لە دوای شەڕەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی نێوان کۆمەڵەی زەحمەت کێشانی کوردستانی ئێران و سوپای پاسداران کە بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە، باس لە دیار نەمانی سێ ئەندامی تری ئەو حزبە دەکرێت کە دوانیان بەرپرسیارێتیان هەیە لە کۆمەڵەدا، بەڵام سەرچاوەیەکی باڵای حزبەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت،" ئەندامەکانمان سەلامەتن."
ڕۆژی پێنجشەممە 19ی مانگی 9ی 2024، شەڕو پێكدان لە نێوان هێزێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و سوپای پاسدارانی ئێران لە گوندەكانی ئوسكوڵ و سیاناو لە ناو خاکی ئێران ڕوویدا، لە ئەنجامی شەڕەکەدا ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵە و بەرپرسی کۆمسیۆنی نیزامی ئەو حزبە بەناوی ڕێبوار كەریمیان كوژرا.
لە دوای کوژرانی بەرپرسەکەی کۆمەڵە، بەشێک لە سەرچاوەکان و میدیاکان وا بڵاویان کردەوە، کە سێ ئەندامی تری کۆمەڵە کە دوانیان بەرپرسیارێتیان هەیە و هاوشانی هێزەکە و ڕێبوار کەریمیان بوون لە ئەنجامی شەڕەکەدا ون بوون تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی کۆمەڵەوە و سەرچاوەیەکی باڵا لەو حزبە ڕایگەیاند، "ئەندامەکانمان سەلامەتن."
سەرچاوە باڵاکەی کۆمەڵە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو سێ کەسەی باس دەکرێن هاوشانی هاوڕێمان ڕێبوار کەریمیان بوون، لەدوای شەڕێکی قورس و دەستەو یەخە بەداخەوە ڕێبوار کەریمیان شەهید بوو، دواتریش بۆ ماوەیەک پەیوەندیمان بەو هاوڕێیانەمانەوە پچڕا و ماوەیەک لێیان بێ ئاگا بووین، بەڵام خۆشبەختانە هاوڕێکانمان سەلامەتن و تەنها کەریمیان شەهید بووە."
وتیشی،" هاوڕێکانمان شەڕێکی بێ وێنەیان کرد لەو ناوچەیە، بەو هۆیەشەوە سێ ئەندامی پاسداران بەدەستی هاوڕێکانمان کوژراون، تا ئەم دەقەیەش هێزەکانی سوپای ئێران بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە و بە درۆن چاودێری ناوچەکە دەکەن."
لە دوای شەڕەکەی نێوان سوپای پاسداران و کۆمەڵە، دوێنی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران ڤیدۆی كوژرانی ڕێبوار كەریمیانی بڵاوكردەوە و دەڵێت،" ڕیبوار کەریمیان ئەندامی کۆمیتەی سەرکردایەتی و فەرماندەیەکی دیاری سەربازیی کۆمەڵەیە کە بەشێوەی تیمێکی تیرۆرکردن هەوڵی هاتنە ناو وڵاتەکەی دەدا لە بۆسەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کەوتە بۆسەیەک و گیانی لەدەست دا."
سەبارەت بە شەڕەکە و ئەو زانیاریانەی کە باس لە کوژرانی سێ ئەندامانی سوپای پاسداران دەکات تا ئێستا بەرپرسانی ئێران و میدیاکانی ئەو وڵاتە هیچ زانیاریەكی بلاونەکردۆتەوە.
دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم دۆسیەیە پەیوەندی کرد دەزگای ئاسایشی هەرێم، بەڵام دوای چەند هەوڵێک پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.
هەرچەندە پێشتر هێزەکانی هەرسێ کۆمەڵەکە لە ناوچەی زڕگوێزی نزیک لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بوون، بەڵام ڕۆژی 6ی ئەم مانگە، ئەو هێزانە لە ناوچەی زڕگوێز گواسترانەوە بۆ کەمپی سورداش و لەوێ نیشتەجێکران و ئەمەش ناڕەزایەتی ئەو حزبانەی بە دوای خۆیدا هێنا.
حزبە کوردیەکان لە زڕگوێز پەیوەستە بە ڕێککەوتنێکی هاوبەشی نێوان ئێرا ن و عێراق کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2023، تایبەت بە پاراستنی سنوری نێوان هەردوو وڵات.
عەلی شەمخانی، ئەمینداری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە کۆتایی مانگی سێی 2023دا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕێکەوتنامەیەکی ئەمنییان واژۆ کرد تایبەت بە ئاسایشی سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات و سنوردارکردنی جموجۆڵی حزبەکانی کوردستانی ئێران.
لە دوای چەند جارێک هێرشی ئێران بۆسەر بارەگای حزبە کوردییەکان لە مانگی نۆی 2022، حکومەتی ئێران ڕۆژی 19ی نۆی 2023ی وەکو دوا وادە بۆ چەککردن و داخستنی بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی دانابوو، بەڵام پێش ئەو وادەیە لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هێزە کوردییەکان لە ناوچە سنورییەکان کشێنرانەوە، هێزەکانیشیان لە کەمپەکانی زرگوێز و کۆیە و ناوچەکانی تر "چەککران." بەڵام لە ئێستادا حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە بەوەی لەو کەمپانەش بگوازرێنەوە و لە سورداش جێگیربکرێن.
سەرچاوە باڵاکەی کۆمەڵەکە وتی،" بەداخەوە تەرمی هاوڕێمان ڕێبوار کەریمی کەوتۆتە دەست ڕژێمی ئێران و ئێمە نەمانتوانی تەرمەکەی دەست بخەینەوە."