Accessibility links

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران: "ناحەزان حەز دەکەن کورد تێوەگلێنن" لە کوژرانی سەرۆکی حەماس


نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە لێدوانێیکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا کوشتنی ئیسماعیل هەنییەی بە "کارێکی زۆر خراپ، بە تایبەت لەم قۆناغەدا " ناوبرد و جەختکردەوە لە باشی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، سەرەڕای ئەوەی "لە هەر ڕووداوێکدا ناحەزانی کورد هەوڵدەدەن کورد تێوەگلێنن."

دوای ئەوەی شەوی 31ی مانگی حەوت ئیسماعیل هەنییەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە شاری تاران کرایە ئامانج و کوژرا، چەند چاودێر و میدیایەک پرسی بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە وروژاند. ماڵپەڕی ئەموانج لە ڕاپۆرتێکیدا لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانەوە کە ناوی نەبردووە دەڵیت، گوماندەکرێت هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدرابێت، وە باس لەوە دەکات گوایە ئەم جۆرە درۆنانە لە لایەن ئیسرائیلەوە و لەناو خاکی هەرێمی کوردستانە بە قاچاغ دەبرێن بۆ ناو ئێران بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشی لەم شێوەیە.

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەسەر ئەم پرسە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە ناردنی درۆن بۆ ئێران دەکەن، ئەگەر درۆنەکە هی کوردستان بێت ئەم ورد پێکانە چۆن بووە؟ بێ گومان بە جی پی ئێس دەبێت کرابێت. ناحەزانی کورد حەز دەکەن کورد تێوەگلێنن یان حزبەکان تێوە گلێنن لە هەر ڕووداوێکدا."

وتیشی، "بە ڕای من ئێستا هاوکاریەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، ڕەنگە لە جاران زیاتر ڕاستیەکان ئاشکرا بێت بۆ هەردوولا. کورد ئێستا لە جاران ئارامترە و دڵنیایی دەدات کە بەشێکە لە پرۆسەی سیاسی عێراق، وە هەندێک برادەرمان دەڵێن شانازیش دەکەین کە عێراقین، واتە کورد ئەگەر مەترسی نەبێت بۆسەر جوگرافیای عێراق یان هەر وڵاتێکی تر کە دابەشبووە بەسەریدا، دەتوانێت بەشی خۆی ئارامی بەدەستبهێنیت لەو چوارچیوە جوگرافیەی کە بۆی دابینکراوە."

کوشتنی هەنییە لە کاتێکدا بوو کە بەشێک لە سەرکردە و بەرپرسانی ناوچەکە، لە نێوانیان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە میانی سوێندخواردنی پزیشکیانی سەرۆک کۆماری نوێی ئێراندا بەشداریان کردبوو.

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ چوارشەممە ئیدانەی ڕووداوەکەی کرد و ئاماژە بە مەترسی دورست بوونی ئاڵۆزی لە ناوچەکە کرد.

لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە، "به‌ئامانجگرتنى ئيسماعيل هه‌نييه‌، سه‌رۆكى مه‌كته‌بى سياسيى بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس كه‌ به‌ ميوانى له‌ تاران بوو، سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ين و به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌‌ له‌و پێشهاته‌ مه‌ترسيداره‌ ده‌ڕوانين و ئاڵۆزكردنى زياترى دۆخه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ته‌واوى ناوچه‌كه ده‌كات و لێكه‌وته‌ و پێشهاتى خراپترى به‌دوادا دێت."

هەر دوێنێ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ مەسعود پزشكیان سەرۆككۆماری ئێران كۆبووەوە و بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی ئێران، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکی ئێرانی گوتووە ئیسرائیل بەم کردەیە "دەیەوێت خراپەکاری لە ناوچەکە بڵاوبکاتەوە."

نازم دەباغ دەڵێت، " لە ڕووی سیاسیەوە کوشتنی هەنییە کارێکی زۆر خراپ بوو بە تایبەت لەم قۆناغەدا، چونکە لە ئێستادا نزیک بوون لە ڕێكکەوتن لەگەڵ ئیسرائیل و نزیک بوون لە ئاشتی. کەواتە ئەم دەستانە ئەوانەن کە نایەنەوێت ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامبێت. دەبێت بە هەموو لایەک هەوڵ بدەن دەستەکانی پشت ئەمە ئاشکرا بکرێت."

وتیشی، "هەر پریشکێک لە ناوچەکە بێت کوردی بەسەزمان دەگرێتەوە...ئەم باروودۆخە لە هەموو جار زیاتر پێویستی بەوەیە کورد یەک خیتابی سیاسی هەبێت، یەک ڕیز و یەک بڕیار و یەک توانا بێت، دەبێت کورد لەو جوگرافیایەدا خۆی ببینێت کە تێییدا دەژیت واتە لە عێراق عیراقی بێت لە ئێران ئێرانی ولە تورکیا تورکیایی بێت، چونکە هەمووی تاقیکرایەوە نەگەشتین بە ئامانج."

XS
SM
MD
LG