Accessibility links

ئەگەری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی


حەیدەر قوربانی
حەیدەر قوربانی

پارێزەر و کەسوکاری حەیدەر قوربانی، زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی سنە دەڵێن پێدەچێت لە ڕۆژانی داهاتوودا سزای لەسێدارەدانی ناوبراو جێبەجێ بکرێت.

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا و دوای ڕەتکردنەوەی داواکاری جێبەجێکردنی مادەی 477 ی یاسای ڕێکاری تاوانەکان سەبارەت بە کەیسی حەیدەر قوربانی لەلایەن سەرۆکی دادوەری پارێزگای کوردستانەوە، نیگەرانییەکان سەبارەت بە لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی زیادیکردووە. ساڵح نیکبەخت پارێزەری ناوبراو ڕایگەیاندوە کە لە ئێستادا بڕیارەکە کۆتایی هاتووە و زۆر نزیک بووەتەوە لە جێبەجێکردنی.

بەشی کوردی دەنگی دەنگی ئەمەریکا بۆ دوایین زانیارییەکان لەبارەی ئەم کەیسەوە پەیوەندی کرد بە بەڕیز نیکبەختەوە. بەڕێز نیکبەخت ڕایگەیاند کە سزاکە نێرداوەتە بەشی جێبەجێکردن و دوایین زانیارییەکانیش ئەوەیە کە دادوەرانی کامیاران و سنە تەنیا ئەوەیان قبوڵکردووە کە سزاکە دەستبەجێ بەڕێوەنەچێت و گوتیشی لە ئێستادا نزیکەی دوو هەزار خەڵکی شارەکانی کامیاران و سنە و کرماشان نامەیەکیان واژووکردوە کە تیایدا داوایان لە ڕێبەری باڵای ئێران کردووە سزای قوربانی ڕابگرێت.

ساڵح نیکبەخت
ساڵح نیکبەخت

هەواڵی مەترسی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی لە کاتێکدایە کە ساڵح نیکبەخت، پارێزەری ناوبراو لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو لە لێدوانێکدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دوای داواکاری کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی کە نامەیەکیان ئاڕاستەی سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران کردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ناوبرا، گەشبین بوو بە داواکاری بۆ پێداچوونەوە و هیوای خواست کە ئەنجامێکی باشی هەبێت.

ساڵی پار کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی و نوێنەر لە ناوچە جیاجیاکانەوە لە نامەیەکدا کە لەلایەن پارێزەر نیکبەختەوە پشتڕاستکرایەوە، داوایان لە سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران کردبوو سزای"بەغی" کە بەسەر قوربانیدا سپێندراوە، ڕاست نییە و داوایان کردبوو کە سزای لەسێدارەدانی قوربانی هەڵبوەشێندرێتەوە و هەروەها مامۆستاکان لە نامەکەدا باسیان لەوە کردبوو کە بنەماڵەی حەیدەر قوربانی لە نزیکەوە دەناسن و دڵنیان لەوەی کە ناوبرا هیچ کات ئەندامی هیچ حیزب و لایەنێک نەبووە و چەکی دژی حکوومەت هەڵنەگرتووە و بەم پێیەش نابێت سزای "بەغی" بەسەریدا بسەپێنرێت.

بە پێی یاسای سزادانی ئیسلامی ئێران، هەر جۆرە چالاکییەکی چەکداری دژ بە حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی 'بەغی' وەک تاوان پێناسەی بۆ دەکرێت کە بە پێی ماددەی 287 و 288 سزاکەی لەسێدارەدان دەبێت.

هەروەها پێشتریش پارێزەر، بەڕێز نیکبەخت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو کە حەیدەر قوربانی لە میانەی هەموو دانیشتن و دادگاییکردنەکەیدا لەگەڵ دادوەرانی لێکۆڵینەوە و هەروەها لە ئێدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستاندا، هەموو جۆرێک هاوکاری حیزبی لەگەڵ هەموو لایەنێکی کوردیدا ڕەتکردۆتەوە. بەڕێز نیکبەخت هەروەها گوتبووی کە بە پێی بڕیاری لقی یەکی دادگای تاوانی شاری سنەش، ئەم زیندانییە سیاسییە نە چەکدار بووە و نە دەستی بۆ چەک بردووە، بۆیە بەم پێیەش ناتوانین بڵێن ئەو کەسێکی یاخی و سەرکەشە و سزای لەسیدارەدانی بۆ دەرچێت.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڕەتکردنەوەی داواکاری بۆ پێداچوونەوەی سزاکەی قوربانی، چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران، بە تایبەت کوردەکان لە تویتەر لە ژێر هەشتاگی نا_بۆ_لەسێدارەدانی_حەیدەر_قوربانی دەستیان دایە چالاکییەک و داوایڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانیان کرد.

هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ڕایگەیاند کە حەیدەر قوربانی، زیندانی کورد لە ئێران ڕووبەڕووی مەترسی لەسێدارەدانە. ئەو ڕێکخراوە دەڵێت ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانی لێوەرگیراوە و دواتر بە پێی ئەو دانپێدانانانە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاندووە.

ئەو ڕێکخراوە هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە کە هەر پیلانێک بۆ لەسێدارەدانی ناوبراو بوەستێنێت.

حەیدەر قوربانی لە مانگی دەی ساڵی 2016 لە کامیارانی کوردستانی ئێران دەستگیر کرا و تاوانبارکرا بە هێرشێکی چەکداری کە مانگێک پێش ئەوە لەوێ ڕوویدابوو و تیایدا 3 کەسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران کوژرابوون.

لە ساڵەکانی دووایدا چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاند دەسەڵاتدارانی ئێران سزای مەرگیان بەسەر قوربانیدا سەپاندووە بە تاوانەکانی هاوکاریکردنی هێرشێکی چەکداری کە کەسانی سەر بە سوپای پاسدارانی تێدا کوژرابوون و هەروەها بە تاوانی ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. لەو ماوەیەدا تۆڕی میدیایی دەوڵەتی ئێران بەرنامەیەکی لە ساڵی 2017 دا بڵاوکردووە بە ناونیشانی شوفێری مەرگ کە تیایدا قوربانی وادیارە دان بەوەدا دەنێت کە ڕێنیشاندەری ئەو ئەندامانەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی کردووە کە دەستیان هەبووە لە کوشتنەکەدا.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 2020دا بە لەسێدارەدانی 246 کەس لە دوای وڵاتی چین لە جیهاندا پلەی دووەمی هەیە لەسێدارەدانی زیندانیاندا.

ئەو ڕێکخراوە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمە کەمترین ژمارەی تۆمارکراوی لەسێدارەدراوەکانە لە ئێران و پێدەچێت ژمارەی لەسێدارەدانەکانی ئەو وڵاتە زیاتر لەو ژمارانە بن.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو تۆمەتانەدا ناکات کە دەدرێنە پاڵ زیندانی سیاسی و زۆر کەسی بێتاوان دادگایی دەکرێن و تەنانەت ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبنەوە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش چەندین جار و لە چەند حاڵەتێکی جۆراوجۆردا پێشێلکارییە مرۆییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئیدانەکردووە.

XS
SM
MD
LG