لێکۆڵەرێکی سیاسی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، حیزبوڵا دووچاری شپرزەییەکی گەورە بووەو توانای پەیوەندیکردنی ئەندامانی ئەو حزبە بەیەکترییەوە تەواو لاوازبووە، ئیسرائیلیش دەرفەتی بۆ ڕەخساوە ئەو هێزانەی ناویان بەرەی موقاوەمەیە لە لوبنانەوە تا عێراق لاواز بکات.
دکتۆر سەردار عەزیز، لێکۆڵەری سیاسی نێودەوڵەتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەمەریکا ڕازییەو پێیباشە حیزبوڵا تەواو لاواز بکرێت، ئیسرائیلیش دەیەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوەو بەهێزترین دۆستی ئێران لە سنورەکەیدا لاواز بکات."
دوێنێ هەینی، 27 ی مانگی نۆی 2024، ئیسرائیل هێرشێکی بەهێزی بۆ سەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵا ئەنجامدا، بە پێی وتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، حەسەن نەسروڵای ئەمینداری گشتی حیزبوڵاو ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەو حزبە لە هێرشەکەدا کوژران.
دکتۆر سەردار عەزیز وتی،"حەسەن نەسروڵا سیمبولێکی گەورە و سەنتەری حیزبوڵابوو، نەمانی لە گۆڕەپانەکە کاریگەری گەورە دروست دەکات. تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لەسەرکردەکانی حیزبوڵا کوژراون و توانای پەیوەندیکردن لە نێو ئەندامانی حیزبوڵا لاواز بووە."
دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و کوژرانی حەسەن نەسروڵا، عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،"هەموو هێزەکانی موقاوەمە شانبەشانی حیزبوڵان."
بەراورد بە هەڕەشەکانی پێشووتری ئێران و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی ڕاستەوخۆ بۆسەر ئێسرائیل، بەڵام لە ئێستادا جۆرێک لە نەرمی بە گوتاری سیاسی و سەربازی بەرپرسانی باڵای ئێرانەوە دەبینرێت.
سەردار عەزیز دەڵێت،"ئیسرائیل گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی ئەو ترسەی هەبوو گوایە شەڕی ئیقلیمی دروست دەبێت ئەوە ڕوو نادات، چونکە ئێران دەیەوێت نەبێتە بەشێک لە شەڕو بانگەشەی دانوستان و کرانەوە دەکات لە بری هەڕەشە. ئیسرائیل وایدەبینێت دەرفەتەو دۆخێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ لاوازکردنی نەیارەکانی."
لە ڕۆژی 17 ی مانگی نۆی 2024، ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر ئامێری پەیجەری تەقاندەوە کە ئەندامانی حیزبوڵا بۆ پەیوەندیکردن بە یەکترییەوە بەکاریان دەهێنا، بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامەکانیان کوژران و برینداربوون.
دکتۆر سەردار دەڵێت،"تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیجەر شۆکێکی گەورەی دروستکردووەو حیزبوڵای دووچاری شپرزەیی کردووە."
ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر باشوری لوبنان و پێگەکانی حیزبوڵا چڕکردووەتەوە، ترس و دڵەڕاوکێ بەرۆکی دانیشتوانی بەیروتی پایتەختی لوبنانی گرتووە، ئەمە جگە لەو دۆخە داراییە خراپەی تێیکەوتوون.
هادی حەمۆ، کە هاوڵاتییەکی دانیشتووی بەیروتی پایتەختی لوبنانە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دۆخی بەیروت تا ڕادەیەک ئارامە، بەڵام خەڵک زۆر دەترسێت و دۆخی دارایی خەڵک ئێجگار خراپە."
ئەو وتیشی،"هیچ چەکدارێکی حیزبوڵا لەناو بەیروتی پایتەختدا نابینرێت."
چڕکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵا درێژکراوەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسە، کە لە مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوەو لە دوای هێرشە خوێناوییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکردووە.
پرۆفیسۆر دکتۆر سەعید عەلی، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ لە بەغدا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئیسرائیل دەیەوێت ئەو شکۆیە بگێڕێتەوە کە دوای تۆفانی ئەقسا لە دەستیدا. ئیسرائیل ستراتیژییەتی دوور مەودای هەیەو دەیەوێت ئەو دۆسیانە یەکلایی بکاتەوە کە بەربەستن لەبەردەم جێبەجێکردنی نەخشەکانی."
هەروەها وتیشی،"گۆڕانکاری نوێ و گەورە لە هاوکێشەی هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامانجی ئیسرائیلە، دوور نییە پەل بکێشێت بۆ پەلاماردانی ئێران و عێراق و بە ئامانج کردنی عەلی خامنەیی و پرۆژەی ئەتۆمی ئێران."
میلیشیا شیعەکانی عێراق کە نزیکن لە ئێرانەوە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەکەن، لەکاتێکدا بە ڕای چاودێرانی سیاسی ئەگەری هێرشکردنە سەر ئەو گروپانە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ئارادایە.
هەرچەندە تا ئێستا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵا کاریگەری ڕاستەوخۆی سەربازی لەسەر عێراق نەبووە، بەڵام بووە هۆی داڕمانی بەهای تمەنی ئێرانی لە بازاڕەکانی عێراق لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی.
سەرچاوەیەکی نزیک لە هێزە شیعەکانی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پەیام گەیەنراوەتە هێزە شیعەکانی نزیک لە ئێران بەوەی ئەگەری هێرشکردنە سەریان لە ئارادایە، بەتایبەت ئەو هێزانە تۆمەتبارکراون بە ناردنی چەکدارو چەک و تەقەمەنی بۆ حیزبوڵا."
سەرچاوەکە وتیشی،"دەنگۆیەک هەیە گوایە لە هێرشەکەی ئیسرائیل دا بۆ سەر بارەگای حیزبوڵۆا چەند بەرپرسێکی گروپە چەکدارەکانی عێراقیش کوژرابن."
سەبارەت بە کاریگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵا لەسەر عێراق، دکتۆر سەردار عەزیز دەڵێت،"لاوازبوونی حیزبوڵا کاریگەری دەبێت و بەرەی موقاوەمە لە لوبنانەوە تا عێراق لاواز دەکات، ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی تری موقاوەمە هەیە."
هەروەها وتیشی،"ئیسرائیل دەیەوێت رەدعی بۆ بگەڕێتەوەو ئەو ترسە دروست بکاتەوە کە هیچ هێزێک نەتوانێت هێرشی بکات سەر، بۆیە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هێزەکانی بەرەی موقاوەمە لاواز دەکات."