Accessibility links

ئیسڕائیل لە ئامادەباشیدایە دوای ڕاگەیاندنی کوشتنی سەرکردەی حزبوڵای لوبنان


حەسەن نەسڕەڵا
حەسەن نەسڕەڵا

سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند ئیسڕائیل لە ئامادەباشییەکی تەواودایە بۆ ململانێیەکی بەرفراوانتر دوای ئەوەی کە بانگەشەی کوژرانی سەرکردەی حزبوڵای لوبنان سەعید حەسەن نەسڕەڵای کرد لە بەیروت، وتیشی هیوادارە هەواڵی مەرگی نەسڕەڵا ببێتە هۆی گۆڕانی ئاڕاستەی حزبوڵا.

کۆلۆنێڵ ناداڤ شوشانی دوای ئەوەی سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند نەسڕەڵای کوشتووە، وتی " هیوادارین ئەمە کارەکانی حزبوڵا بگۆڕێت."

بەڵام وتی هێشتا کاتی دەوێت بۆ لە ناوبردنی تواناکانی حزبوڵا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت.

وتی " ساڵێکە حزبوڵا هێرش دەکاتە سەرمان. لەو باوەڕەداین بەردەوام دەبن لە هێرشەکانییان دژمان یاخود لانیکەم هەوڵ دەدەن بۆ هێرشکردنە سەرمان."

شوشانی وتی هیچ ڕێنماییەک نەدراوە بە هاووڵاتیانی سڤیل سەبارەت بە ئامادەباشییان لە بەرەکانی پێشەوە، چونکە ڕێنماییەکەی ئێستا زۆربەی وڵاتەکەی خستووەتە ئامادەباشییەوە.

وتی " حزبوڵا ماوەی ساڵێکە پەرە بەمە دەدات. ئاشکرایە کە ئێران لە پشت ئەمەوەیە، ئەوە نهێنی نیە. ئەوان پشتیوانی لە حەماس دەکەن، پشتیوانی لە حزبوڵا و گروپە چەکدارییەکانی دیکە دەکەن. تەنانەت لە مانگی چواردا ڕاستەوخۆش هێرشییان کردە سەرمان."

وتی " لەبەرئەوە ئایا ئێمە ئامادەین بۆ پەرەسەندنێکی فراوانتر؟ بەڵێ. پێشتر لە ململانێی فراوانتردا بووین، جەنگێکی چەند بەرەیی، بۆ ماوەی ساڵێک. هێزەکانمان لە ئامادەباشیدان، هەواڵگریمان ئامادەیە و بەدوای ئەم جۆرە هەڕەشانەدا دەگەڕێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG