Accessibility links

ناسا دەیەوێت بەڵگەکانی ئەگەری بوونی ژیان لەسەر مەریخ بهێنێت بۆ زەوی


ئاژانسی ئەمەریکا بۆ واڵایی (ناسا) کە چەندین بەڵگەی کۆکردووەتەوە سەبارەت بە ئەگەرەکانی ژیان لەسەر مەریخ ئێستا سەرقاڵی گەنگەشەکردنی دوو پلانە بۆ هێنانی بەڵگەکان بۆ سەر زەوی.

ناسا لە مانگی دووی ساڵی 2021 گالیسکەیەکی بە ناوی پێرسەڤێرانس نارد بۆ سەر ڕووی مەریخ و لەو کاتەوە نزیکەی 24 نمونەی لە بەرد و خۆڵی هەسارە سورەکە کۆکردووەتەوە.

ئاژانسەکە ئێستا دەڵێت تاوتوێی دوو پلانی جیاوازی هێنانەوەی 30 نمونە لە مەریخەوە بۆ سەر زەوی دەکات، بەو هیوایەی لە ساڵانی 2030 نمونەکان بگەن بە هەسارەکەمان.

بیڵ نێلسن، بەڕێوەبەری ناسا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا سێشەمەی ڕابردوو ڕایگەیاند، "ئەم نمونانە دەتوانن شێوازی تێگەیشتنمان لە مەریخ و گەردوونەکەمان و تەنانەت خۆشمان بگۆڕن."

ناسا پێشتر پلانێکی بۆ گێرانەوەی ئەو نمونانە پەسەند کردبوو. بەڵام پلانەکە ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە بە هۆی تێچووە بەرزەکەی کە بە 11 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، وە هەروەها بە هۆی ئەگەری دواکەوتنی گێڕانەوەی نمونەکان بۆ ساڵانی 2040.

بەڕێوەبەری ناسا لەمبارەوە ڕایگەیاند، "بەکارهێنانی ئەو دوو پلانە نوێیە یارمەتی ناسا دەدات لەوەی نمونەکان لە مەریخەوە بە تێچوو و کاتێکی زۆر کەمترەوە بگەڕێنێتەوە بەراورد بە پلانەکەی پێشوو."

هەروەها نیکی فۆکس، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی ئەرکی زانستی ناسا، ڕایگەیاند، "گالیسکەکانی ناسا بەرگەی ژینگەی سەختی مەریخ دەگرن بۆ کۆکردنەوەی نمونەی زانستی پێشکەوتوو. دەمانەوێت بە خێرایی ئەو نمونانە بهێنینەوە بۆ ئەوەی لە دامەزراوە پێشکەوتووەکاندا لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکەین."

ڕاشیگەیاند، "گێڕانەوەی نمونەی مەریخ ڕێگە بە زانایان دەدات لە مێژووی جیۆلۆجی هەسارەکە و پەرەسەندنی کەشوهەوا لەسەر ئەم هەسارە وشک و ڕووتە تێبگەن، کە ڕەنگە لە ڕابردوودا ژیان تێیدا هەبووبێت؛ وە نمونەکان ڕۆشنایی دەخەنە سەر سەرەتاکانی کۆمەڵەی خۆر پێش ئەوەی ژیان لێرە لەسەر زەوی دەستپێبکات. هەروەها گێڕانەوەی نمونەکان ئامادەمان دەکات بۆ ئەوەی بە سەلامەتی یەکەمین گەڕی مرۆڤ بۆ سەر مەریخ بنێرین."

XS
SM
MD
LG