Accessibility links

قائمقامی چوارتا بۆ VOA: ئەو سێ کەسەی بوونەتە قوربانی سڤیلن


پاشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ دووهەم ڕۆژ لەسەر یەک ئۆتۆمبێلی خەڵکی سڤیل بوون بە ئامانجی هێرشی درۆن.

هێرشەکەی ئەمڕۆ کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەی شارباژێڕ و بەو هۆیەشەوە 3 کەس گیانیان لەدەست دا، قائمقامی قەزای چوارتاش دەڵێت، "هەر سێ کەسەکە مەدەنین و یەکێکیشیان منداڵە و کانۆلا لە دەستیدا بووە."

عوسمان ئەنوەر قائمقامی قەزای چوارتا، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند،" بۆردومانەکە کاتژمێر 1:40 دوای نیوەڕۆ ڕوویدا، کە درۆن لە ئۆتۆمبێلێکی ژمارە سلێمانی داوە لە جۆری پیکاب لە گوندی هەرمێلە نزیک چوارتا. بە هۆی بۆردومانەکەشەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە یەکێکیان شۆفێرەکەیە و خەڵکی گوندی چەمەکە، ئەوەی تریش منداڵێکە کانۆلا لە دەستیدا بووە، بەڵام کەسی سێهەم کە پیاوە بەهۆی ڕێژەی سووتاویەکەی هەتا ئێستا نەناسراوەتەوە."

وتیشی،" ئەو کەسانەی لە ئۆتۆمبێلەکەدا بوون مەدەنی بوون، چونکە نە چەکیان پێ بووە نە هیچ، چاوەڕیین دوای فەحس کەسی سێیەمیش ناسنامەکەی ئاشکرا بکرێت."

جگە لە قائمقامی قەزای چوارتا، بەیاننامەی ڕێکخراوی سی پی تیش هەمان ئەو زانیاریانەی پشتڕاستکردووەتەوە.

لە ئێستادا تەرمەکان لە پزیشکی دادن لە شاری سلیمانی و توێکاری بۆ تەرمەکانیان ئەنجام دەدرێت.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە دوێنی درۆن لە ناحیەی خەلەکانی نزیک شارۆچکەی دوکان ئۆتۆمبێلێکی تری کردە ئامانج و بەو هۆیەوە 3 کەسی تری سڤیل گیانیان لە دەستدا کە باوکێک و دوو کوڕەکەی بوون و خەڵکی حاجیاوا بوون لە نزیک شارۆچکەی ڕانیە.

سی پی تی ئاماژەی بەوە کردووە هەردوو درۆنەکە تورکی بوون، بەڵام سەرچاوە فەرمیەکان و دەزگاکانی ئاسایش هەتا ئێستا پشتڕاستیان نەکردووەتەوە و هیچ لێدوانێکی فەرمیشیان نەبووە لەو بارەیەوە.

نە حکومەتی هەرێم و نە حکومەتی بەغداش هیچ کاردانەوەیەکیان لەسەر ئەم هێرشانە نەبووە.

بەڵام کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاندنێکی فراکسیۆنەکەی لەم بارەیەوە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن داوە و تیایدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکە دەکەن و دەڵێن لە ماوەی کەمتر لە 72 کاتژمێر 7 کەس بەهۆی هێرشی ئەو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانانەی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە. ڕەخنەش لە حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێم دەگرن و دەڵێن بێدەنگییان جۆرێکە لە شەرعیەتدان بە پەلامارەکان، بۆیە داوا دەکەن هەڵوێستی جددی بنوێنن.

بەپێی ئامارەکانی سی پی تی ئەمەریکایی، ئاماری قوربانیەکانی هێرشەکانی تورکیا لە ماوەی هەشت مانگی رابردوو بە سێ کەسەکەی ئەمڕۆوە گەشتووەتە 18 کەسی سڤیل.

XS
SM
MD
LG