Accessibility links

دانیمارک بە شوێن " ئامرازێکی یاساییدا " دەگەڕێت بۆ ڕێگریکردن لە سوتاندنی قورئان لە وڵاتەکەدا


وەزیری دەرەوەی دانیمارک لارس لۆکێ ڕاسموسن
وەزیری دەرەوەی دانیمارک لارس لۆکێ ڕاسموسن

وەزیری دەرەوەی دانیمارک لارس لۆکێ ڕاسموسن بە کەناڵی دی ئاڕی وڵاتەکەی وت حکومەتی دانیمارک بە شوێن دۆزینەوەی " ئامڕازێکی یاساییدایە " کە دەسەڵات دەداتە بەرپرسانی پەیوەندیدار ڕێگری لە سوتاندنی قورئان بگرن لە بەردەم باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی دیکەدا لە دانیمارک.

ڕاسموسن بە جیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " سوتاندنەکان کارێکی هێرشبەرانە و بێباکانەن کە لەلایەن چەند کەسێکی کەمەوە ئەنجام دەدرێن، ئەو کارانە ڕەنگدانەوەی ئەو بەهایانە نین کە کۆمەڵگەی دانیمارکییان لەسەر بونیادنراوە."

وتی " لەبەرئەوە حکومەتی دانیمارک تاوتوێی ئەوە دەکات لە دۆخە تایبەتەکاندا، وەکو سوکایەتیکردن بە وڵاتانی دیکە و کلتور و ئایینەکانی دیکە، دەستوەربدات بۆ ڕێگریکردن لەو کارانە، هەروەها تاوتوێی ئەوە دەکات ئەم کارانە لە چی بوارێکدا دەرەنجامی نەرێنییان دەبێت لەسەر دانیمارک."

لەم چەند هەفتانەی دواییدا سوتاندن یاخود زیانگەیاندن بە قورئان لە دانیمارک و سوید بووەتە هۆی توڕەبوونی موسوڵمانان جیهان و حکومەتەکانی دوو وڵاتەکەی نیگەران کردووە.

هەردوو وڵاتەکە وتوویانە سەرکۆنەی سوتاندنی قورئان دەکەن بەڵام ناتوانن ڕێگری لێبکەن، ئەوەش بەهۆی یاساکانی ئازادی ڕادەربڕینەوە.

ڕاسموسن لە بەیاننامەیەکدا وتی هەر ڕێوشوێنێک بگیردرێتەبەر " دەبێت بە دڵنیاییەوە لە چوارچێوەی دەستووردا بێت کە ئازادی ڕادەربڕین دەپارێزێت، هەروەها بە شێوەیەکیش دەبێت ئەو ڕاستییە نەگۆڕێت کە ئازادی ڕادەربڕین لە دانیمارک بەرفراوانە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG