Accessibility links

ئەندامێکی لیژنەی نوسینەوەی دەستور: زیادکردنی ژمارەی کورسی پەرلەمان لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوان هەڵەیەکی گەورەیەو دەبێت چارەسەر بکرێت


ئەندامێکی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەو بڕگە دەستورییەی بۆ هەر 100 هەزار کەس و نوێنەرێکی پەرلەمانی داناوە دەبێت چارەسەر بکرێت، چونکە لەسەر بنەمای زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان کورسی پەرلەمان زیادبکرێت، ئەوا لە 10 ساڵی داهاتوودا دەبێت ژمارەی کورسییەکان دوو هێندەی تر زیادبکرێت.

د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد
د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد

دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەدارو ئەندامی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کاتی خۆی باسمانکرد، دەبێت ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دیاری بکرێت و دەستکاری نەکرێت."

ئەو وتیشی،"گەر لەسەر بنەمای زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران زیادبکرێت، ئەوا 10 ساڵی تر دەبێت ژمارەی کورسییەکان دوو هێندەی تر زیاد بکرێت و لە هیچ وڵاتێکی دونیادا ئەمە نییە."

ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 329 کورسییە، بەپێی دەستوری عێراق دەبێت هەر سەدهەزار کەس و نوێنەرێکی لە ئەنجومەنی نوێنەران هەبێت، بەم پێیە گەر ژمارەی دانیشتوانی عێراق بگاتە سەرووی 40 ملیۆن کەس دەبێت ژمارەی کورسییەکان بۆ سەرووی 400 کورسی زیادبکرێت.

شوان محەمەد ڕۆستەم، ئەندام ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
شوان محەمەد ڕۆستەم، ئەندام ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

شوان محەمەد ڕۆستەم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زیاد دەکرێت، چونکە بەپێی دەستور هەر 100 هەزار کەس و کورسییەکی بۆ دانراوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی عێراق بگاتە سەرووی 40 ملیۆن کەس و ژمارەی کورسییەکان بگاتە سەرووی 400 کورسی."

پێدەچێت ئەنجامی سەرژمێری گشتی لە عێراق کێشمەکێشی قوڵ لەسەر ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بهێنێتە ئاراوە، بەو پێیەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان بەپێی دەستور پێویستی بە زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنە، لەکاتێکدا بەشێک لەلایەنەکان لەگەڵ کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانن نەک زیادکردنی.

لە حاڵەتی دروستبوونی ململانێ لەسەر ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چاوەڕوان دەکرێت ئەم پرسە ببرێتە دادگای فیدراڵی عێراق، چونکە ئەو دادگایە شیکردنەوە بۆ دەقە دەستورییەکان دەکات.

‌‌هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
‌‌هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو دەقە دەستورییەی کە دەڵێت هەر سەد هەزارکەس و کورسییەکی ئەنجومەنی نوێنەرانی بۆ دابنرێت، یەکێکە لەو ڕێگرییانەی نەتوانرێت دەستکاری ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان بکرێت."

ئەو وتیشی،"گەر دەقە دەستورییەکە بە ڕووکەش وەربگرین و لێی قوڵ نەبینەوە، دەبێت لەسەر بنەمای سەرژمێری دەستکاری ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بکرێت، بەڵام ئاراستەی سیاسی هەیە کە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان بەزۆر دەزانێت، پێویستە لەسەر بنەمای دەرهێنانی دەستوری ژمارەی کورسییەکان کەم بکرێنەوە نەک زیاد بکرێن."

لە حاڵەتی زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کورد بە زەرەرمەندی سەرەکی دادەنرێت، بەو پێیەی زیادبوونی رێژەی دانیشتوان زیاتر لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقە نەک هەرێمی کوردستان. بەم پێیە ژمارەی کورسی پەرلەمانی ئەو ناوچانە زیاد دەکات و ژمارەی کورسییەکانی کوردیش گۆڕانکاری زۆر بەسەردا نایەت.

شوان محەمەد رۆستەم دەڵێت،"لە ناوچە عەرەب نیشینەکان فرە ژنی و زۆر خستنەوەی وەچە بوونی هەیە، ئەمەش پەیوەندی بە کلتورو ئاینەوە هەیە، بۆیە پێدەچێت کورد لە حاڵەتی زیادکردنی کورسییەکانی پەرلەمان پاشەکشە بکات."

پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق لەلایەن حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانییەوە بایەخی زۆر پێدەدرێت، بۆیە470 ملیار دینار بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی پرۆسەکە تەرخانکراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:57 0:00

XS
SM
MD
LG