Accessibility links

ڕەوتی هەڵوێست: ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندی ئاسایشی و سەربازی دەنگیان داوە


سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی ڕایدەگەیەنێت، یەکێتی ژمارەیەکی زۆر دەنگدەری هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی بردووەتە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگی پێداون و پارتیش لە نێو هەندێک هێزدا هەمان کاری ئەنجامداوە، گوایە مەسەلەکە بۆ تێستەو ڕایان دەهێنن لە ڕۆژی دەنگدان دا چۆن دەنگ بدەن.

عەلی حەمە ساڵەح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەنگدان بە هێزی ئەمنی و سەربازی بە ناوی تێستەوە تەواو کارێکی نایاساییەو بۆ ترساندنیانە، ئەگینا مەعقول نییە کەسێکی بەساڵاچوو بزانێت چۆن دەنگ دەدات و پلەدار نەزانێت."

ئەو وتیشی،"پارتی لای خۆیەوە فشاری خستووەتە سەر هێزە ئەمنی و سەربازییەکان و کارتی دەنگدانی لێوەرگرتوون، دەیەوێت بە بیانووی ئەوەی نەخوێندەوارن لە ڕۆژی دەنگداندا خەڵکیان لەگەڵ بنێرن و دەنگیان بۆ بدەن."

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، یەکێتی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی بردە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگیان پێدان، گوایە مەسەلەکە تێستەو تا لە ڕۆژی هەڵبژاردن دا شارەزابن لە چۆنیەتی دەنگدان.

لەلایەن بەشێک لە ئەفسەرو پلەدارە سەربازییەکانەوە فشار خراوەتە سەر کارمەندانی سەربازی و هێزە ئەمنییەکان تا لەکاتی دەنگدان دا بە شێوەی "تێست"، دەنگ بۆ ئەو کاندیدانە بدەن کە ئەوان پشتگیرییان دەکەن.

ئەو پرۆسەیەی بۆ دەنگدانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان ئەنجامدراوەو گوایە راهێنراون لەسەر چۆنیەتی دەنگدان، هیچ بەرپرس و کارمەندێکی کۆمیسیۆن تێیدا ئامادە نەبووەو پرۆسەکە لەلایەن ئەو یاساییانەوە سەرپەرشتی کراوە کە سەر بە حزب بوون.

ئارام شەهید محەمەد، کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بازنەی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەنگدانی بەشێک لە هێزەکانی ناوخۆو هێزەکانی تر تەنها بۆ تێست بووە، تا لە ڕۆژی دەنگدان دا بزانن چۆن دەنگ دەدەن، چونکە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا بەهۆی ناشارەزاییەوە دەنگێکی زۆر سوتاوە."

دەشڵێت،"تێست بە هەندێک هێز کراوە تا شارەزا بن و بە باشی دەنگ بدەن، جا ئەو کەسانە دەنگ بۆ هەر کاندید و لایەنێک بدەن گرنگ ئەوەیە دەنگەکەی نەسوتێت و شارەزا بێت لە شێوازی دەنگدان."

بڕیارە لە ڕۆژی 18 ی مانگی دەی 2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، دووسەد و پانزە هەزارو نۆسەدو شەست کەس مافی دەنگدانیان هەیە لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەتدا.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت دا نهێنی دەنگدانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان پارێزراو دەبێت، تەنانەت بەکارهێنانی موبایلیش قەدەغە کراوەو دەنگدەر بە نهێنی و ئازادانە دەنگ دەدات."

ئەو وتیشی،"هیچ کارمەندێکی ئەمنی و دەنگدەری ئاسایی ناتوانێت لە جێگەی کەسی تر دەنگ بدات، چونکە کارتی دەنگدان وێنەی ڕواڵەت و پەنجە مۆری دەنگدەرەکەی پێوەیە."

بەشێک لە کاندیدانی یەکێتی و پارتی کەسی نزیکیان لە نێو هێزە ئەمنی و سەربازییەکاندا باڵادەستە، ئەمەش وایکردووە فشار لەسەر هەندێک هێز دروست بکرێت تا دەنگ بەو کاندیدانە بدرێت کە دڵخوازی بەرپرسەکانیانن.

ئارام شەهید محەمەد، کاندیدی یەکێتی دەڵێت،"دەبیستین پلەداری هێزە ئەمنی و سەربازییەکان کەسی نزیکیان کاندیدەو هێزەکانیان ئاراستە دەکەن بۆ دەنگدان بە کاندیدەکانیان، بەڵام ئەمە هەڵوێستی کەسییە نەک بڕیاری حزب."

بڕیارە لە ڕۆژی 20 ی مانگی دەی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، ئەمەش وایکردووە ململانێییەکی بەهێز لە نێوان کاندید و حزب و لایەنەکاندا دروست ببێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:30 0:00

XS
SM
MD
LG