ئەو سکاڵایانەی لەلایەن عەرەب و تورکمانەوە لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆمار کران دژی نایاسایی بوونی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک ڕەتکرانەوە، بەڵام ئەو لایەنانە جارێکی تر دۆسیەکانیان لە دادگا تەمیز کردووەتەوە.
بەشێک لە بەرپرسانی کەرکوک پێشبینی دەکەن، دوای یەکلایی بوونەوەی دۆسیە یاساییەکان و بڕیاردانی دادگا لەسەر تەمیزکردنەوەی سکاڵاکان، درز بکەوێتە نێو بەرەی تورکمانی و باڵێکیان ئەو پۆستانە وەربگرن کە بۆ پێکهاتەی تورکمان دانراون.
بەرەی تورکمانی دوو کورسی لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەستهێناوە، یەکێک لە ئەندامە دەرچووەکانیان نزیکە لە حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەکەو ئەویتریان نزیکە لە ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانییەوە، کە دەوترێت ناکۆکی قوڵ لە نێوانیان هەیە.
نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هیچ لایەنێک لاری نییە لە بەشداریکردنی بەرەی تورکمانی لە حکومەتی خۆجێیی کەرکوک، بەڵکو کێشە گرێدراوە بە هاوپەیمانی عەرەبییەوە."
دەشڵێت،"ئەرشەد ساڵحی کاندیدی ئامادە کردووە بۆ جێگری پارێزگاری کەرکوک، بەڵام نازانین دۆخەکە چۆن دەبێت."
ئەو دوو کورسییەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە لەلایەن بەرەی تورکمانییەوە بەدەستهێنراون، سەوسەن جەدوع یەکێکە لە ئەندامانی ئەنجومەن و لە حەسەن تۆران سەرۆکی ئێستای بەرەکەوە نزیکە، بەڵام کورسییەکەی تر لەلایەن ئەحمەد رەمزییەوە بەدەستهێنراوە و نزیکە لە ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانییەوە.
جگە لە جێگرانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، نزیکەی 30 پۆستی تری کەرکوک بۆ پێکهاتەی تورکمان دانراون، لە حاڵەتی بەشداریکردنی ئەرشەد ساڵحی لە حکومەتی خۆجێیی کەرکوک و جیابوونەوەی لە بەرەی تورکمانی زۆربەی ئەو پۆستانەی بەر دەکەوێت.
سەباح حەبیب، پەرلەمانتاری یەکێتی و یەکێک لە نوێنەرانی کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێموایە ئەرشەد ساڵحی نزیکە لە بەشداریکردن لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک."
شەوی 10 ی مانگی 8 ی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی وکوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە خاوەنی 9 کورسی ئەنجومەنەکەن، بە بێ پارتی و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی کە 7 کورسییان هەیە، لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.
پارتی و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی تا ئێستا بەشداری دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیان نەکردووە و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی بە نایاسایی ناو دەبەن، سەرباری ڕەتکردنەوەی سکاڵاکانیان بەڵام دۆسیەکانیان تەمیز کردووەتەوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە چاوەڕێی ئەنجامی تەمیز کردنەوەی سکاڵاکانمانین، دواتر بڕیار دەدەین لە بارەی هەنگاوی داهاتوومان."
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و بابلیۆن و سێ ئەندامەکەی کوتلەی عەرەبی لە ئەنجومەنی پارێزگا بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، پۆستی پارێزگار دراوە بە یەکێتی، لەکاتێکدا پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بەرکەوتەی عەرەبی سونە بووە.
سەباح حەبیب دەڵێت،"سکاڵاکانی پارتی و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی ڕەتکراونەتەوە، بەڵام لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک لارییان نییە لە گەڕانەوەیان بۆئەنجومەن، هەرچەندە پێناچێت بگەڕێنەوە."
لە ئەگەری دروستبوونی درز لە نێوان بەرەی تورکمانی و بەشداریکردنی ئەرشەد ساڵحی لە حکومەتی خۆجێیی کەرکوک، دەوترێت هەوڵ لەگەڵ ئەندامێکی تری عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگا دراوە کە یەکێکە لە سێ ئەندامە ناڕازییەکەی هاوپەیمانی عەرەبی تا بچێتە نێو ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتەوە، بەڵام هێشتا بەفەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.