Accessibility links

بە وتارێکی ئۆباما بۆ پشتیوانی کردن لە هێرس کۆتایی بە دووهەم شەوی کۆنگرەی دیموکراتەکان دێت


باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و مشێڵ ئۆباما خانمی یەکەمی پێشوو شەوی سێشەممە، لە دەمی وتارەکانیاندا لە کۆنگرەی نیشمانی دیموکراتەکان داوایان لە هاووڵاتیان کرد کە پشتیوانی لە کامڵا هێرس بکەن و گوتیان ململانێیەکی سەخت لە پێشە.

خانمی یەکەمی پێشووی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ئەمەریکا، هیوا خەریکە دەگەڕێتەوە". پاشان ڕەخنەی توندی لە دانۆڵد ترامپی کۆماری گرت، ئەمەش گۆڕانکارییەکی بەرچاو بوو بە بەراورد لەگەڵ وتارەکەی لە کۆنگرەکەی 2016 کە تیایدا بە ئەندامانی حزبەکەی گوت "کاتێک ئەوان ئاستی خۆیان دادەبەزێنن، ئێمە بەرز دەبینەوە".

خانم ئۆباما سەبارەت بە ترامپ وتی "تێڕوانینە سنووردار و تەسکەکەی بۆ جیهان وای لێکرد هەست بە مەترسی بکات بەهۆی بوونی دوو کەسی ماندوو و خوێندەوار و سەرکەوتوو کە بەڕێکەوت ڕەشپێستبوون."

هاوسەرەکەی کە یەکەم سەرۆکی ڕەشپێستی وڵاتەکەیە و هەوڵ دەدات ئەمەریکا دووهەم سەرۆکی ڕەشپێست هەڵبژێرێت، ترامپی بە " ملیاردێرێکی تەمەن 78 ساڵ" ناوبرد کە "لەو کاتەوەی نۆ ساڵ لەمەوبەر لە پلیکانە زێڕینەکەی دابەزیوە، وازی لە گلەیی کردن لەسەر کێشەکانی نەهێناوە."

تۆمەتباری کرد و گوتی "لەو کاتەوە بێ دەنگنەبوو لە گلەیی و ناڕەزایی و ئێستا خراپتریش بووە لەوە دەترسێت بە کامڵا بدۆڕێت."

پەیامە توندەکانی دوو کەسی درەوشاوەی پارتی دیموکرات جەختیان لەسەر گرنگی ئەم ساتەوەختە کردەوە کە هێرس کاردەکات بۆ پێکەوەگرێدانی هاوپەیمانییەکی فراوان لە هەوڵەکانیدا بۆ شکستپێهێنانی ترامپ لە پاییزی ئەمساڵدا. ئەو سوود لە ئەستێرەکانی وەک ئۆباما و کەسایەتییە ناودارەکانی دیکە و بەرپرسان هەر لە ئەوپەڕی چەپەکانەوە بگرە هەتا نێوەندگرەکان و تەنانەت هەندێک لە کۆمارییەکانیش وەردەگرێت بۆ پێشخستنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی.

وە لە کاتێکدا کە تەوەری سەرەی دووهەم شەوی کۆنگرەی دیموکراتەکن لە شیکاگۆ لە ژێر ناوی "دیدێکی بوێرانە بۆ داهاتووی ئەمەریکا" بوو، لایەنە جیاوازەکانی هاوپەیمانی پەرەسەندنی هێرس، پێکەوە نیشانیان دا کە ئەوان بە خواستێکی قووڵەوە پەیوەستن بۆ ڕێگریکردن لەوەی جارێکی تر ترامپ ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا.

پێش لێدوانەکانی باراک و مشێڵ ئۆباما، هێرس لە ویلایەتی ویسکانسن کە گۆڕەپانی ململانێی کۆماری و دیموکراتەکانە وتارێکی پێشکەش بە نزیکەی 1500 کەس کرد کە کۆمارییەکان مانگی ڕابردوو لەوێ کۆنگرەی خۆیان سازکرد. ئەو ڕایگەیاند کە "هەڵمەتێکی بەهێزی خەڵک" بەڕێوەدەبات.

کامڵا هێرس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانەکانیدا کە بەشێکی لە کۆنگرەی دیموکراتەکاندا پەخشکرا گوت "پێکەوە ڕێگەیەکی نوێ بۆ بەرەوپێشچوون دادەڕێژین. داهاتوویەک بۆ ئازادی، دەرفەت، بۆ گەشبینی و بڕوا."

