Accessibility links

ئەگەری هێرشی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان سەرهەڵدەداتەوە، بەڵام بەرپرسان بە دووری دەزانن



Erbil
Erbil

بە پێی هەواڵی چەند میدیایەکی ئێرانی، ئەگەری هێرشی ئێران بە بیانوی هەبوونی بنکە و بارەگاکانی موساد لە هەرێمی کوردستاندا بوونی هەیە، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ڕەتی دەکەنەوە و لەم کاتەدا بە دووری دەزانن هێرش بکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و پێیان وایە دەستی "دوژمنانی" کورد لەم بابەتەدا هەیە.

بە پێی هەواڵێکی ڕۆژی هەینی هەریەک لە میدیاکانی (ڕۆژنامەی تەلەگراف و ئێران ئینتەرنەشناڵ) ی ئێرانی، گوایە سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئێران مەسعود پزیشکیان پێشنیاری کردووە بنکە و بارەگاکانی موسادی ئیسرائیل لە هەریەکە لە هەرێمی کوردستان یاخود ئازەربایجان بکرێنەر ئامانج لە جێگەی هێرش بۆسەر تەلئەبیبی ئیسرائیل، بەڵام نوێنەری حکومەتی هەرێم هەواڵەکە ڕەت دەکاتەوە و پێی وایە هەرێم و ئێران پەیوەندیەکی پتەویان هەیە لە ئێستادا و بۆیە "هەر هێرشێک بە دوور دەزانێت".

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" من پێم وانیە ئێران لەم کاتەدا هێرش بکاتە سەرهەرێمی کوردستان و بە دووری دەزانم بە تایبەت لەم قۆناغەدا، مەگەر دوژمنان مونافقی بکەن لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان."

وتیشی،" دوای سەردانەکەی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ تاران وا نابینم جارێکی تر پەیوەندیەکان گرژی بەخۆیانەوە ببین، وەک نوێنەرایەتی هەرێم ئەگەر مەترسی هەبێت ئێمە ئاگادار دەبین، ئەو جۆرە هەواڵانە دوورن لە ڕاستیەوە."

ئەگەری مەترسی هێرش بۆسەر هەرێم لەو کاتەوە سەرچاوەی گرتووە، ڕۆژی 31ی مانگی حەوت ئیسماعیل هەنییەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە شاری تاران کرایە ئامانج و کوژرا، ئەوکات چەند چاودێر و میدیایەک پرسی بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە وروژاند. ماڵپەڕی ئەموانج لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانەوە کە ناوی نەبردووە ڕایگەیاند، گوماندەکرێت هێرشەکە لە ڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدرابێت، وە باس لەوە دەکات گوایە ئەم جۆرە درۆنانە لە لایەن ئیسرائیلەوە و لەناو خاکی هەرێمی کوردستانە بە قاچاغ دەبرێن بۆ ناو ئێران بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشی لەم شێوەیە.

ڕۆژی 1ی ئەم مانگە سەبارەت بەم دەنگۆیانە نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ناحەزانی کورد حەز دەکەن کورد تێوەگلێنن یان حزبەکان تێوە گلێنن لە هەر ڕووداوێکدا." دوای تێپەڕبوونی نۆ ڕۆژ لەم هەواڵە جارێکی تر پرسی هێرش و تێوەگلانی هەرێم دەبێتەوە ڕۆژەفی میدیا ئێرانیەکان.

چودێرێکی سیاسیش ئەگەری هێرش بۆ سەر هەرێم بە دوور نازانێت و پێی وایە ئێران بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی لە دوای کوژرانی هەنیەوە تێی کەوتووە، پێدەچێت سیناریۆی جیاواز دروست بکات.

فەرزین کەرباسی چاودێری سیاسی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێران لە دوای کوژرانی هەنیە نەیتوانیوە لەو ئیحراجیە ڕزگاری ببێت و وەڵامیشی نییە بۆ کوشتی هەنیە تا ئێستا، بۆیە کوژرانەکە لە ناو دڵی ئێراندا شکستێکی ئێجگار گەورەیە و سیستەمی بەرگری ئێرانی بە تەواوی ڕووخاوە، بۆ داپۆشینی ئەم شکستەش دەست دەبەن بۆ چەند بابەتێک بۆ ئەوەی ڕای شەقامی گشتی و دونیا بە لاڕیدا ببەن، لە کورد و هەرێمیش ئاسانتر نییە بۆ ئێران، بۆیە بە دووری نازانم هێرش بکەنە سەر هەرێم."

وتیشی،" کۆماری ئیسلامی هەمیشە بە چاوی هەڕەشە سەیری هەرێم دەکات، و کورد بە هەڕەشە بۆ سەر خۆیان دەبینن، وێرای سەردان و پەیوەندیەکانی هەرێم لەگەڵ تاران، بەڵام هەرێم و بەرپرسان بە دۆستی خۆیان نازانن."

دەنگی ئەمەریکا بۆ پشتڕاستکردنەوەی بابەتەکە و بەدواداچوونی زیاتر پەیوەندی کرد بە چەند بەرپرسێکەوە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوانە، فەلاح مستەفا یاریدەدەری سەرۆکی هەرێم بۆ کار و باری دەرەوە، سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، عەبدوڵا ئاکرەیی بەرپرسی پێشووی پەیوەندیەکانی هەرێم و ئێران، بەڵام ئامادەنەبوون لێدوان بدەن لەو بارەیەوە.

دەنگۆی دووبارە هێرشی ئێران بۆسەر هەرێم لە کاتێکدایە، پێشتریش شەوی 15ی مانگی یەکی 2024 ئێران لە ڕێگەی چەند مووشەکێکی بالیستەوە هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و بەو هۆیەوە 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 6 کەسی دیکەش برینداربوون، بیانووی ئێران بۆ لێدان لە هەولێر بوونی چەند بنکە و بارەگای مووسادی ئیسرائیلی بوو لە خاکی هەرێمدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:10 0:00

XS
SM
MD
LG