەڕی باڵای ئێران لە ترسی ڕووخانی حکومەت بڕیاری داوە جارێکی دیکە ڕووی خۆش نیشانی ڕۆژئاوا بدات و ئەگەر وایە توندڕەو و ئیسلامییەکانی دەسەڵاتداری ئێران تا چەند ئامادەن دەستبەرداری ئەو ڕێبازەی خۆیان بن کە دەیان ساڵە بەرامبەر بە رۆژئاوا گرتوویەتیانەبەر؟

دکتور لەیلا مروەتی دەڵیت "ڕێبەری ئێران و ڕاوێژکارەکانی باش دەزانن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە بڕیارە مانگی یازدەی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، ئەگەر دانۆڵد ترامپ و کۆمارییەکان بێنە سەر کار، ئەوا دۆخی سوپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی بەرەو خراپتربوون دەڕوات و هەر بۆیە هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە لە ریگەی پزشکیانەوە بتوانن بەر بە فشارەکانی ڕۆژئاوا بگرن."

سەبارەت بەوەی دەسەڵاتداران تا چەند دەتوانن پێی بەسەر ڕێباز و ئایدۆلۆژیاندا بنێن دەڵێت ئایدۆلۆژیای ئیسلامی شیعە و بەرژەوەندی چینی سیاسی دەسەڵاتدار ئەولەوییەتی سەرەکی سەرکردە و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئەم بەشە لە ڕێبازەکەیان قەت تێناپەڕێنن و تەنانەت ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکیشدا ناکۆک بێت، ئەوان بڕیارێک دەدەن کە تەنها لە بەرژەوەندی خۆیان و ڕێبازەکەیاندا بێت، هەر بۆیەش زۆر چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت پزشکیان بتوانێت ئەو کرانەوەیە لەئاستی نێودەوڵەتیدا دروست بکات، ئەگەر بێتو بەرژەوەندییەکانی ئەو چینە پێشێلبکات."

لە فایلە دەنگییەکەی خوارەوە گوێ لە تەواوی گفتوگۆکە بگرن

please wait

No media source currently available

0:00 0:24:59 0:00
XS
SM
MD
LG