لە شیکاگۆ، سیناتۆر چاک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی سینات و بێرنی ساندەرز، سەربەخۆی ڤێرمۆنت کە کەسێکی خۆشەویستە لای پێشکەوتووخوازەکانی نێو دیموکراتەکان ، هەردووکیان ستایشی هێرسیان کرد. وە لە دەرکەوتنێکدا کە ڕەنگە مەبەست لێی لێدانی ترامپ بوو ستیفانی گریشام، گوتەبێژی پێشووی کۆشکی سپی ترامپ- کە ئێستا ڕەخنەگری توندی سەرۆکەکەی پێشوویەتی – چووە سەر شانۆی کۆنگرەکە.

گریشام وتی ترامپ "هیچ هاوسۆزی و هیچ ئەخلاق و دڵسۆزی بۆ ڕاستییەکان نییە. من وڵاتەکەمم خۆشتردەوێت لە پارتەکەم. کامڵا هێرس ڕاستییەکان دەڵێت. ئەو ڕێز لە گەلی ئەمەریکا دەگرێت. وە دەنگی منی هەیە."

شەوی دووهەمی کۆنگرە چوار ڕۆژییەکەی دیموکراتەکان هەمووی شتی جدی و وتار نەبوو.

لە میانی بۆنەیەکی تایبەتدا کە نوێنەرانی هەر ویلایەتێک پشتگیری خۆیان بۆ کاندیدی دیموکراتەکان نیشان دا، کەشەکە وەک ئاهەنگێکی گەورەی لێهات. دیجەیەک گۆرانییەکانی ویلایەتە جیاوازەکانی لێدەدا و کاتێک نۆرەی جۆرجیا هات، لیل جۆن خەڵکی شاری ئەتلەنتا هاتە دەرەوە و گۆرانییە بەناوبانگەکەی بەناوی "Turn Down for What" پێشکەش کرد.

هاوسەری کامڵا هێرس دۆگ ئیمهۆف، وردەکارییە کەسییەکانی سەبارەت بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ هێرسدا باسکرد. ئەو باسی لە خووەکانی چێشتلێنانیان، یەکەم پەیوەندییان و پێکەنینەکەی، کە زۆرجار لەلایەن ڕەخنەگرانی کۆمارییەکانەوە گاڵتەیان پێدەکرێت، کرد.

ئەو گوتی "تۆ دەزانیت من شەیدای ئەو پێکەنینەم!" هە کە وای وت جەماوەرەکە چەپڵەیان لێدەدا.

لە لایەکی دیکەوە ترامپ لە چوارچێوەی گەشتە هەفتەییەکەیدا بۆ ویلایەتەکانی گۆڕەپانی ململانێکان لە هەفتەی کۆنفرانسی دیموکراتەکان بەردەوام بوو. ڕۆژی سێشەممە چووە شاری هاوێڵ لە ویلایەتی میشیگان و لای ئەفسەرەکانی پۆلیەسە وەستا و هێرسی بە "سەرکردەی هێرشی مارکسیستی بۆ سەر ئەندامانی چەسپاندنی یاسا" لە سەرانسەری وڵات ناوبرد.

ترامپ گوتیشی "کامالا هێرس تاوان و ئاژاوە و وێرانکاری و مردن دەگەیەنێت".

لەلایەکی ترەوە هێرس بە زمانێکی زۆر جددی باسی هەڵبژاردنەکەی کرد ئەو باسی لە دژایەتی ترامپ کرد بۆ مافی لەباربردن کە بە پێی یاسای فیدراڵی پارێزاوبوو.

سەبارەت بە ترامپ و هاوپەیمانە کۆمارییەکانی گوتئ "وا دیارە متمانەیان بە ژنان نییە - باشە ئێمە متمانەمان بە ژنان هەیە."

وتارەکەی جێگری سەرۆک تیشکی خستە سەر هەندێک لە هەمان ئەو بابەتانەی کە بایدن ئاماژەی پێکردبوون بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی ،پێش ئەوەی لە هەڵمەتەکان بکشێتەوە، ئەمەش ترامپی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر دیموکراسی خستەڕوو. هێرس ئاماژەی بەوەدا کە ترامپ هەڕەشە لەو بەها و ئازادییانە دەکات کە ئەمەریکییەکان بە گرنگی دەزانن.

هێرس وتی کەسێک کە ئەو تۆمارەی هەبێت "نابێت جارێکی دیکە دەرفەتی ئەوەی هەبێت لە پشت مۆری سەرۆکی ئەمەریکاوە بوەستێت."

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا، ئاژانسی ئەی پی

XS
SM
MD
LG