جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ماتەمینی بۆ گیانلەدەستدانی چوار کەس لە تەقەکردنەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی نزیک شاری ئەتڵانتای ویلایەتی جۆرجیا دەگێڕێت و گوتیشی، ئەمەریکاییەکان چیتر ناتوانن "ئەمە وەک شتێکی ئاسایی قبوڵ بکەن".
سەرۆک بایدن گوتی "ئەوەی دەبوو کاتێکی خۆشی وەرزی گەڕانەوە بوایە بۆ قوتابخانە لە وایندەر لە ویلایەتی جۆرجیا، ئێستا گۆڕاوە بۆ بیرهێنانەوەیەکی کارەساتبار کە چۆن توندوتیژی بە دەمانچە بەردەوامە لە وێرانکردنی کۆمەڵگەکانمان."
سەرۆک بایدن لە بەیاننامەکەیدا دەشڵێت " ناتوانین بەردەوام بین لەوەی ئەمە وەک شتێکی ئاسایی قبوڵ بکەین."
دەسەڵاتدارانی جێبەجێکردنی یاسا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی تەقەکردنێکدا لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە ویلایەتی جۆرجیا، لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و نۆ کەسیش برینداربوون و گومانلێکراوێکیش دەستگیرکراوە.
بەپێی تۆمارەکانی بەرپرسانی پەروەردەی جۆرجیا، قوتابخانەی ئامادەیی ئەپالاچی نزیکەی 1900 خوێندکاری تێدایە. بەپێی سیستەمی قوتابخانەکانی بارۆ کاونتی، ئەو قوتابخانەیە بووە دووەم گەورەترین قوتابخانەی ئامادەیی گشتی لە بارۆ کاونتی کاتێک لە ساڵی 2000 کرایەوە. بە ناوی ڕووباری ئەپالاچی لە لێواری باشووری ناوچەی بارۆ نێوی لێنرا.