Accessibility links

بایدن دەگەڕێتەوە بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن


هەموو چاوەکان لەسەر جۆو بایدن دەبن لە کاتێکدا کە ڕۆژی سێشەممە وتارێک پێشکەشی لایەنگرە ڕەشپێستەکانی دەکات لە ویلایەتی نیڤادا، ئەمەش یەکەمین دەرکەوتنی دەبێت لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکاندا دوابەدوای ڕووداوی تەقەکردنەکە لە دانۆڵد ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە گردبوونەوەیەکدا لە پێنسلڤانیا.

پێشبینی دەکرێت سەرۆکی ئەمەریکا ئەو هەڵبژاردنە تیژتر بکاتەوە کە دەنگدەران ڕووبەڕووی دەبنەوە لە مانگی یانزەی ئەم ساڵدا، لە هەمان کاتدا داوای یەکگرتوویی دەکات لە نێوەندی نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە پەرەسەندنی توندوتیژییە سیاسییەکان لە وڵاتەکەدا.

لە لاس ڤەیگاسی ویلایەتی نیڤادا، لە کۆنگرەیەکی ڕێکخراوێکی مافە مەدەنییەکانی ئەمەریکاییەکاندا، بایدن تیشک دەخاتە سەر پشتگیری بەڕێوبەرایەتییەکەی لە دەنگدەرانی ڕەشپێست کە بەشێک بوون لە بڕبڕەی پشتی هاوپەیمانێتییەکەی پارتی دیموکراتەکان.

بڕیارە بایدن سیاسەتەکانی ڕابگەیەنێت سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ گرانبوونی تێچووی نیشتەجێبوون، کە ئەوەش پرسێکی گرنگ و هەستیارە لە نیڤادادا. لە چاوپێککەوتنێکیشدا دواتر هەر لەو ڕۆژەدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی بلاک ئینتەرتەینمێنت پەیامەکەی دەگەیەنێت.

ڕۆژی چوارشەممە بایدن وتارێک پێشکەشی گەورەترین ڕێکخراوی مافەکانی هیسپانییەکان دەکات لە ئەمەریکادا، ئونیدۆس ئەمەریکا، لە هەوڵێکیدا بۆ بە دەستهێنانی دەنگی لاتینۆکان، لاتینۆکان گروپێکی دیکەی سەرەکین بۆ دیموکراتەکان.

لە هەردوو بۆنەکەدا، بایدن پێشبینی دەکرێت داواکانی دووبارە بکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە لێدوانە سیاسییەکاندا، پەیامێک کە لە ماوەی سێ لێدواندا لە ماوەی کەمتر لە بیست و چوار کاتژمێردا لە دوای هەوڵی کوشتنەکەی ترامپەوە دووبارەی کردووەتەوە، لەو ڕووداوەدا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بریندار بوو، کەسێک کوژرا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک بایدن لە وتارێکی دەگمەنیدا لە کۆشکی سپی وتی " ناکۆکی لە دیموکراسی ئەمەریکادا شتێکی حەتمییە. بەڵام سیاسەت دەبێت هەرگیز نەبێتە گۆڕەپانێکی ڕاستی شەڕکردن و گۆڕەپانێکی کوشتن، خودا بە دووری بکات."

بایدن ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئەوە دەبێتەوە هاوسەنگی بکات لە نێوان پەیامەکەیدا بۆ یەکگرتووی و بەڵێنەکەی بۆ ڕاگرتنی ترامپ بە هەر نرخێک بێت، لەکاتێکدا هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ستراتیژی خۆی ڕێکدەخاتەوە بۆ ئەوەی بەرەو پێشەوە بچێت لە نێوەندی کەمبوونەوەی ژمارەکانی سەرۆکدا لە ڕاپرسییەکاندا. کاتێک تەقەکردنەکە ڕوویدا، تیمەکەی بایدن تازە دەستیان کردبوو بە ڕەخنەگرتنی توندتر لە ترامپ لە هەوڵێکدا بۆ جێگیرکردنی کاندیدبوونی بایدن، ئەوەش دوای مشتومڕە خراپەکەی لە مانگی ڕابردوودا.

ترامپ لە ڕێی سەکۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەیەوە، داوای لە وڵاتەکە کرد " بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە." لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی واشنتن ئیگزامینەردا وتی دوای هەوڵەکە بۆ کوشتنی جارێکی دیکە وتارەکەی بۆ کۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکان نوسیوەتەوە و تێیدا زیاتر سەنگی خستووەتە سەر یەکگرتوویی.

بەڕێوبەری ناوەندی ئیثێکس و سەروەریی یاسا لە زانکۆی پێنسلڤانیا کلێر فینکلستین وتی " دەترسم ئەم هێوربوونەوەی گرژییانە زۆر درێژە نەکێشێت." بەڵام دەتوانێت هۆشیارییەکی زیاتر بهێنێت لە هەردوو کاندیدەکەوە تاوەکو دان بەخۆیاندا بگرن و خۆیان بە دووربگرن لە لێدوانێک " کە دەتوانێت کاریگەرییەکی هەبێت " بە تایبەتی لەسەر لایەنگرەکان " کە دەتوانن بە ئاسانی گەرم ببن و کاری توندوتیژی ئەنجام بدەن."

بایدن بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی داواکانی لانیکەم 20 ئەندامی دیموکراتەکانی کۆنگرێس و ئەوانی دیکەش لە پارتەکەیدا بۆ دەستبەرداربوون لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، ئەوەش بەهۆی نیگەرانییەکانییانەوە سەبارەت بە تەمەن و توانای مێشکی بایدن، بایدن سوورە لەسەر ئەوەی کە خۆی لە باشترین پێگەدایە بۆ شکستهێنان بە ترامپ.

نوێترین داتای ڕاپرسییەکان کە لەلایەن چەندین شوێنەوە ئەنجام دراون و لەلایەن FiveThirtyEight ەوە کۆکراونەتەوە، دەریدەخەن کە ترامپ لە ویلایەتی نیڤادا بە لە سەدا 4.7 پێشەنگە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG