کوشتنی سەرکردەی حزبوڵا حەسەن نەسڕەڵا لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە بەیروت تیشکەکانی خستووەتە سەر پیاوێک کە بە شێوەیەکی بەرچاو وەکو جێگرەوەی نەسڕەڵا سەیر دەکرێت، ئەو کەسەش هاشم سەفیدینە.
حزبوڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت، کوژرانی حەسەن نەسڕەڵای پشتڕاست کردەوە و وتی لە هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی هەینیدا کوژراوە. نەسڕەڵا ماوەی 32 ساڵ سەرکردایەتی حزبوڵای کرد. حزبوڵا لە ئێستادا ڕووبەڕووی هەڵبژاردنی سەرکردەیەکی نوێ بووەتەوە لە کاتێکدا کە گروپەکە لە ماوەی مێژووە 42 ساڵەییەکەیدا هیچ کات وەکو ئێستا بۆردومانی لەسەر نەبووە.
ئەمانەی خوارەوە چەند ڕاستییەکن سەبارەت بە سەفێدین، کە سەرچاوەیەک لە حزبوڵاوە وتی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلدا ڕزگاری بووە.
سەفیدین وەکو بەرپرسی ئەنجومەنی جێبەجێکار سەرپەرشتی کاروباری سیاسیی حزبوڵا دەکات. هەروەها لە ئەنجومەنی جیهادیشدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی گروپەکە بەڕێوەدەبات.
سەفیدین کوڕە مامی نەسڕەڵایە و وەکو ئەو مەلایە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ساڵی 2017 دا وەکو تیرۆریست ناویبرد و لە مانگی شەشدا هەڕەشەی زیادکردنی هێرشەکانی کرد دژ بە ئیسڕائیل دوای کوژرانی فەرماندەیەکی دیکەی حزبوڵا. وتی " با دوژمن خۆی ئامادە بکات بۆ گریان و شیوەن کردن."
لێدوانەکانی سەفێدین زۆرجار ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی حزبوڵا بووە بە گشتی و هەروەها هەڵوێستی گروپەکە لەسەر پرسی فەلەستینییەکان.
لەمدواییانەدا لە زەحیەی باشووری بەیروت کە موڵگەی سەرەکی حزبوڵایە وتی " مێژوو و چەک و ڕۆکێتەکانمان لەگەڵ ئێوەدان." ئەوەش وەکو دەرخستنی هاودەنگییەک بۆ چەکدارە فەلەستینییەکان.
پەیوەندییەکانی بنەماڵەی سەفیدین و ئەوەشی کە بە شێوە لە نەسڕەڵا دەچێت، هەروەها پێگە ئایینییەکەشی وەکو نەوەی پێغەمبەر محەمەد، هەموو ئەمانە لە بەرژەوەندی ئەون.
هەروەها بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتی ئەمەریکاش گرتووە. لە وەڵامیدا بۆ فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حزبوڵا، لە ساڵی 2017 دا وتی " ئەم بەڕێوبەرایەتییەی ئەمەریکا بە سەرکردایەتی ترامپ ناتوانێت زیان بە مقاوەمە بگەیەنێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز