Accessibility links

ئیسڕائیل ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر غەززە


سوپای ئیسڕائیل بە درێژایی سنووری نێوان غەزە و ئیسڕائیل هێزەکانی کۆکردووەتەوە و ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بۆ سەر غەززە، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو گروپی چەکداریی حەماسی فەڵەستینییەکان هێرشێکی کتوپڕ و کوشندەی کردە سەر باشووری ئیسڕائیل.

پێش ئەنجامدانی ئەو هێرشە زەمینییە پێشبینیکراوە، ئیسڕائیل لە ماوەی ڕابردوودا داوای لە هاووڵاتیانی فەڵەستینی بەشی باکووری غەززە کرد ناوچەکە چۆڵ بکەن و بەرەو باشوور هەڵبێن، ئەوەش لە پێناو ئەوەی لە هێرشەکەیاندا دژی چەکدارانی حەماس هاووڵاتییانی سڤیل نەبنە ئامانج. ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانیش بەرەو باشووری غەززە هەڵاتن.

لەلایەکی دیکەوە حەماس داوای لە هاووڵاتیان کرد لە شوێنەکانی خۆیان بمێننەوە و بڕوا بە ئیسڕائیل نەکەن و لە ماوەی ڕابردووشدا وتی ئیسڕائیل بۆردومانی ئەو خەڵکانەی کردووە کە هەڵاتوون و بەو دوو ڕێگایەدا ڕۆیشتوون کە ئیسڕائیل وتوویەتی بە کراوەیی هێشتوونییەتییەوە تاوەکو هاووڵاتیانی سڤیل بتوانن هەڵبێن.

وتەبێژی هێزی بەرگری ئیسڕائیل کۆلۆنێڵ جۆناتەن کۆنریکوس وتی دەبێت هەمووان ئاگادار بن لە " ڕاستی و دروستی " ئەو زانیارییانەی کە لە غەزەوە دێن.
کۆنریکۆس لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گرتە ڤیدیۆیەکی پیشاندا کە تێیدا تەقینەوەیەک ئەو ئوتومبێلانە دەکاتە ئامانج کە بەرەو باشووری غەزە گەشت دەکەن. کۆنریکۆس وتی ئیسڕائیل هێرشی نەکردووەتە سەر ئەو ناوچەیە، لە کاتێکدا کە بەرپرسانی هێزی بەرگری ئیسڕائیل چەندین جار داوایان لە هاووڵاتیانی سڤیل کردووە بەردەوام بن لە چۆڵکردنی ناوچەکانی باکووری غەزە.

وتی " دەمانەوێت خەڵکەکە بچن بۆ باشوور." ڤیدیۆیەکی دیکەی پیشاندا و ئاماژەی بەوەدا حەماس بەربەستی لەسەر ڕێگاکان داناوە تاوەکو ڕێگری بکات لە هەڵاتنی هاووڵاتیانی غەزە بەرەو باشوور. دەنگی ئەمەریکا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو ڤیدیۆیانە پشتڕاست بکاتەوە کە لە کۆنریکۆس لە کۆنفرانسەکەدا پیشانیدان.

وتیشی حەماس داوای لە خەڵکەکە کردووە لە ماڵەکانیان بمیننەوە و چۆڵی نەکەن، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل بە مەبەستی پارێزراویی هاووڵاتییانی غەزە داوای لێکردن شوێنەکانییان چۆڵ بکەن، پێش دەستپێکردنی قۆناغی دواتری " ئۆپەراسیۆنەکان " دژی حەماس لە باکووری غەزە.

دوایین وادە بۆ هاووڵاتییانی سڤیل تاوەکو ناوچەکە چۆڵ بکەن تەواو بووە، ئیسڕائیل هێزێکی گەورەی لەسەر سنوورەکە کۆکردووەتەوە تاوەکو هێرش بکاتە سەر غەزەی ژێر دەسەڵاتی حەماس.

ئیسڕائیل بەڵێنیداوە حەماس لە ناوببات، ئەوەش وەکو تۆڵەیەک بۆ هێرشەکەی حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا کە بووە هۆی کوژرانی 1300 هاووڵاتی مەدەنی لە ئیسڕائیل و دەیان کەسی دیکەشیان بە بارمتە گرت.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینییەکانیش دەڵێت تاوەکو ئێستا بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر غەزە 1900 فەڵەستینی کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە کۆشکی سپی وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان مەحمود عەباسدا قسەی کرد و تاوتوێی پێویستییە بەپەلەکانی کردوەە بۆ یارمەتیی مرۆیی لە غەزە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش ڕایگەیاند وڵاتەکە کەشتی فڕۆکە هەڵگری ڕەوانەکردووە بۆ " ڕێگریکردن لە دوژمنکارییەکان دژی ئیسڕائیل."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG